کۆمەڵەى ئازادی دەزگای هەواڵگریى ئەڵمانیای راکێشایە دادگا

کۆمەڵەى ئازادیى ئە.ڤ کاری راوێژکاریى یاسایى بۆ کورد لە ئەڵمانیا دەکات. ئەو کۆمەڵەیە بابەتى تەریکخستنی کورد لەلایەن دەزگاى هەواڵگریى دامەزراوەی پاراستنى دەستووری ئەڵمانیای بردە دادگا.

کۆمەڵەی ئازادی ئە.ڤ ناوەندەکەى لە کۆڵنی ئەڵمانیایە و چەندین ساڵە کاری راوێژکاریى یاسایى بۆ کوردانی ئەڵمانیا ئەنجام دەدات. ئەو کۆمەڵە بەشێوەى سەرەکی مافی بەرگریکردن بۆ ئەو چالاکوان و سیاسەتمەدارانە ئەنجام دەدات، کە دادگایى دەکرێن و لەسەر سیاسەتى تەریکخستن و پەراوێزخستنى کورد و هەڵگرتنى سیاسەتى قەدەغەکاری لەسەر کورد کار دەکات و بۆ ئەوەش چەندین هەڵمەتى ئەنجامداوە.

کۆمەڵەى ئازادی سەرباری ئەوەى بەپێى یاساکانى ئەڵمانیا دامەزراوە، بەڵام کەسایەتیى رێکخراوەیی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لەلایەن دەزگای هەواڵگریى ناوخۆیى دامەزراوەى پاراستنى دەستوورەوە پەراوێز دەخرێت.

لەو راپۆرتەدا کە هەموو ساڵێک هەواڵگریى ئەڵمانیا بڵاوی دەکاتەوە، کۆمەڵەى ئازادی لە بەشی "رادیکاڵە بیانییەکان" دا کردووەتە ئامانج. کۆمەڵەى ئازادیش لە حوزەیرانى ٢٠١٥ەوە و کاتێک بۆ یەکەمجار ئەو راپۆرتە بڵاوکرایەوە و ناوی کۆمەڵەکەى تیادا بوو،  سکاڵاى لە دژی دەزگاى هەواڵگریى پاراستنى دەستووری تۆمار کرد. دواى ئەوەى دادگا لێکۆڵینەوەى لەسەر سکاڵاکە کرد بڕیاریدا یەکەم دانیشتنی دادگایکردنى دەزگاى پاراستنى دەستوور لە دادگای کارگێڕیى بەرلین بەڕێوەدەچێت.

کۆمەڵەى ئازادی پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەى دادگا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەوەى لە راپۆرتەکانى ئەو چەند ساڵەدا لەسەریان بڵاوکراوەتەوە ناهەقییە و نابێت ئیتر هەواڵگری چاودێری و رێگرییان لێ بکات. چاوەڕێش دەکرێت لە دانیشتنى سبەی دادگادا بڕیارێک بدرێت.

ژ.ت