ئەنجامی زیاتر لە هەزار وێستگەى دەنگدانی هه‌ڵبژاردنی عێراق هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنه‌كانی عێراق ژمارەی ئەو وێستگانەی ئاشکرا کرد کە لە پارێزگه‌کانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانیان هەڵوەشێنراونەتەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاند، ئه‌نجامی هه‌زار و ٢١ وێستگەی ده‌نگدانیان له‌ سنووری هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌.

كۆمسیۆن ده‌ستنیشانیشی كرد كه‌ لیژنە هونەری و یاساییەکانیان ئه‌نجامی ١٠٢ وێستگەی ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تییان لە ١٠ پارێزگه‌ی عێراق هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌ به‌هۆی سکاڵای سووری لایەنەکان.

به‌پێی لێدوانی كۆمسیۆن، له‌ هەولێر ٧ وێستگە، له‌ ئەنبار ٥١ وێستگە، له‌ بەغداد ١٧ وێستگە، له‌ سەڵاحەدین ١١ وێستگە و له‌ نەینەواش ١٦ وێستگە ئه‌نجامه‌كانیان هەڵوەشێنراوەتەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاشکراشی کردووە، دوای لێکۆڵینەوە لە ٢ هه‌زار وێستگەی ده‌نگدان لە پارێزگه‌کانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئەنجامی ٨٥٢ وێستگەی دیكه‌یان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه:

«له‌ هەولێر دەنگی ٧٣ وێستگە، له‌ سلێمانی دەنگی ٩٦ وێستگە، له‌ دهۆک دەنگی ٢٢٤ وێستگە، له‌ کەرکووک دەنگی ١٨٦ وێستگە، له‌ بەغداد دەنگی ٦ وێستگە، له‌ ئەنبار دەنگی ٥٠ وێستگە، له‌ دیالە دەنگی ٢ وێستگە، له‌ سەڵاحەدین دەنگی ٣٦ وێستگە و له‌ نەینەواش دەنگی ١٧٩ وێستگە هەڵوەشێنراوەتەوە.»

بەپێی ئەو ئامارەی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنه‌كانی عێراق، ٥٨٦ وێستگە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک ئەنجامەکانیان هەڵوەشێنراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش لە تەواوی ئەو وێستگانە زۆرترە کە لە پارێزگه‌کانی دیكه‌ی عێراق ئەنجامەکانیان هەڵوەشێنراوه‌ته‌وه‌.

هەر بەپێی ئەو ئامارەی کۆمسیۆن، ٦٧ وێستگەی دەنگدان لە ئەڵمانیا، ئوردن، ئەمریکا، سوێد، بەریتانیا و تورکیا ئەنجامەکانیان هەڵوەشێنراونەته‌وه‌.

هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى ئەو وێستگانە دواى ناڕەزایی بەشێک لە قەوارە بەشداربووەکانى هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دێت ده‌رباره‌ی ئەنجامدانى ساختەکارى لە هەڵبژاردندا.

s.m