کاڤ: مرۆڤ بە ڕۆحی ١٤ی تەموز دژ بە فاشیزم ئەنجام بەدەستدەهێنێت

 محەمەد خەیری دوورمووش، کەمال پیر، عاکیف یلماز و عەلی چیچەک لە زیندانی ئامەد لە دژی ئەشکەنجە، بە مانگرتنی ١٤ی تەموزی ١٩٨٢ مۆری خۆیان لە مێژوو دا. نووسەر و هاوڕێی مانگرتووی ئەو تێکۆشەرانە فوئاد کاڤ وتی "ئەوان بە چالاکییەکەی خۆیان مێژوویان گۆڕی".

بەرخۆدانی مانگرتن تا مردن بە پێشەنگایەتیی محەمەد خەیری دوورمووش، کەمال پیر، عاکیف یلماز و عەلی چیچەک لە ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٨٢ دا لە زیندانی ئامەد دەستیپێکرد. ئەگەرچی ٣٧ ساڵ بەسەر ئەو چالاکییەدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستاش نمونەی چالاکی بەرخۆدان و قارەمانێتی گەلی کورد نیشان دەدات. ئەوان بە چالاکی خۆیان، تەنها کۆتاییان بە ئەشکەنجە و فشارەکانی ناو زیندانی ئامەد نەهێنا، بەڵکو چرای تێکۆشانی ئازادی نەتەوەییشیان هەڵکرد. چالاکی ئەوان ڕێگەی بە هەزاران گەنج نیشاندا و کۆمەڵگایەکیان لەسەر پێی خۆیان هەستاندەوە. مەترسییەک کە ئەوان ئەوکات هەڵیان کرد، ڕووناکی دەدات.

یەک لە شاهێدەکانی ئەو کاتە نووسەر فوئاد کاڤ-ە کە ماوەی ٨ ساڵ لە زیندانی ئامەد و بە گشتیی ماوەی ٢٠ ساڵ لە زیندانەکانی تورکیادا ماوەتەوە. ئەو یەکێکە لە بەرخۆدێرەکانی چالاکیی مانگرتن تا مردن کە لەگەڵ هەریەک لە محەمەد خیری دوورمووش، کەمال پیر، عاکیف یلماز و عەلی چیچەک لە ١٤ی تەموزی ١٩٨٢دا بۆ ماوەی ٦٤ ڕۆژ لەناو چالاکیی گەورەی مانگرتن تاوەکو مردن مایەوە. ئەو وتی "خەیری دوورمووش، کەمال پیر، عاکیف یلماز و عەلی چیچەک، بۆ ئەوەی بە سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردن بڵێن 'ڕاوەستە' بڕیاریان لەسەر چالاکیی ڕۆژی مەزنی مانگرتن تا مردن دا".

فوئاد کاڤ، بەبۆنەی ٣٧هەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژی مەزنی مانگرتن تا مردن لە ١٤ی تەموزدا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

کاتێک شۆڕشی کوردان بوو بە شەپۆل کودەتای ١٢ی ئەیلول ئەنجام درا

فوئاد کاڤ، لەسەر بارودۆخی پێش کودەتای سەربازیی فاشیستی لە ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠دا، قەیرانی ئابووریی ساڵی ١٩٧٠ی جیهانی بەبیرهێنایەوە و دەستنیشانی کرد، لە وڵاتێکی وەک تورکیا بووە مۆتەکە و قەیرانی ئابووریی گۆڕا بۆ قەیرانی سیاسی، ئیدی دەسەڵاتێک نەما بتوانێت وەک پێشوو، وڵات بەڕێوەببات. کاڤ وتیشی "لەبەرئەو هۆکارە، ڕێکخستنی جیاوازی سیاسیی هاتنە ئاراوە، پارت و گروپی چەکدار کە شەپۆلی شۆڕشیان گەش دەکرد سەریان هەڵدا، بەڵام تەڤگەری هەرە گرنگ کە بۆ کۆماری تورکیا دەبوو بە مەترسی تەڤگەری پەکەکە بوو. رامانی کوردستان تەنها لە رووی تیۆرییەوە نەدەهاتە سەر زمان، بەڵکو فکرەکە دەبوو بە ڕێکخستن و ڕێکخستنەکەش دەبوو بە ڕێکخەری چالاکی. پەکەکە بوو بە دەربڕین و وەڵامدەرەوە بۆ ئەو قۆناغە. کاتێک شۆڕشی دیموکراتیکی کوردستان و تورکیا، وەک شەپۆڵ گەشەی دەکرد، ئیدی نەدەتوانرا ڕابگیرێت. ئینجا کودەتای سەربازیی ١٢ی ئەیلول لە ساڵی ١٩٨٠دا ئەنجام درا".

فاشیزمی ١٢ی ئەیلول بە رقێکی زۆرەوە ڕووبەڕووی پەکەکە بوویەوە

دەربارەی ئامانجی کودەتای سەربازیی فاشیستەکان لە ١٢ی ئەیلول، فوئاد کاڤ کارەکتەری پەکەکەی بەبیرهێنایەوە و وتی "پەکەکە نەک وەک تەڤگەرێکی ئاسایی، بەڵکو وەک تەڤگەرێکی شۆڕشگێڕی و ژیانی نوێ هاتە ئاراوە. بە ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و پرۆژەکانییەوە، زۆر جیاواز بوو لە تەڤگەرەکانی تر. بەم واتایە، ئامانج، ئاڕاستەکردن و کۆنسێپتی، کە بیری لێکردبوویەوە، زۆر جیاواز بوو، بەڵام ئەوەی لەهەمووی گرنگتر بوو، ئەوەبوو، کە پەکەکە بوو بوو بە زمان. کەرامەت و هیوای ژیانەوەی گەلی کورد کە کوژرابوون و لەگۆڕ نرابوون، خۆڵ و بەردیان بەسەردا کرابوو، بەگوێرەی کۆماری تورکیا گەلی کورد کوژرابوون و شاردرابوونەوە، بەڵام پەکەکە پێی وابوو ئەو کوردەی کە کوژراوە دەبێت زیندوو بکرێتەوە و دیسان بگەڕێنرێتەوە بۆ ژیان و پەکەکە ژیانەوەی کوردان بوو. ئەوەی کۆماری تورکیا نەیدەتوانی ڕایببگرێت ئەمە بوو. پێش پەکەکەش هەوڵی تر هەبوو، بەڵام پەشیمان بووبوونەوە لەو هەوڵانە. بۆیە هەتا ماوەیەکی درێژ کەس نەیدەوێرا شتێکی وەها بکات. پەکەکە بۆ ئەوەی ئەو بوێری و ئازایەتییەى لە خۆی نیشانی دابوو،  فاشیزمانی ١٢ی ئەیلولی بە رقێکی زۆر و گەورەوە ڕووبەڕووی بوویەوە".

  نووسەر و یەکێک لە بەرخۆدێرەکانی ١٤ی تەموز فوئاد کاڤ وتیشی "زیندانى ژمارە ٥ لەسەر بنەماى رق و رێنماییەکانى ئەو فاشیزمە دروستکرا. یانی کەمالیزم لە دژی ئەوانەی بوێربوون و بە کۆماری تورکیایان وت 'ڕاوەستە' و سەریان لە بەرامبەر عەقڵیەت و ئەنجوومەنى سەربازی بەرزکردەوە، ویستى سنوورێکیان بۆ دابنێت "بۆ ئەوەى سنووری خۆیان بزانن" و لەو چوارچێوەیەشدا زیندانى گەورەى دروستکرد و پەنای بردە بەر زیندان".

لە بەردەوامی قسەکانیدا فوئاد کاڤ وتیشی "لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سیاسەتە سەرنەکەوت. بۆئەوەی سەربکەوتنایە، دەبوایە بیانتوانیبا ئێمەی زیندانیی ناچار بە ڕادەستبوون بە خواستی خۆیان بکەن. دەبوایە بیانتوانیایە سەر بە ئێمە نەوی بکەن. دەبوایە لە دادگاکاندا ئێمەیان پەشیمان بکردایەتەوە دەبوایە ڕازیان بکردینایە کە بڵێین 'تۆبە، جارێکی تر شتی وا دووبارە ناکەینەوە'. بەڵام سەرنەکەوتن. خۆی لە خۆیدا، بەهۆی ئەوەی کە سەرنەکەوتن، بوون بە دڕندە. بە ستەمکاری دەجوڵانەوە و بۆئەوەی خۆیان نیشان بدەن کە چەندە ستەمکارن، ئیمپراتۆریەتی ترسیان دروست کرد. ئامانجیش لەو ئیمپراتۆریەتیە ئەوەبوو کە ئێمە هەموومان تێکبشکێنن و بە ترس کارێکی وەها بکەن کە ئێمە خۆمانیان ڕادەست بکەین".

فوئاد کاڤ جەختی لەوەش کردەوە، تەنها بە تێکشکاندنی ترس، سەرکەوتن بەدەست دەهات. لەنێوان ترس و ڕادەستبوون، ئەڵقەیەکی سەرەتایی، کێشە بوو. فوئاد کاڤ سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕۆڵی ئەسەد ئۆکتای یلدیران و وتی "لە پساندنی ئەو زنجیرەدا، ئەسەد جەللاد بوو کە بە ئەرکێکی گرنگ هەڵدەستا. ئامانجی ئەوەبوو شکۆ و کەرامەتی زیندانیان بشکێنێت و ناچار بە ڕادەستبوونیان بکات. ئەو جەللادە دروستکەری ئیمپراتۆریەتی ترس بوو، بە ڕاستیش نێچیرڤانی مرۆڤەکان بوو”.

فوئاد کاڤ بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتیشی "ئەسەد ئۆکتای یلدیران، زیندانی ژمارە ٥ و ڕاستی کودەتای ١٢ی ئەیلول، بە گشتی لە دژی بەها مرۆڤایەتییەکان و بە تایبەتی لە دژی جەوهەری گەلی کورد، تەڤگەرێکی سڕێنەوە و نکۆڵیکەر بوو. دەبێت ئەمە بە ڕەنگێکی زۆر کراوە و ڕوون و ئاشکرا بگوترێت".

ئامانجیان سڕینەوە و نکۆڵیکردنی کوردان بوو

نووسەر فوئاد کاڤ، دەربارەی ئامانجی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز وتی "ڕۆژی مانگرتن تا مردن لە ١٤ی تەموز، بۆئەوەی بەو شتانەی کە دەکران بگوترێت 'ڕاوەستە'، هاتە ئاراوە. مرۆڤ دەتوانێت بەوە بڵێت، تێکشاکاندنی دڕندایەتی، شکۆ و کەرامەتێک کە بە کرداری دڕندانە دەڵێت 'ئیدی بەسە'. هەروەها دەبێت وەک چالاکییەکی نەتەوەییش لێی بڕوانرێت. لەبەرئەوەی فاشیزمی ١٢ی ئەیلول تەنها زیندانیانی نەکردبوویە ئامانج، بەڵکو لە کەسایەتیی زیندانیاندا، نەتەوەی کوردیشی کردبوو بە ئامانج. گەل و نەتەوەی کوردیان کردبوو بە ئامانج و کودەتایان ئەنجام دا. ئامانجی کودەتای سەربازی ئەوەبوو لە کەسایەتیی زیندانیاندا کوردان جارێکی تر بێدەنگ بکەن و لەناویان بەرن. ئەوە ئامانجەکەیان بوو".

فوئاد کاڤ جەختی لەوە کردەوە، هۆکاری چالاکیی مانگرتن تا مردن لە ١٤ی تەموزدا، چالاکیی نەتەوەیی ئەوە بوو ، وتیشی "کاتێک هەڤاڵان محەمەد خەیری دوورمووش، کەمال پیر، عەلی چیچەک و عاکیف یلماز، دەستیان بە چالاکی مانگرتن تا مردن کرد، بۆ ئەوەیان نەکرد خۆیان لەناو بەرن، بۆ ئەوەیان نەکرد کە بە ئەشکەنجەی سەر خۆیان بڵێن 'ئیدی بەسە'، بۆئەوەیان نەکرد کە لە سزای سەریان ڕزگاریان بێت. بەڵکو بۆ ئەوە، ئەو چالاکییەیان ئەنجامدا کە بە سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردنی سەر کوردان بڵێن 'ڕاوەستە'، بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد ڕزگاری ببێت بڕیاری چالاکیی مانگرتن تا مردنیان دا. لە دادگاش ئاشکرا وتیان 'ئێمە بۆ خۆمان هیچ شتێکمان ناوێت. هیچ داوایەکی ئێمە بۆ خۆمان نییە. ئێمە هەرچیەک دەکەین بۆ ڕزگاریی کورد دەیکەین. ئامانجی چالاکی مانگرتن هەتا مردنی ئێمەش ئەوەیە، کە لە دژی کردەوەکانی دوژمنان کە دژ بە مرۆڤایەتیی لە کەسایەتی ئێمەدا، لەسەر گەلی کورد و تەڤگەرەکەمان ئەنجامی دەدەن، بڵێین 'ڕاوەستە'”.

پاراستنی سیاسیی تێکۆشانی زیندوو بوو

فوئاد کاڤ سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەڵوێستی محەمەد خەیری دوورمووش کە لەسەر پاراستن هەڵوەستەی کردبوو، وتیشی "هۆکاری ئەوە ئەمە بوو: بە پاراستنی سیاسیی دەیویست مێژووی گەلی کورد بە بەڵگەی فەرمی بنووسرێتەوە. دەیویست لە دەزگاکانی دەوڵەت یان لە دادگادا بنووسرێتەوە. دەیویست ئەوە بێنێتە زمان کە لە دژی ڕەتکردنەوەی فەرمییە و دەیەوێت زیندووێتیی ئێمە بێنێتەوە ئاراوە. ئەوان بە پێداگیرییەوە دەیانوت 'نییە، نەتەوەی کوردیش بوونی نییە'، تەڤگەری ئازادی کوردانیشیان بە تیرۆریست لەقەڵەم دەدا. محەمەد خەیری دوورمووشیش بۆئەوەی بڵێت 'نا کورد هەیە، کورد بە وێنەی چەمێک بە بەهێزی مێژوو هەتا ئێستا هاتووە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە'، بە پێداگیرییەوە باسی پاراستنی سیاسی دەکرد. پاراستنی سیاسی بۆ خۆی هەڵوێستێک بوو. پاراستنی سیاسیی لە هەلومەرجی ئەوکاتەدا خستنەڕووی هەڵوێستێک بوو لە دادگا، هەڵوێستێک کە تاوان بوو، لە دژی دەستەی دادگا، کە نوێنەرایەتیى ڕژێمی ١٢ی ئەیلولی دەکرد و وەک جەللاد بوون. پاراستنی سیاسیی سەرهەڵدانێک بوو. بە کورتی لە دژی نکۆڵیکردن و سڕینەوە، تێکۆشان، زیندووڕاگرتن بوو".

فوئاد کاڤ لەسەر شەهیدانی ١٤ی تەموز و محەمەد خەیری دوورمووش وتی "ئەو ڕێبەری گەل و شۆڕش بوو، کە هەموو باری گەلی کورد و نەتەوەی کوردی خستبوویە سەر شانی خۆی و تەنانەت بەرپرسیارێتیی تەڤگەری ئازادیشی خستە ئەستۆی خۆی. لەگەڵ ئەو قورسیەشدا یەک سات پەشیمان نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەیوت 'من هەندێکی تر بار هەڵبگرم و بە بەرپرسیارێتیی هەستم. ئێمە بە بەرپرسیارێتیی گەل هەڵدەستین و هەتاوەکو ئێمە بەرامبەر بە گەل ئەرکی خۆمان بەجێ بهێنین'.

دەربارەی کەمال پیر، فوئاد کاڤ باسی لەوە کرد کە ڕۆح و دڵی ئەو، ڕامان و هەستی ئەو لەگەڵ شۆڕشدا بوو. بۆ ئازادی و مرۆڤایەتیی بوو. کاڤ وتیشی "هەرچۆنێک بێت ئەمە وەها بوو. ئەگەر کەمال پیر لە سەردەمەکانی پیشتردا بژیایە، وەک ڕزگاکاری مرۆڤایەتیی هەمیشە تێدەکۆشا. هەمیشە و بێ ڕاوەستان شەڕی دەکرد. چونکە لەسەر دڵی ئەو چەپەڵییەک نەبوو، دەیویست هەموو کەسیش وەها بێت".

کاڤ وتیشی "کەمال پیر لەهەمان کاتدا فەرماندارێکی گەورە بوو. چەمک و وشەی بوێریی بەس نییە بۆ بوێریی ئەو. ئەو فەرماندارێکی وەهای شۆڕشگێڕ بوو کە بوێری، جوامێری، قارەمانی، بە زانین و ڕامان، بە فەلسەفە و تیۆریی هەمیشە بەهێز دەکرد".

دەربارەی عەلی چیچک، فوئاد کاڤ وتی "گەنجێکی سەرکردەی سوور، کادیرێکی پێشکەوتوو و ئاپۆییەک بوو. سەربەرز، خاوەن ڕۆحێکی زیندوو، بە ڕامانی خۆی لەسەر پێ بوو، شۆڕشگێڕێکی وەها پڕ لە وزە بوو، کە جەستەی ئەوی دەبردە هەموو شوێنێک. هۆشمەندی ئەو لەسەر دوژمن بەهێز بوو. لە دوژمن تووڕەبوو، باوەڕی بەخۆی هەبوو. دڵسۆزی ئامانجەکان و خەونەکانى خۆی و بڕروامەند بوو".

دەربارەی عاکیف یلماز، فوئاد کاڤ وتی "پەکەکەییەکی ماقوڵ بوو. خاوەنی هەستێکی دەوڵەمەند بوو لەسەر دادوەریی. خاوەنی دنیایەک ڕامانی هاوبەش بوو. لە پەیوەندیی هاوڕێیتیدا، شۆڕشگێڕێکی وەها بوو، کە بە دەریا دەچوو. دڵگران بوو، بەڵام خاوەنی جیهانێک لە ڕامان بوو کە دەیتوانی بە هۆشمەندیی خۆی کۆنترۆڵی بکات. ڕۆحی ڕامان و ژیانی هاوبەش، سەروەری ئەو بوو. بێدەنگ و ئارام بوو. سەرەتا باش بیری دەکردەوە پاشان دەدوا. لەبەرئەوەش هەڵەی کەم دەکرد. شتێک کە ئەو دەیویت بە گشتیی و بە ڕاستی دەبوونە بڕیار. لەبەر ئەوە زیاتر گوێی لێدەگیرا و وتەکانی بە جددی وەردەگیران. هەمیشە ماقوڵانە ئاستی خۆی دەردەخست. خوێندکاری مەزڵوم دۆغان بوو، هەمیشە دەیویست ببێتە مەزڵومێک و وەک ئەو و کادیرێکی پێشکەوتوو بوو، کە دەیویست مەزڵوم ببێتە تۆو لە خاکی کوردستاندا. پێش ئەوەی بڕیاری ڕۆژی مانگرتن هەتا مردن بدەن، دەیویست ببێتە مەزڵوم. کاتێک کە بڕیاری ڕۆژی مانگرتن هەتا مردنی بیست، وتی 'تەواو نابێت، ئێمە بە هاوبەشیی دەبینە تۆو لە خاکی کوردستاندا'”.

دەبێت مرۆڤ وەک خەیری، کەمال، عەلی و عاکیف بێت

کاڤ سەرنجی ڕاکێشایە سەر بارودۆخی ئێستای تورکیا، کە کەمتر نییە لە فاشیستی ١٢ی ئەیلول و وتی "دەبێت مرۆڤ وەک خەیری، کەمال، عەلی و عاکیف بێت. ئەوان لە داڵانە تاریکەکانی دەریادا، بە بەرخۆدانی گەورە سەرکەوتن. نەیانوت دوژمن دڕندایەتیی دەکات و ئێمە ناتوانین شتێک بکەین. نەیانوت کودەتای سەربازیی هەیە، ئێمە دەکشێینەوە و پاشان سەردەکەوین. بە پێچەوانەوە، ئەوان وتیان ئێمە هەرچەندێک بتوانین بەرخۆدانی گەورە ئەنجام دەدەین. چەندە بە ڕێکخستن بین و بزانین شەڕ بکەین، ئەوان ئەوەندە ئێمە دەناسن و دەرفەتی تێکشکاندنی ئەوانیش ئەوەندە گەورە دەبێت".

کاڤ وتیشی "ئەوان چوار تا پێنج کەس بوون، بە نۆ تا دە کەسەوە دەرکەوتنە گۆڕەپان و وتیان 'وا ئێمە لێرەین، ئەگەر دەتوانن وەرن و ناچار بە ڕادەستیمان بکەن. ئایا تۆ دەتوانیت ئەی دوژمن؟'، ئینجا دەستیان بە چالاکیی گەورە و واتاداری مانگرتن هەتا مردن کرد و ئەنجامەکەشی بوو بە سەرفرازیی".

ئێمە دەتوانین ئەسەد ئۆکتای یلدرین بڕوخێنین

نووسەر فوئاد کاڤ وتیشی "لە دژی ئەردۆغان و باخچەلی، لە دژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە، دەبێت تێکۆشان وەها بێت. کاتێک کە کورد و دۆستانیان، گەلانی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا تێبکۆشن، هەرچۆنێک بێت سەرکەوتنێکی گەورە بە دەست دەهێنن. هیچ فاشیست، هیچ دیکتاتۆر و ئیمپراتۆرێک هەتا سەر نەماوە. هەرچۆنێک بێت، لەناو براوە. زوحاک، مۆسۆلۆنی، فرانکۆ، سەدام، ئەنوەر سادات، هیچیان فریای خۆیان نەکەوتن. یان ئەوەتا مێشکیان پژاندوون، یان ئەوەتا کەلەپچەی ئاسنینیان کردووەتە قاچیان، یان لە سێدارە دراون و خراونەتە ناو زبڵدانی مێژووەوە. بە ئەگەرێکی گەورە، چارەنووسی ئەردۆغان و باخچەلیش بە وێنەی چارەنووسی ئەو دیکتاتۆرانە دەبێت. یاسای گەلان و سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەکان بەو شێوەیە”.

فوئاد کاڤ وتیشی "باش بەبیرم دێت کە کەمال پیر وتی 'هیچ سوڵتان، ئیمپراتۆر و دیکتاتۆرێک مەشروعیەتی نییە و هەتا هەتایەش نامێنێت. یاساکانی گەل سەختن. دیکتاتۆرێک کە لەسەر دەسەڵاتدارێتیی زۆر بەهێز دەردەکەوێت، ڕۆژی دوای ئەوە دەتوانێت بڕوخێنرێت".

بە بیرم دێت کە خەیری دوورمووش دەیوت "لەم دڕندایەتیەی ئەسەد ئۆکتای یلدرین تەماشا مەکەن. ئێمە دەتوانین ئەو بڕوخێنین. ئەگەر چالاکی ڕۆژی مانگرتن هەتا مردن سەربکەوێت، ئەو ناتوانێت لەم ناوچەیە بمێنێتەوە".

فوئاد کاڤ وتیشی "بەڕاستیش ڕۆژێک پاش ئەنجامدانی چالاکیی مانگرتن هەتا مردنی بێ هاوتا، ئیمپراتۆریەتی ترس کە ئەسەد دروستی کردبوو، نەیدەتوانی ڕزگاری ببێت. بەو شێوەیە و بەناوی دامەزراندن و گواستنەوەوە ڕەوانەی شوێنی تر کرا. پاشان ئێمە هەموومان زانیمان کە ئەو کۆتایی پێهاتووە".

ر.م