کۆبوونەوەى داگیرکەریى تورکیا و ئێران

لەمدواییانەدا و لە چوارچێوەى هێرش و پلانی داگیرکەریى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، بەرپرسانى ئێران و تورک ٢ جار کۆبوونەتەوە. کۆبوونەوەکانیشیان لەبارەى ئاسایشی سنوورەکان و بازرگانییەوە بووە.

هاوکات لەگەڵ هێرشی دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، بەرپرسانى تورک و ئێرانی چەندین جار لەگەڵ یەکتر کۆبوونەتەوە. لە دواى ئەو کۆبوونەوانە راگەیاندرا، بازرگانیى سەر سنوور لە خاڵە سنوورییەکانى ئێستادا قەدەغە دەکرێن جگە لە هەندێک کات کە ئەو دەوڵەتانە خاڵە سنوورییەکان دەکەنەوە لە کاتەکانى تردا کاری بازرگانى قەدەغە دەکرێت. بەو هۆیەشەوە ئیتر گەل ناتوانێت بازرگانى لەسەر سنوورەکان بکات و رێگری لە بازرگانیى گەل دەکرێت.

ئامانجی ئەو کۆبوونەوانەی دەوڵەتانى تورک و ئێران بۆ ئەوەیە خەڵکى ناوچەکە رووبەڕووی هەژاری و برسێتى بکەنەوە و لە رێگەیەوە هاووڵاتییان ناچار بکەن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.

لە هەفتەیەکدا ٢ کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە

لەم هەفتەیەکدا بەرپرسانى ئێران و تورک ٢ جار کۆبوونەتەوە. یەکەم کۆبوونەوە لە ٣ی تەمموزی ٢٠١٩ / ١٢ی پووشپەڕ لە شارۆچکەى ئەسەندەرە لە ناوچەى گەڤەری جۆلەمێرگ بەڕێوەچووە.

بەپێى زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەى ئاسایشی سنوور، بازرگانى لەسەر سنوور، کێشە پەیوەندیدارەکان و پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان گفتوگۆیان کردووە.

 کۆبوونەوەی شاندی تورک بە سەرۆکایەتیى ئیدریس ئاکبییک پارێزگاری جۆلەمێرگ و شاندی کۆماری ئیسلامیى ئێرانیش بە سەرۆکایەتیى سەرهەنگ عەلی عەلیپور بەرپرسی پاسەوانی سنووری ورمێ بەڕێوەچووە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد فوئاد تورکمان قائیمقامی شەمزینان، سەرهەنگ سوات ئارابایاپان جێگری فەرماندەی لیوای ٣٤ی پیادەی سنوور، سوڤات دیلبەر ئۆغڵو بەڕێوەبەرى ئاسایشی شارەکە، سەرهەنگ بورهان ئایدن جێگری فەرماندەى جەندرمەى شارەکە، حەسەن کۆیونجو فەرماندەى لیواى کۆماندۆی حەوتى سنوور، خەیرەدین یڵدرم بەرێوەبەریى گومرک و بازرگانیى رۆژهەڵاتى ئەنادۆڵ و جیهاد یڵدرم چاکار بەڕێوەبەری کۆچی شارەکە بەشداربوون.

کۆبوونەوەى دووەمی نێوان تورک و ئێران لە ژێر ناوی "کۆبوونەوى ئاسایش" رۆژی ١٠ی تەمموزی ٢٠١٩ / ١٩ی پووشپەڕ لە بیناى پارێزگاى جۆلەمێرگ بەرێوەچووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا گەورە ژەنەراڵ مەتین تۆکەل، رەمەزان کاندوزەر قائیمقامی گەڤەر، فوئاد تورکمان قائمقامی شەمزینان، ژەنەراڵ نوری ئۆزتورک، سولەیمان سوڤات دیلبەر ئۆغڵو بەرێوەبەریى ئاسایشی شارەکە، خەیرەدین یڵدرم بەڕێوەبەری گومرک و بازرگانیى رۆژهەڵاتى ئەنادۆڵ، جیهاد یڵدرم چاکار بەڕێوەبەری کۆچی شارەکە لەگەڵ شاندە ئێرانییەکە کۆبوونەتەوە.

بەپێى زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان، کۆبوونەوەکان لە دژی گەلی کورد بوون.  

"دەیانەوێت ناوچەکە لە مرۆڤ چۆڵ بکەن"

بە گوێرەى زانیاریى سەرچاوە هەرێمییەکان، لەمداوییانەدا لە نێوان ئەو دوو  دەوڵەتەدا بە ناوی "ئاسایش"ەوە رێوشوێنى توند لەسەر سنوورەکان دەگیرێنەبەر.

یەکێکى تر لە سەرچاوەکان رایگەیاند "خۆی لە خۆیدا شەڕێکى قورس لە ناوچەکە بەرێوەدەچێت. هەموو سنوورەکانى جۆلەمێرگیان قەدەغە کردوە. بەهۆی ئەو شەڕەوە هەموو کاروبارە بازرگانییەکان راوەستێنراون. ئامانجی ئەو دوو دەوڵەتە گەشەپێدان بە بازرگانیى لە ناوچەکەدا نییە، بەڵکو دەیانەوێت خەڵکی هەرێمەکەى هەژار و برسی بکەن و لەو رێگەیەیەوە گەل ناچار بکەن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن".

ر.م