کۆچ: هەدەپە لە ٧ی حوزەیران دەنگى زیاتر بە دەست دەهێنێت

یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (KCDK-E) لەبارەى کارەکانى هەڵبژاردن لە ئەوروپا وتی، لەگەل ٨ هەزار کەس کار بۆ هەڵبژاردن دەکەن "چونکە ئامانجمان ئەوەیە هەدەپە زۆر زیاتر لە ٧ی حوزەیران دەنگ بەدەست بهێنێت".

دەستەى هەماهەنگی و گشتیى هەدەپە بۆ هەڵبژاردن لە ٢٢ى نیسان دامەزرا. لە ٢٦ وڵاتى ئەوروپی لە ژاپۆن تاوەکو کەنەدا کارێکى بەرفراوان بەڕێوەدەبەن. یوکسەل کۆچ ئەندامى دەستەى گشتیى هەڵبژاردن و هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا - KCDK-E) رایگەیاند "بەبێ جیاوازى خۆمان دەگەیەنینە لای هەموو دەنگدەرێک. بە ورە و جۆش و خرۆشێکى زۆرەوە ئێمە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێین و کاری هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەین تاوەکو هەدەپە لە ئەوروپا دەنگێکى زۆر بە دەست بهێنێت".

"لە هەر شارێک چەندین کۆمسیۆن دروستکراوە"

یوکسەل کۆچ رایگەیاند، کاتێک ئاکەپە – مەهەپە بڕیاریاندا هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدەن، ئێمەش دەستمان بە کار کرد و لە ٢٢ى نیسان لە ئەوروپا کۆبووینەوە. دەستەى گشتیی هەڵبژاردنمان لە ئەوروپا بۆ هەدەپە دامەزراند و ستراتیژیای هەڵبژاردنمان لە ٣ قۆناغدا داڕشت و ئەرک و کارەکانمان دیاریکرد.

 کۆچ راشیگەیاند، لە چوارچێوەى پلانسازییەکەدا، تۆمارکردنى ناوى دەنگدەران، بەدەستهێنانى دەنگى دەنگدەرانی نوێ و بردنى دەنگدەران بۆ سەر سندوقەکانى دەنگدان خرانە بەرنامەى کارەوە. بۆ ئەوەش لە هەر وڵاتێک و شارێک و گەڕەکێکدا کۆمسیۆن دامەزرا. پلانیشیان ئەوەیە بچن بۆ سەردانى هەموو ماڵێک و هەموو دەنگدەرێک تاوەکو قسەیان لەگەڵ بکەین.

"هەدەپە لە ئەوروپا سەرنجێکى زۆری بۆ لاى خۆى راکێشاوە"

یوکسەل کۆچ ئەوەى خستەڕوو، لە ٢٦ وڵاتى ئەوروپی، لە کەنەدا، ئەمریکا، ژاپۆن، ئۆستورالیا و زۆر شوێنى تری جیهان بۆ هەڵبژاردن کار دەکەن.

کۆچ ئەوەشى وت "٥ هەزار و ٣٠٠ کەس لە کۆمسیۆن و  دەستەى هەڵبژاردندا کاردەکەن. ٢ هەزار کەس چاودێرن، ٣١٢ کەس بۆ سەر سندوقەکان ئەرکدار کراون. ئێستا ئیمە بە ٨ هەزار کەسەوە کاری هەڵبژاردنى هەدەپە ئەنجام دەدەین. لە هەموو شار و گەڕەک و شەقام و کۆڵانەکاندا بە ورە و وزە و جۆش وخرۆشێکى زۆرەوە کار دەکرێت. ئەوەش رێگای بۆ هەست و سۆز و جۆش و خرۆشێکى گەورە کردووەتەوە، کە لە هی ٧ی حوزەیران بەهێزترە. هەموو تورکیاییەک و کوردستانییەک دەزانێت کە چ هێزێک لە توانایدایە ئەنجامى هەڵبژاردن بگۆڕێت. بۆ ئەوەش هەدەپە چاوی زۆرى لەسەرە و سەرنجێکى زۆری بۆ لای خۆى راکێشاوە".

"ئێمە دیکتاتۆریەت هەڵدەوەشێنینەوە"

یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکى کەجەدەکە ئەوروپا ئاماژەى بە گرنگیى ئەوەکرد، کە پێویستە هەدەپە بەربەرستى سەدا ١٠ تێپەڕێنێت و لەوباریەوە وتى "لە هەلومەرجی ئاسایدا رێژەى دەنگى هەدەپە زۆر زیاترە لەو رێژەیە کە بۆ تێپەڕاندنى بەربەرستى سەدا ١٠ پێویستە، بەڵام ئاکەپە هەرچییەکى لە دەست بێت ئەنجامى دەدات بۆ ئەوەى هەدەپە لە خوار بەربەستى سەدا ١٠ بهێڵێتەوە. بۆ ئەوەى ئێمە ئەو خواستەى ئەردۆغان پەک بخەین و لە دڵیدا بمێنێتەوە، زۆر گرنگە هەدەپە بەربەرستى سەدا ١٠ تێپەڕێنێت. بۆ ئەوەى تورکیا ببێتە وڵاتێکى دیموکراتیک، ئازادی باڵادەست بێت و کۆتایى بە دیکتاتۆری بهێنرێت، دەبێت هەدەپە ئەو بەربەستە تێپەڕێنێت و ئەو خەونەى ئەردۆغان تێکبشکێنڕێت. دەبێت هەر دەنگدەرێک بە بیروبڕاویەوە دەنگ بدات".

ر.م