کۆمەڵکوژیى کورتەک لە تۆرنتۆی کانادا ئیدانە کرا

کورد لەگەڵ دۆستەکانیان لە شاری تۆرنتۆی کانادا کۆمەڵکوژیى کورتەکیان ئیدانەکرد، کە ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن دەوڵەتى تورکی داگیرکەرەوە ئەنجامدرابوو.

لە شاری تۆرنتۆی کانادا چالاکییەک بە پێشەنگایەتیى ئەنجوومەنی دیموکراتیکى گەلی کورد بۆ ئیدانەکردنى کۆمەڵکوژیى کورتەک رێکخرا. چالاکییەکە لە شەقامی یۆنگ دونداس رێکخرا و کوردان لەگەڵ دۆستەکانیان بەشداریى چالاکییەکە بوون و دەوڵەتى تورکی داگیرکەریان ئیدانە کرد.

کوردان لەو چالاکییەدا وێنەی قوربانییەکانى کۆمەڵکوژیى کورتەک و پۆستەرێک، کە لەسەری نووسرابوو "دەوڵەتى تورک گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکات، کەرتى گەشتیاریى تورکیا بایکۆت بکەن" بەرزکرابوونەوە.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو لەبارەى کۆمەڵکوژیى کورتەک بەسەر هاووڵاتییانى سنووری چالاکییەکەدا دابەشکرا و رای گشتی لەو تاوانەى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ئاگادار کرایەوە.

ئێوارەى رۆژی ٢٧ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ٦ی پووشپەڕ فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ٢ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانى بناری قەندیلیان لەسەر رێگاى قیری سەرەکیى کورتەک کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ٣ هاووڵاتى شەهید بوون و ٥ هاووڵاتیى تریش بریندار بوون. پێش ئەو کۆمەڵکوژییەش فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە خواکورک و برادۆست هاووڵاتییانیان کردبووە ئامانج و کۆمەڵکوژیان کردبوون.

ر.م