کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە-پاژک داوای پشتیوانی لە هەمووان دەکات

کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک لە سەر بەرخودانی مانگرتن و ڕۆژووی مردن و بەرخودانی دایکانی کورد لێدوانی داوە و تێیدا داوای کردوە، هەمووان لە پێناوی کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری ئیمرالی و فاشیزم پێشتوانی لە بەرخودانی دایکان و مانگرتووان بکەن.

کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک بە بڵاوکراوەیەکی نوسراو ڕایگەیاندوە: "بەرخودانی مانگرتن دژی گۆشەگیری ئیمرالی کە بە پێشەنگی لەیلا گیوڤەن 6 مانگە بەرێوەدەچێت، کوردستان و تورکیا و جیهانی تەنیوەتەوە و ئەمرۆکەش وێرای 7 هەزار بەندکراو کە لە مانگرتنی بێسنور دان،30 بەندکراویش لە ڕۆژووی مردن دان. بەوەش بەرخودانی مانگرتن لە خواردن دەربازی قۆناغێکی دیکەی مێژووی بووە.
کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک، دەستنیشانی دەکات: "بەرخودانی 14ی تەمووزی 1982ی ئامەد، بە ڕۆحیەتی "مەزڵوم، خەیری، کەمال، ساکینە جانسەکان" فاشیزمی 12ی ئەیلولیان تێکشکاند و ئەمرۆکەش بە هەمان ڕۆحیەتەوە مانگرتووان فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە تێکدەشکینن. بۆیە پێویستە هەمووان بە بڕیارداری و بەرپریساری مێژوویەوە لە بەرخودانەکە تێبگەن و پشتیوانی لێبکەن".

کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک سەرنجیش رادەکێشێتە سەر بەرخودانی دایکانی کورد دژ بە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە راگەیاندوە: "پەیوەستبوونی دایکانی کورد بە بەرخودانی ڕۆڵە زیندانی کراوەکانیانەوە، زۆر بوێرانە و واتاردار و بەنرخە. هێرشی چەتە فاشیستەکانیش بۆ سەر دایکان، نیشانەی ترس و نامەردی و شکستی دەسەلاتی فاشیستە. پێویستە هەمووان ببنە دەنگ و ڕەنگی دایکان و پشتیوانیان لێبکەن تا زووتر کۆتایی بە گۆشەگیری ئیمرالی و فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بهێنرێت".

 

هـ.هـ