کوردستانیان ئەمشەو لە ١٥ شاری وڵاتانى ئەوروپا بۆ لەیلا گیوڤەن رژانە سەر شەقامەکان

کوردستانیان لە ئەوروپا بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر چالاکیی مانگرتنەکەى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە، کە باری تەندروستیى خراپ بووە و مەترسی بۆ سەر ژیانى زۆر بووە، لە ١٥ شاری وڵاتانى ئەڵمانیا، فەرەنسا، یونان و سویسرا رژانە سەر شەقامەکان.

کوردستانیان لە دواى بانگەوازی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا - TJK-E) و کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا - KCDK-E) رژانە سەر شەقامەکان و بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن و مەترسییەکانى سەر ژیانى، کە ماوەى ٧٣ رۆژە بۆ شکاندنى گۆشەگیریى سەر ئۆجالان لە مانگرتندایە، چەندین چالاکییان ئەنجامدا.

ئەڵمانیا

کوردستانیان لە شارەکانى بەرلین، برێمن، هانۆڤەر، هێلبۆرن، هامبورگ، مانهایم و کاسلی ئەڵمانیا رژانە سەر شەقامەکان لەو شارانەدا و وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای پەکەکەیان بەرزکردەوە و بە وتنەوەى دروشمەکانى 'بژی بەرخودانى لەیلا"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "لەیلا شکۆ و کەرامەتمانە"، "مرۆڤایەتى راپەڕە و خاوەنداری لە شکۆی خۆت بکە" چالاکییەکانیان ئەنجامدا.

 

فاتۆش گۆک سونگور هاوسەرۆکى کەجەدە لە مانهایم وتەیەکى پێشکەش کرد و رایگەیاند "دۆخی تەندروستیى لەیلا گیوڤەن و هەڤاڵەکانى لە مەترسیدان. بەبێ ئەوەى درەنگ بێت، پێویستە هەموو وڵاتپارێزانمان لە وڵاتانى ئەوروپا و دۆستەکانمان چالاکییەکان بەرفراوان و بەهێز بکەن. پیویستە ئەوروپا بهەژێنن و راى گشتى درست بکەن و گۆشەگیری تێکبشکێنن".

لە چالاکییەکاندا راگەیاندراو بە ناو هاووڵاتییاندا بڵاوکرایەوە و داوایان لە هەموو کوردستانیان و وڵاتپارێزان و ئازادیخوازان کرد، بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن و سڵاویشیان لە لەیلا گیوڤەن و چالاکییەکەى کرد.

فەرەنسا

لە شارەکانى پاریس و مارسیلیای فەرەنسا کوردستانیان و دۆستەکانیان رژانە شەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشمەکانی "ئازادی بۆ ئۆجالان"، "ئێمە هەموومان لەیلا گیوڤەنین" چەندین چالاکییان ئەنجامدا.

 

دانیەل سیمۆنێت ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى گشتیى بەرەى چەپ لە فەرەنسا لە پاریس بەشداریى چالاکییەکەى کرد و رایگەیاند "قبوڵ ناکرێت، میدیاى فەرەنسی و حکومەتى فەرەنسا لەسەر ئەو بابەتە بێدەنگ بن. دەبێت رێکخراوە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر ئەو دۆخە قورس و دژوارەدا بە خێرایى دەستبەکار ببەن".

نوێنەرانى ٧ حیزبی فەرەنسا لەو چالاکییانەد داوایانکرد، پێویستە وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا لەبارەیەوە دەستبەکار ببێت.

یونان

 

لە شاری لاڤریۆی یونان کوردستانیان رێپێوانێکیان ئەنجامدا. سەدان کوردستانى بەشداری رێپێوانەکە بوون. لە رێپێوانەکەدا پۆستەرەکانى ئۆجالان، ئاڵاکانى پەکەکە، کەجەکە و هەپەگە بەرزکرانەوە. چەندین دروشم بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن و هەڤاڵە مانگرتووەکانى وترانەوە.

سویسرا

کوردستان و دۆستەکانیان لە شارەکانى زوریخ، بێرن، باسل، لۆزان و سۆلوزۆرنی سویسرا لەسەر بانگەوازەکەى کەجەدەکە ئەوروپا و تەژەکە ئەوروپا رژانە سەر شەقامەکان و گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان ئیدانە کرد و پشتیوانیان لە بەرخودانى مانگرتن لە خواردنى لەیلا گیوڤەن و هەڤاڵەکانى کرد. ئەنجوومەنى ژنانى بێریتان و رێکخراوی پردی برایەتیى زوریخ – ئامەد بەشداری چالاکییەکەى زوریخ بوون.

 

لە شاری بێرنیش کۆمۆنی ژنانی ئارین میرکان و ئەنجوومەنى ژنانى مزگین لە بەردەم بینای پەرلەمان چالاکیى "ژنانى راوەستاو"یان ئەنجامدا.

بزووتنەوەى گەنجانى شۆڕشگێڕ بەشداری چالاکییەکان بوون و لە چالاکییەکاندا راگەیاندرا، گیوڤەن لە سنووری مان و نەمادایە و داواى بەشداریکردن بۆ چالاکییەکەى ئەمڕۆی لەندەنیش کرا.

ر.م