کۆمپانیایەکى گەورەى وزەی ئەڵمانیا لە تورکیا دەکشێتەوە

کۆمیانیا گەورە و سەرەکییەکانى وزەی ئەڵمانیا بەهۆی بەهێزبوونى رژێمى تاکە پیاویى ئەردۆغانەوە، پلانیان داناوە کەرەستە و سەرمایەکانیان لە تورکیا بکشێنننەوە.

کۆمپانیاى (EWE) یەکێکە لە پێنج کۆمپانیا سەرەکى و گەورەکەى بوارى وزە لە ئەڵمانیادا. هاوکات سەرەکیترین کۆمپانیاى ئەڵمانییە کە لە تورکیا زۆرترین سەرمایەگوزاریى کردووە. سەرمایەگوزاریى کۆمپانیاى (EWE) لە دەرەوەى ئەڵمانیا رووی لە زیادبوون کردبوو. ساڵی ٢٠١٧ سەرمایەگوزاریى ئەو کۆمپانیایە لە تورکیا بەڕێژەی ١٤% زیادیکردبوو، بەڵام سەربارى ئەوەش دەیەوێت لە تورکیا بکشێتەوە.

لەبەر ئەوەى بەهای لیرەى تورکی لەم چەند رۆژەى رابردوودا کەمیکردووە و رەجەب تەیب ئەردۆغان دواى هەڵبژاردنی ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ دەسەڵاتی خۆى بەهێزکردووە و هەموو کارەکانى خستووەتە دەستى خۆی، کۆمپانیا بیانییەکان بۆ سەرمایەگوزاری لە تورکیا ووشى ترس و دڵەڕاوکێ بوون.

کۆمپانیاى (EWE)، کە کۆمپانیایەکە کارى سەرەکیى سەرمایەگوزارییە لە دەرەوە ئەڵمانیا، ئەم هاوینە بڕیار دەدات کە لە تورکیا بکشێتەوە. بەپێى ئەو شیکاریانەى لە میدیاکانى ئەڵمانیادا بڵاوکراونەتەوە، کۆمپانیاى (EWE) لە تورکیا لە بوارەکانى غازى سروشتی، کارەبا و پەیوەندیدا کار دەکات. ئەو کۆمپانیایە دەترسێت دەسەڵاتى ئاکەپە ببێت بە دەسەڵاتى تاکە پیاوێک و کۆمپانیایەکى خێزانى و لەو رێگەیەوە زیانیان بەربکەوێت.

کریستیان بلۆمەر وتەبێژى کۆمپانیاى (EWE) وتی "لە ماوەى ٢ مانگدا دەتوانین هەندێک شت بخەینەڕوو و باسیان لەسەر بکەین". ئاماژە بەوە دەکرێت، کۆمپانیاکە دەترسێت نا ئارامییەکانى تورکیا زیاتر بکەن، بۆیە لە ئێستاوە کەوتووەتە خۆ.

پلانی کۆمپانیاى (EWE) بۆ کشانەوە لە تورکیا لە مانگى ئادارەوە دەستیپێکردبوو. کۆمپانیاى (EWE) بۆ فرۆشتنى خانوو و موڵکەکانى لە تورکیا دەستیکردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ کڕیارەکان. رێژەى ٨٠%ى سەرمایەى قەیسەری گاز و بورسا گاز پارەى کۆمپانیاى (EWE)ن و پلانى ئەوەیە هەموو خانو و موڵک و کەرەستە و ئامێرەکانى کارکردنى لە بوارى وزە و هەموو بوارەکانى ترى سەرمایەگوزارى لە تورکیادا بفرۆشێت.

ماتیاس بروکمان یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاى (EWE) ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ بەرات ئالبایراک زاواى ئەردۆغان و وەزیرى وزەى تورکیا دانیشتنێکی ئەنجامدا و رایگەیاندبوو، بڕی ١٢٠ ملیۆن یورۆی تر سەرمایەگوزارى لە تورکیادا دەکەن.

ر.م