کوردەکانى رووسیا هێرشەکانى ئێران و تورکیا و سوریا و عێراقیان بۆ سەر کوردستان ئیدانەکرد

رێکخراوە کوردییەکانى کوردانى دانیشتووى رووسیا هێرشى هێزە دەسەڵاتدارەکانیان بۆ سەر کوردستان ئیدانە کرد.

رێکخراوەکانى کورد لە رووسیا راگەیاندراوێکیان لەبارەى هێرشەکانى ئەمدواییە لە دژى کورد بڵاوکردەوە و ئەو هێرشانەیان ئیدانەکرد.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: تورکیا، ئێران، سوریا و عێراقى داگیرکەرى کوردستان لەمدواییانەدا هێرشە پاکتاوکارانە و تاڵانکارانەکانیان لە دژى کورد زیاد کردووە.

راشیانگەیاندووە "لەم دواییانەدا دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر هێرشى کردە سەر شەڕڤانانی یەبەشە / یەژەشە لە شەنگال. دواى ئەوەش ئێران لە دژى حدک و حدکا هێرشى کردە سەر باشووری کوردستان و هاوکات رژێمى سوریا لە رۆژئاواى کوردستان سەلماندى کە دوژمنانى کوردستان راناوەستن و لە هەموو سات و چرکەیەدا کۆمەڵکوژی لە دژى کورد ئەنجام دەدەن".

ئاماژە بەوەشکراوە "هەر چۆن دوژمنەکانمان ل دژى کوردان بوونەتە یەک، پێویستە ئێمەى کوردیش ببینە یەک و بزووتنەوەى خۆمان بەهێز بکەین".

"چاوپۆشی لە هێرشەکان نەکەن"

لە بەشێکى ترى راگەیاندراوەکەدا داوا لە هەموو کوردانى سەرتاسەرى جیهان کراوە کە لە دژى هێرشەکان ناڕەزایەتى نیشان بدەن.

باسى ئەوەشیانکردووە، ئەوان وەک رێکخراوەکانى کورد لە رووسیا داوا لە دەوڵەتى رووسیا، هێزە نێونەتەوەییەکان و دامودەزگا و رێکخراوەکان دەکەن چاوپۆشی لەو هێرشانە نەکەن، کە لە دژی کورد ئەنجام دەدرێن. داواشیان لێکردوون هەڵوێستیى خۆیان لە دژى ئەو هێرشانە بخەنەڕوو.

ر.م