کۆسرەت ڕەسوڵ داوا لە کۆمەڵگای نێوەوڵەتی دەکات لەم پەلاماردانە بێنەدەنگ نەبن

کۆسرەت رەسول داوا لە کۆمەڵگای نێوەوڵەتی دەکات، پشتیوانی گەلی قارەمانی کوردستان بن و لەم پەلاماردان و لەشکرکێشەیشدا، بێنەدەنگ.

کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا نیگەرانی خۆی لە لەشکرکێشی بۆسەر باکور و رۆژئاوای سوریا دەردەبڕێت و بانگەوازییش بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەوەی چۆن لە تێکشکاندنی داعشدا پشتیوانی گەلی کوردستان بوون، لەم پەلاماردان و لەشکرکێشیەشدا بێنەدەنگ بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگەگرتن لەکارەساتی گەورەی مرۆیی و تێکچوونی ناوچەکە.

دەقی پەیامەکە:

بەداخەوە سەرباری هۆشداری و ناڕەزایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەشکرکێشی و پەلاماری بۆ باکوری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد، کە سەرباری پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەری خاکی سوریا، ژیانی هەزاران مرۆڤی مەدەنی بێدیفاع لەژێر مەترسی تۆپباران و ئاگری شەڕدان.

پەنابردن بۆ بژاردەی شەڕ و بەلاوەنانی بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی، کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێ و ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە و جیهانیش دەخاتە مەترسیەوە و جارێکی تر هەڕەشەی تیرۆر كوچي به ليشاو بەجۆرێکی تر سەرهەڵدەداتەوە.

داوا لە کۆمەڵگای نێوەوڵەتی دەکەین، چۆن لە جەنگی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا، پشتیوانی گەلی قارەمانی کوردستان بوون، لەم پەلاماردان و لەشکرکێشەیشدا، بێنەدەنگ بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگەگرتن لەکارەساتی گەورەی مرۆیی و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە. لەمڕووەوە داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین، لە کۆبونەوەی چاوەروانکراویاندا گەلەکەمان نائومێد نەکەن و لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشیدا بڕیاربدەن.

لەم بارودۆخە ئاڵۆزو مەترسیدارەدا، داوا لە هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان و گەلی کوردستان دەکەم، تەبایی و یەکریزیمان بپارێزین و نێوماڵی کوردستان تۆکمەتر بکەین، هەموو هەوڵێکمان بخەینەگەر بۆ هاوکاری مرۆیی ئاوارەکان و بەکارهێنانی هەموو کەناڵە پەیوەندییە دیپلۆماتیەکان لە پێناوی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی مەترسیەکان.

هەروەها دەستپێشخەری کۆبونەوەو ميوانداريكردني لوتکەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەخەمەروو و بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسیەکان و یەکریزی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان و ئامادەکاری بۆ رووبەروبونەوەی مەترسیەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان.

ک-ش