کۆنسوڵخانەکانى تورکیا بوونەتە خزمەتکارى ئەردۆغان

ئەو کەسانەى ناویان بۆ دەنگدان لە کۆنسوڵخانەکانى تورکیادا لە ئەڵمانیا تۆمارکردووە، بە واژۆی ئەردۆغان نامەیان بۆ نێردراوە. ئەردۆغان لە نامەکەیدا داوا دەکات لە بەرامبەر "خزمەتەکانیدا" دەنگى پێ بدەن.

بۆ هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ، زۆرترین رێژەى دەنگدەر لە دەرەوەى تورکیا و باکووری کوردستان لە وڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا و فەرەنسادان. دەنگدان لەو وڵاتانە بەردەوامە.

ئاشکرا بوو بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى و سەرۆکى گشتیى ئاکەپە نامە بۆ دەنگدەران لە ئەڵمانیا نێردراوە.

بەپێى بەدواداچوونەکانى ئاژانسى هەواڵى فوارت (ANF) هەر کەسێک بۆ کارێک چووبێت کۆنسوڵخانەکانى تورکیا لە ئەڵمانیا، ئەو نامەیە بۆ نێردراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، کۆنسوڵخانەکان جگە لە رایکردنى کارى هاووڵاتیان هیچ کارێکى تریان نییە و نابێت نامەى بانگەشە بۆ هیچ کەس و لایەنێک بڵاوبکەنەوە، بەڵام ئەوە دەریدەخات کۆنسوڵخانەکان بوونەتە خزمەتکارى ئەردۆغان.

 ئەو نامانە کە لە ناوەندى گشتیى ئاکەپەوە نێردراون، بۆ هاووڵاتیانى دەرەوەى تورکیا ئەم پەیامەى تێدایە "ئێمە بۆ ئێوە زۆر کارمان کرد، ئێوەش دەنگەکانتان بە ئێمە بدەن".

هەروەها لە نامەکەى ئەردۆغان و ئاکەپەدا دەستەواژەى نەژادپەرستانەى وەک "دیاسپۆراى تورک" (تورکەکانى دەرەوەى تورکیا) بەکارهاتووە.

ئەردۆغان لە نامەکەیدا بە ئاشکرا دانى بەوەدا ناوە، کە مامۆستایانى ئایینى و مەلاکان لە ئەوروپا لەلایەن دەسەڵاتەکەى ئەوەوە بۆ کاری مەلایەتی لە مزگەوتەکان و ناوەندە ئایینییەکاندا دانراون.

ر.م