کووبیلای: ئەردۆغان بەنیازە هاوشیوەی عەفرین پاکتاوی ئەتنیکی بکات

گونای کووبیلای، وتەبێژی هەدەپە وتی: "ئەو قسانەی ئەردۆغان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردی، ئەگەر لێرە لەدژی ئەوکرابایە، دەبووە هۆی کردنەوەی دۆسیە." کوبیلای ئاماژەی بەوەش کرد، ئەردۆغان وەکو ئەوەی لە عەفرین کردی، دەیەوێت پاکتاوی ئەتنیکی بکات.

وتەبێژی هەدەپە، گونای کوبیلای لە ناوەندی گشتیی پارتەکەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەبرد و بابەتەکانی ڕۆژەڤی تاوتوێ کرد.

کوبیلای بەتایبەتی سەرنجی ڕاکێشایە سەر قسەکانی ئەردۆغان لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو قسانە لە تورکیا لەدژی ئەو کرابایە، بە دڵنیاییەوە دەبوەهۆی چەندین دۆسیە.

کوبیلای وتی: "بەتایبەتی لەم ساڵانەی کۆتاییدا، بەو قسانەی ئەردۆغان لە کۆبونەوە نێونەتەوەییەکان دەیکات، مرۆڤ کەسایەتییەکی جیاوازی سیاسیی، کارەکتەرێکی جیاوازی سیاسی دەبینێت".

کوبیلای وەبیری هێنایەوە، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەی یەکگرتووەکان، نەخشەی ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای نیشان دا کە زۆربەی دانیشتوانی کوردن و وتی: "ڕایگەیاند دەیەوێت ملیۆنان پەنابەری تورکیا لەو ناوچەیە نیشتەجێ بکات. وەکو دەزانرێت لەو ناوچانەی سوریا کە زۆربەی دانیشتوانەکانی کوردن، بەرەو تورکیا کۆچ نەکراوە. بەڵام ئێستا دەیەوێت پەنابەرانی ناوچەکانی دیکەی سوریا کە بۆ تورکیا کۆچیان کردووە، لەو ناوچەیە نیشتەجێ بکات کە ناوچەی کوردنشینە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی بە بەکارهێنانی پەنابەران دەیەوێت وەکو ئەوەی لە عەفرین کردی، لەو ناوچەکانی دیکەش پاکتاوی ئەتنیکی بکات، کورد لە وڵاتی خۆی دوور بخاتەوە و بەو شێوەیە دیمۆگرافی ناوچەکە بە تەواوی بگۆڕێت. بە پلانێکی لەو شێوەیە دەیەوێت هەم لە کوردانی سوریا و هەم لە پەنابەرانی سوریا ڕزگاری ببێت".

ک-ش