کتێبێکی ئۆجالان لە پێشانگای کتێبی لایپزیگی ئەڵمانیادا نمایش دەکرێت

کتێبێکى عەبدوڵا ئۆجالان بە ناوی 'شارستانیەتى کاپیتالیست؛ سەردەمی خواوەندە دەمامکدارەکان و پاشا دەموچاو هەڵپێچراوەکان' وەرگێڕایە سەر زمانى ئەڵمانی و لە پێشانگاى کتێبى لایپزیگ دا دەخرێتە بەردەستى خوێنەران و پێیان دەناسرێت.

 

 

تێڕامانە قوڵەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە نێوان ساڵانى ٢٠٠٧-٢٠١٠ دا بە ناوی 'مانیفیستۆی شارستانیى دیموکراتیک' خرابوویە بەردەستى خوێنەران.

 بەرگی یەکەمی ئەو مانیفیستۆیە لە ساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن رایمار حەیدەرەوە وەرگێڕدرابووە سەر زمانى ئەڵمانى و کێتبەکەش لەو وڵاتانەدا خرایە بەردەستى خوێنەر کە ئەڵمانى زمانن.

بەرگی دووەمی کتێبى 'شارستانیەتى کاپیتالیست؛ سەردەمی خواوەندە دەمامکدارەکان و پاشا دەموچاو هەڵپێچراوەکان' (Die kapitalistische Zivilisation: Unmaskierte Götter und nackte Könige) لە نەورۆزی ئەمساڵ دا دەخرێتە بەردەستى خوێنەرانى ئەڵمانیا.

بەرگی دووەمیش لەلایەن رایمار حەیدەرەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانى ئەڵمانی. حەیدەر بەڕێوەبەرێکى 'دەستپێشخەریى نیشتمانییە بۆ ئازادیى ئۆجالان'.

کتێبەکە لەلایەن دەزگاى چاپ و پەخشی ئونراست-ەوە چاپکراوە.

ئۆجالان لە کتێبەکەیدا بۆچوونێکى زانستیى هاچەرخانە لەبارەی پێوەری سیستمى ئەخلاقی رۆشنبیری و کولتوری و ئایدۆلۆژیاى نوێ دەخاتەڕوو.

کتێبەکە ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە پێشانگای کتێبى لایپزیگ-ی نیشتمانی دا نمایش دەکرێت و دەخرێتە بەردەستى خوێنەران.

پێشانگای کتێبی لایپزیگ یەکێکە لە گرنگترین چالاکییەکانی بواری کتێب و پێشانگاکانى کتێب لە ئەڵمانیادا و ئەمڕۆ دەست بەکارەکانى دەکات. بە بەشداریى رایمار حەیدەر چەندین چالاکى بۆ ناساندنى کتێبەکە لە پێشانگاکەدا ئەنجام دەدرێت.

لە چالاکییەکانى پێشانگاکەدا کتێبەکەى ئۆجالان بە خوێنەران دەناسرێت و هەندێک لە بەشەکانى کتێبەکە بۆ خوێنەران و بەشداربوان و شەیدایانى کتێب دەخوێنرێتەوە.

نمایشکردنی کتێبەکە و کۆبوونەوە و چالاکییەکان بۆ کتێبەکە لە بەشی ' Halle 5, Stand E404' ئەنجام دەدرێت.

پێشانگای کتێبی لایپزیگ لە کاتژمێر ١١:٣٠ی پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ بە کاتى ئەڵمانیا دەکرێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت پێشوازییەکى زۆر لە پێشانگاکە بکرێت.

پێشانگاکە دەزگاکانى رۆشنبیری و چاپ و پەخشی ٤٦ وڵات تیایدا بەشداری دەکەن و تاوەکو رۆژی یەکشەممە ٢٣ی ئاداری ٢٠١٩ بەردەوامیى دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت نزیکەى ٣٠٠ هەزار کەس سەردانى پێشانگاکە بکەن.

ر.م