کوردستانیانی ئەورووپا بۆ ئۆجالان و عەفرین به‌رده‌وامن له چالاكی
لە زۆرێک وه‌ڵاتی ئەورووپا بە هەزاران کوردستانی و دۆستانیان بۆ ئازادیی ئۆجالان و پشتیوانی کردن لە عەفرین خۆپیشاندانیان ساز كرد.
لە زۆرێک وه‌ڵاتی ئەورووپا بە هەزاران کوردستانی و دۆستانیان بۆ ئازادیی ئۆجالان و پشتیوانی کردن لە عەفرین خۆپیشاندانیان ساز كرد.
له شاره‌كانی یۆته‌بۆری، سکۆڤدە، ئۆسلۆ، لیلە هاممەر، تۆنسبێرگ، مارسیلیا و ئۆرلیانس دوێنێ هەزاران کوردستانی و دۆستانیان خۆپیشاندانیان سازكرد. چالاكییه‌كان بەمەبەستی پشتگیری‌کردن لە بەرخۆدانی سەردەم-ی عەفرین و داواكردنی ئازادیی ئۆجالان به‌رێوه‌چوون.
لە خۆپیشاندانه‌كاندا دروشمەکانی «عەفرین تەنیا نییە»، «دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین بڕۆ دەرەوە»، «بژی سەرۆک ئاپۆ»، «بژی بەرخۆدانی عەفرین» و «بژی یەپەگە و یەپەژە» گوترانەوە و ئاڵا و هێمای کوردان بەرزکرانەوە.
یۆته‌بۆری: خۆپیشاندانێك له مه‌یدانی گۆته‌پلاتسی شاری یۆته‌بۆری سوێد به‌ڕێوه‌چوو. بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ڕۆژئاوا له یۆته‌بۆری، یاكووب سالێندە وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ڕایگەیاند: یەپەگە و یەپەژه بە تێکشکاندنی داعش، هاریكارییه‌كی گەورەی ئاشتیی جیهان و مرۆڤایەتییان کرد. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد بێده‌نگیی سوێد، یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوەیەکگرتووەکان له به‌رانبه‌ر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، بەمانای بەشداربوونیانە لە هێرشەکەدا. ناوبراو وتیشی: ئێمە هەتا سەرکەوتن پشتگیری لە یەپەگە و یەپەژە دەکەین.
سکۆڤدە: كوردستانیان له ناوه‌ندی شاری سكۆڤده‌ی سوێد كۆبوونه‌وه. چالاکان وێنەی شەهید و بریندارانی عەفرین-یان بەرزکردەوە. له گردبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنەری پارتیی چەپی سوێد قسەی کرد و باسی لە لێدوانی سەرۆکی پارتەکەیان کرد کە داوای کردبوو پەڕلەمانی سوێد ئەو هێرشانە بخاتە ڕۆژەڤی خۆیەوە و هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر عەفرین.
له ٣ شاری نه‌رویج پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات ئیدانه كرا
ئۆسلۆ: ئاپۆڕای گەل لە به‌رده‌م وێستگەی شه‌مه‌نه‌فه‌ر كۆبووه‌وه، دواتر بەرەو به‌رده‌م وەزارەتی دەرەوەی نەرویج ڕێپێوانیان ساز كرد. لە خۆپیشاندانه‌كه‌دا پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات-ی دژ به ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ئیدانە کرا و خۆپیشانده‌ران داوای هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالانیان كرد. هەروەها ناڕه‌زایی تووندیان ده‌ربڕی له به‌رانبه‌ر هێرش و پەلامارەکانی سەر عەفرین و بێده‌نگیی جیهان.
لیلەهاممەر: بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ڕێپێوانێك ساز كرا. وێنەی شەهیدان و بریندارانی عەفرین بەرزکرانەوە، هاوكات پیلانگێڕیی نێوده‌وڵه‌تیی ١٥ی شوبات ئیدانه کرا و چالاکان داوای ئازادیی ئۆجالان-یان کرد.
تۆنسبێرگ: به به‌شداری نزیكه‌ی ٣٠٠ كه‌س گردبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو. پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات ئیدانه کرا و داوا لە هێزە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كرا لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا له عه‌فرین هه‌ڵوێستیان هه‌بێت.
لە شارەکانی مارسیلیا و ئۆرلیانس-ی فەرەنسا-ش خۆپیشاندان و چالاكی ساز كران. كوردستانیان و دۆستانیان داوای شکاندنی بێده‌نگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان كرد له به‌رانبه‌ر هێرشەکانی سەر عەفرین. هه‌روه‌ها پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات ئیدانه كرا و خۆپیشانده‌ران داوای ئازادیی ئۆجالانیان كرد.
ش. م