کۆنترین پارکی سروشتیى ئەفریقا دەکرێتە قوربانیى نەوت

پارکی ڤیرونگا، کە کۆنترین پارکی سروشتیى ئەفریقایە لە کۆماری دیموکراتیکى کۆنگۆ بەهۆی کاری گەڕان بە دواى نەوتدا لەلایەن کۆمپانایى تۆتال-ەوە بەرەو لە ناوچوون دەچێت.

فلۆرانس سیتوامینیا لە ناوەندی لێکۆڵینەوەى مافەکانى مرۆڤ، دیموکراسی و ژینگەپارێزیی کۆنگۆ بە میدیاکانى فەرەنسای راگەیاندووە، مەترسییەکى گەورە لەسەر دەوڵەمەندیى سروشتیى پارکی ڤیرونگا دروستبووە.

فلۆرانس سیتوامینیا راشیگەیاندووە، کۆمپانیای نەوتیى تۆتاڵی فەرەنسی لە نزیک ڤیرونگا بە دواى نەوتدا دەگەڕێت، بۆیە مەترسی لەسەر پارکی سروشتیى ڤیرونگا دروستبووە، چونکە بەشێک لەو ناوچەیە، کە مۆڵەت بە کۆمپانیاکە دراوە تیایدا بۆ نەوت بگەڕێت، دەکەوێتە ناو پارکەکەوە.

کۆمپانیاى نەوتیى تۆتاڵی فەرەنسی بەڵێنى ئەوەى داوە، کە لە ناو پارکی سروشتیى ڤیرونگا دا بە دواى نەوتدا نەگەڕێت، بەڵام ژینگەپارێزان نیگەرانی ئەوەن، کە بەهۆی پیسی و پاشەڕۆی سەرچاوەکانى نەوتەوە زیان بە ئیکۆ – سیستم و ژینگەى پارکەکە بگات، چونکە ئەگەر لەکاتى پرۆسەى گەڕان بە دواى نەوتدا چەمی سیملیکی لە ناو پارەکەکەدا بە ماددەى نەوتى پیس ببێت، ئەوا زیان بە هیدرۆگرافیا  (سەرچاوەکانى ئاو و رەگەکانى ئاوی) ناوچەکە دەگات.

هەروەها بە هۆی گەڕان بە دواى نەوتدا ناوکۆکیى ناوخۆیى لەو ناوچەیەدا دروستبووە و شەڕەکانیش زیادیان کردووە. بە کۆمەڵکوشتنى فیلەکانیش زیادیان کردووە.

پارکی سروشتی و نیشتمانیى ڤیرونگا رووبەرەکەى ٧ هەزاو و ٨٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە  و دەکەوێتە رۆژهەڵاتى کۆماری دیموکراتیکى کۆنگۆ و هاوسنوورە لەگەڵ رواندا و پارکی نیشتمانیى شاژنە ئیلیزابێس لە ئۆگاندا. پارکی ڤیرونگا لە زنجیرە شاخەکانى ڤیرونگا بۆ زنجیرە شاخەکانى رانزۆر درێژ دەبێتەوە. لە ساڵی ١٩٢٥ەوە وەک یەکەمین پارکی نیشتمانیى لە ئەفریقا تۆمار کراوە. لە ساڵی ١٩٧٩ەوە وەک بەشێک لە کەلەپوری مرۆڤایەتى لەلایەن یونسکۆوە تۆمار کراوە.  

کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان بە بەردەوامى لە رێگەى کلکەکانیانەوە زیان بە ژیانى سروشتیى وڵاتان دەگەیەنن و بەهۆی ئەو زیانەوە خۆیان دەوڵەمەندتر و بەهێزتر دەکەن. لە بەرامبەر ئەو کێشە و ناکۆکی و سکاڵایانەى لە دژی تۆتاڵ کراون، کۆمپانیاى تۆتاڵ تەنها وتویەتى 'لایەنى بەرامبەری ئێمە دەوڵەتى کۆماری دیموکراتیکى کۆنگۆیە' و بەو شێوەیە خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە.

ئەو نزیکایەتییەى کۆمپانیاى تۆتاڵ لە کاتێکدایە، کە بەپێى یاساکانى فەرەنسا کۆمپانیاکان لە کاری لق و نوێنەرایەتییەکان لەهەموو شوێنێکدا بەرپرسیارن.

ر.م