کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى تورکیا ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیرانى بڵاوکردەوە

کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیى کۆمار و پەرلەمانى تورکیا، کە لە ٢٤ حوزەیران/ ٣ى پووشپەڕدا بەڕێوەچوون، بڵاوکردەوە.

کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا ئەنجامى کۆتایى هەلبژاردنی سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا و ٢٧هەمین خولى هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئەو وڵاتەى بڵاوکردەوە.

بەپێى راگەیاندراوى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنى تورکیا، رەجەی تەیب ئەردۆغان ٢٦ ملیۆن و ٣٣٠ هەزار و ٨٢٣ دەنگ (رێژەى ٥٢.٥٩%)، موحەڕەم ئینجە ١٥ ملیۆن و ٣٤٠ هەزار و ٣١٢ دەنگ (رێژەى ٣٠.٤٦%) و سەڵاحەدین دەمیرتاش ٤ ملیۆن و ٢٠٥ هەزار و ٧٩٤ دەنگ (رێژەى ٨.٤٠%) و مەراڵ ئاکشەنەر ٣ ملیۆن و ٦٤٩ هەزار و ٣٠ دەنگ (رێژەى ٧.٢٨%) و تەمەل کەرەموڵا ئۆغڵو ٤٤٣ هەزار و ٧٠٤ دەنگ (٠.٨٩%) و دۆغو پەرینچەک ٩٨ هەزار و ٩٥٥ دەنگ (٠.٢٠%)ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

بەپێى ئامارەکەى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا ژمارەى دەنگدەران ٥٩ ملیۆن و ٣٦٧ هەزار و ٤٦٩ بوون و ٥١ ملیۆن و ١٩٧ هەزازر و ٩٥٩ کەس دەنگیان داوە و ٥٠ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٦٢٧ دەنگ، بێ کێشەبوون و ئەژمار کراون.

بەپێى ئەو ئەنجامەى کۆمسیۆن بڵاویکردووەتەوە، رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا ٨٦.٢٤% بووە.

بە گوێرەی ئەو ئەنجامە ژمارەى پەرلەمانتاری لایەنەکان بەمشێوەیەیە، هەدەپە ٦٧ پەرلەمانتار، ئاکەپە ٢٩٥ پەرلەمانتار، مەهەپە ٤٩ پەرلەمانتار، جەهەپە ١٤٦ پەرلەمانتار و ئی یى پارتى ٤٣ پەرلەمانتار.

ر.م