"کۆمەڵکوژیی قەڵادزێ لە یاد ناکەین"

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژیى قەڵادزێ لەلایەن رژێمى بەعسی رووخاوی عێراقەوە، راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

کەنەکە رایەگەیاندووە، حکومەتى عێراق لە بریى جێبەجێکردنى بەندەکانى رێککەوتنى ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە ١٩٧٤دا هێرشی کردە سەر کوردستان و لە ٢٤ی نسانی ١٩٧٤دا بە بۆمبی ناپاڵم و فسفۆڕی کۆمەڵکوژیى قەڵادزێی ئەنجامدا و هاوکات هەڵەبجەى بۆردومانکرد و لەوێش کوشتارێکى زۆری ئەنجامدا.

کەنەکە راشیگەیاندووە، رژێمی بەعس هەر ئەو کاتە رووی راستەقینەی خۆی پیشانی خەڵکی کردسان دا. ساڵانێک دواتریش پڕۆسەی کاولکردنی دێ و دێهاتی کوردستانی دەستپێکرد، ئینجا دیسان بۆردومانی کیمایی هەڵەبجە و ئەنفالی بەڕێوەبرد.

کەنەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە یادی ٣٥ ساڵەی بۆردوومانی قەلادزێ و هەڵەبجەدا لە کەسێتی شەهیدانی ئەو تاوانانەدا هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی بە رێز و شکۆوە بە بیر دێنینەوەو سەری رێزیان بۆ دائەنەوێنین. هەروەها لە کەسێتی رژێمی بەعسدا، جارێکی تر هەموو کۆمەڵکوژان و داگیریکەرانی کوردستان ریسواو شەرمەزار ئەکەین.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

کۆمەڵکوژیی قەڵادزێ لە یاد ناکەین

 لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠دا لە نێوان حکومەتی عێراق و رێبەرایەتی ئەو کاتەی شۆڕشی کوردستاندا پەیمانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ئیمزا کرا. بەپێی ئەو رێککەوتنە ئەبوو لە بەهاری ١٩٧٤دا هەموو بەندەکانی ئەو رێكکەوتنامەیە جێبەجێ بکرانایە. بەڵام حکومەتی عێراق پاشگەزبۆوەو پەیڕەوی رێكکەوتنەکەی نەکرد. لە ئەنجامدا لە ئازاری ١٩٧٤دا هێرشی کردەوە سەر کوردستان ولە سەرانسەری باشووردا شەڕ دەستی پێکردەوە.

ناوچەی قەڵادزێ ئازادکراو بوو، بە دەست هێزەکانی شۆڕشەوە بوو. زۆربەی خەڵکی شارەکانی کوردستان شاریان جێهێشت و روویان کردە ناوچە ئازادکراوەکان. مامۆستا و خوێنداکارانی زانکۆی سلێمانیش بە کردەوە زانکۆیان گواستەوە بۆ قەلادزێ و دەرگای خوێندنیان بۆ خوێندکاران کردەوە.

بۆ رژێمی بەعسی فاشیست هەمیشە هەموو دامودەزگاکانی کوردستان ئامانجی هێرش بوون. بەردەوام هێرشی فڕۆکەکانیان سەرەڕای بنکەکانی پێشمەرگە، لەسەر خەڵکی سڤیل و دانیشتوانی ئەو ناوچانە بوون. بەتایبەتیش دەزگای خوێندیشی کردبوونە ئامانجی هێرشەکانی. لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤دا هێرشێکی ئاسمانیی بە بۆمبای ناپاڵم و  فسفۆڕیی کردە سەر خەڵک و شارۆچکەی قەڵادزێ و زانکۆ و دامو دەزگاکانی تر. لە ئەنجامدا دەیان کەس لە خەڵکی بێتاوانی قەلادزێ و مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ شەهید و بریندار بوون. لە هەمان کاتدا هەڵەبجەشی دایە بەر هەمان هێرش و پەلامار و لەوێش کوشتارێکی زۆری کرد.

 رژێمی بەعس هەر ئەو کاتە رووی راستەقینەی خۆی پیشانی خەڵکی کردسان دا. ساڵانێک دواتریش پڕۆسەی کاول کردنی دێ و دێهاتی کوردستانی دەستپێکرد، ئینجا دیسان بۆردومانی کیمایی هەڵەبجە و ئەنفالی بەڕێوەبرد.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە یادی ٣٥ ساڵەی بۆردوومانی قەلادزێ و هەڵەبجەدا لە کەسێتی شەهیدانی ئەو تاوانانەدا هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی بە رێز و شکۆوە بە بیر دێنینەوەو سەری رێزیان بۆ دائەنەوێنین. هەروەها لە کەسێتی رژێمی بەعسدا، جارێکی تر هەموو کۆمەڵکوژان و داگیریکەرانی کوردستان ریسواو شەرمەزار ئەکەین.

ر.م