کۆبوونەوەی گشتیی هەدەپە لە شاری وان کۆتایی هات

کۆبوونەوەی گشتیی هەدەپە لە شاری وان، بەمەبەستی دیاریکردنی نەخشەڕێگای سەردەمی نوێ ئەنجام درا و پاش سێ ڕۆژ، کۆتایی هات.

پەرلەمانتاری هەدەپە ساروخان ئۆلووچ، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا وتی "ئێمە نەخشەڕێگای تێکۆشانی یەکبوون و هاوبەشمان، لە ڕۆژانی ۲۸ و ۲۹ی ئەم مانگەدا، وەک پیشنیار دەخەینە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی حزبەکەمان".

بە بەشداری پەرلەمانتارانی هەدەپە، هاوسەرۆکانی هەدەپە پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی، بەمەبەستی دیاریکردنى ئەرکە نوێکان  و دیاریکردنی نەخشەڕێگای سەردەمی نوێ، کۆبوونەوەی گشتیی هەدەپە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند و دوێنێ ئێوارە لە شاری وان بە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

پاش کۆبوونەوەکە وتەبێژی هەدەپە ساروخان ئۆلووچ رایگەیاند، ڕۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکە، گفتووگۆ لەبارەی پێگەی ژنان لە تێکۆشانەکان و بە تایبەتی تێکۆشانی یەکسانی و زایەندی کۆمەڵگا کرا، کە چۆن ئەنجام بدرێت و لە چ بوارێکدا ئەنجام بدرێت.

ئۆلووچ ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژانی دیکەی کۆبوونەوەی هەدەپەدا، بارودۆخی سیاسی و گەشەپێدانی سەردەم تاوتوێ کران و گفتوگۆ کرا لەبارەی ئەوەی دەسەڵاتدارێتیی نوێ چۆن کار دەکات لەدژی تێکۆشانەکان و کارەکانی بە چی شێوەیەک دەبێت.

ئۆلووچ وتیشی "ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارێتییەکی وەها ڕووبەڕووین، کە بەسەر کۆمەڵگادا سەپێنراوە ئێمە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کرد، کە ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتی چۆن دەبێت و نەخشەڕێگای خۆشمان دیاری کرد. ئێمە نەخشەڕێگای تێکۆشانی یەکبوون و هاوبەشمان، لە ڕۆژانی ۲۸ و ۲۹ی ئەم مانگەدا، وەک پیشنیار دەخەینە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی حزبەکەمان".

دەستمان بە ئامادەکاریی کردووە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان

ئۆلووچ ئەوەشى راگەیاند، ئەوان لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکان گفتوگۆیان کردووە و وتیشی "ئێمە لە کۆبوونەوەدا باسمان لەوە کرد، کە چۆن کەموکوڕیی خۆمان دەربارەی تێگەیشتن و هۆشمەندیمان بۆ دیموکراسیی خۆجێیی چارەسەر بکەین. لەسەر ئەم پرسەش، بە بڕیارێک کە لە ئەنجومەنی حزب دراوە، ئێمە گفتوگۆمان لەبارەی ئەوەوە کرد، کە دەبێت چ جۆرە کار و خەباتێکی ڕێکخستنی ئەنجام بدرێت. ئێمە هەنگاو لەو بارەیەوە دەنێین".

ر.م