کورد لە ڤییەنا و مارسیلیا و لاهای ریپێوانیان بۆ پشتیوانیکردن لە پەکەکە ئەنجامدا

لە ڤییەنای پایتەختى نەمسا، لە شاری مارسیلیای فەرەنسا، لە شاری لاهای هۆڵندا و لە شاری فرایبورگی ئەڵمانیا گۆشەگیریى سەر ئۆجالان و قەدەغەکاریى سەر پەکەکە ئیدانە کرا.

ڤییەنا - نەمسا

لە شاری ڤییەنای پایتەختى نەمسا بە ئەنجامدانى رێپێوانێک قەدەغەی سەر پەکەکە لە وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپا ئیدانە کرا.

رێپێوانەکە بە پێشەنگایەتیى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە ڤییەنا رێکخرا و کوردستانیان لە چەندین شاری ئەو وڵاتەوە بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد.

کوردستانیان لەگەڵ دۆستەکانیان کۆبوونەوە و پۆستەرەکانى "قەدەغەى سەر پەکەکە هەڵوەشێننەوە"، "ئازادی بۆ ئۆجالان، پێگە بۆ کوردستان"، "شۆڕشی پەکەکە سەرەتایەکە و بەرخودان بەردەوامە" بەرزکردەوە. هەروەها وێنەکانى موراد قەرەیلان، دوران کاڵکان و جەمیل بایک-یان لەگەڵ پۆستەرەکاندا بەرزکردەوە.

لە دواى خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدان خالیس سەڤەر هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە نەمسا وتەیەکی پێشکەشکرد و لەبارەى مانگرتن لە خواردنى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) وتى، خاوەنداری لە چالاکییەکەى گیوڤەن دەکەن و بۆ پشتیوانیکردن لەو چالاکییە لە چەند رۆژى داهاتوودا دەست بە مانگرتن دەکەن.

سەڤەر وتیشی، قەدەغەکردنى سیمبولەکانى پەکەکە لە وڵاتانى ئەوروپا قبوڵ ناکرێت. ئەو قەدەغەکارییە تەنها سوودی بۆ دەوڵەتى تورک هەیە، بۆیە پێویستە بە خێرایى کۆتایى بەو قەدەغەکارییە بهێنرێت.

سەڤەر لەبارەى بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادی ئەوەشی وت "ئێمە بە بەرخودانمان ئەو هەوڵە، هەوڵی دووەم پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى پووچ دەکەینەوە".

جەماوەری گەل لە دواى پێشکەشکردنى وتەى چالاکوانان دەستیان بە رێپێوانەکەیان کرد و  لە بەردەم بیناکانى سەرۆکایەتیى کۆمار و سەرۆک وەزیرانی نەمسادا کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.

مارسیلیا – فەرەنسا

لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و قەدەغەکاریى سەر پەکەکە لە وڵاتانى ئەوروپا سەدان کەس کۆبوونەوە و بە ئەنجامدانى چالاکییەک گۆشەگیری و قەدەغەکارییان ئیدانە کرد. چالاکییەکە لە بەردەم ناوەندی رۆشنبیریى کوردستان لە مارسیلیا بەڕێوەچوو.

جەماوەری گەل پۆستەرەکانى ئۆجالان و وێنەکانى موراد قەرەیلان، دوران کاڵکان و جەمیل بایک کادێرانى پێشەنگى پەکەکەیان بەرزکردەوە و تاوەکو گۆڕەپانی کۆمیدیاى ئەو شارە رێپێوانیان ئەنجامدا.

گروپەکانى ئانتى فاشیست و دۆستانى کورد بەشداری چالاکییەکە بوون. لە چالاکییەکەدا ژمارەیەکى زۆر راگەیاندراو بە زمانى فەرەنسی بەسەر هاووڵاتییاندا بڵاوکرایەوە. لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانى "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "شەهید نامرێ" وترانەوە و دواتر کۆتایى بە چالاکییەکە هێنرا.

لە هوڵندا رێپێوان و مانگرتن لە خواردن رێکخرا

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری لاهای (دێنهاخ)ی هۆڵندا لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان و قەدەغەکاریى سەر پەکەکە لە وڵاتانى ئەوروپا  رێپێوانێکیان ئەنجامدا.

دواى رێپێوانێکە میتینگێک رێکخراو و هێلەک زەردەکانى هۆڵندا پشتیوانیان لە چالاکییەکە کرد.

لە شاری لاهای بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکیى مانگرتن لە خواردنى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە، مانگرتن لە خورادن لەلایەن چەندین چالاکوانەوە دەستیپێکرد. مانگرتن لە خورادنەکە لە ژێر دروشمی "ئێمە رێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین" بەڕێوەدەچێت.

لە فرایبورگی ئەڵمانیا پۆستەری "٤١هەمین ساڵی پەکەکە" هەڵواسرا

لە شاری فرایبورگی ئەڵمانیا دەستەیەک لە گەنجانی کورد پۆستەرێک، کە ئاڵاى پەکەکە و وێنەى ئۆجالان و نووسراوی "٤١هەمین ساڵی پەکەکە"ی لەسەر نووسرابوو لە پردێکى نزیک وێستگەى سەرەکیى ترەنی ئەو شارەدا هەڵیانواسی.

ر.م