کەجەدەکە ئەوروپا: بە گەرم و گوڕی بەشداری لە مانگرتن لە خورادندا بکەن

کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا - KCDK-E) داواى لە کوردستانیان کرد، کە لە هەر شوێنێکدان بە گەرم و گوڕی بەشداری لە مانگرتن لە خواردن لە دژی گۆشەگیری بکەن.

کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا - KCDK-E) راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ئەشکەنجەخانەى ئیمراڵی دا زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە گۆشەگیردا خۆڕاگری دەکات. ماوەى ٢ ساڵیشە نە رێگا بە بنەماڵەکەى و نە رێگا پارێزەرەکانى دراوە، کە چاوییان پێى بکەوت و هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەییەوە لە بەردەستدا نییە.

دەوڵەتى تورک لە بێدەنگیی رێکخراوى جیهانی دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی - CPT)، ئەنجوومەنى ئەوروپا و رێکخراو نێونەتەوەییەکانی تر شێرە بووە و بەبێ هیچ ترس و دوودڵییەک گۆشەگیری قورس دەکات. دەوڵەتى تورک هاوکات لەگەڵ قورسکردن و چڕکردنەوەى گۆشەگیری لە ئیمراڵی لە کوردستان لە رێگەى کۆمەڵکوژییەکانى و لە تورکیا لە رێگەى تۆقاندنەوە، گوشارەکانى بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن لە سەرتاسەری تورکیادا زیاد کردووە.

وڵاتى کردووە بە زیندانیک، کە رۆشنبیران، ئۆپۆزسیۆن و هەر کەسێک لە دژی سیستم بێت تیایدا زیندانى دەکرێن. گوشار و هیرش و چاوسوورکردنەوەکانى رژێمى فاشیستى تورکیا بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنى کۆمەڵگە، لە رێگەى کاردانەوەى زۆر توند لە دژی ناڕەزایەتییەکان و گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانى سیاسی دەبێت. ئەوروپاش خۆی کەڕ و لاڵ کردووە و بەوەش یارمەتیى سیاسەتە بکوژ و زۆردارانەکانى رژێمى فاشیستیى تورک دەدات.

پەرلەمانتاری هەدەپە لەیلا گیوڤەن و هەزاران زیندانیى سیاسی لە زیندانەکانى تورکیا و کوردستاندا بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

لە رۆژانی ٦ بۆ ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە ئەوروپاش مانگرتن لە خواردن دەستپێدەکات و بەشێوەى جەماوەری بەردەوامیى دەبێت. لە رێگەى ئەو چالاکییە جەماوەرییانەوە، ئێمە لە دژی سیاسەتى گۆشەگیری و دابڕاندنی رژێمى تورکی فاشیست دەوەستینەوە.

بۆ ئەوەی دەنگ و داوامان بە راى گشتیى ئەوروپا و سەرتاسەری جیهان بگات، مانگرتن لە خواردنى ئێمە لە هەموو وڵاتانى ئەوروپا، لە کانادا و ئۆستورالیا بەڕێوەدەچێت و تاوەکو بەدەستخستنى ئەنجامێک درێژەى پێدەدەین.

هەروەها لە رۆژانی ١٥ بۆ ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ بۆ هەمان مەبەست لە وڵاتەکان و ئەیالەتە جۆراجۆرەکاندان ریپێوان و خۆپیشاندان رێکدەخرێن.

ئیمەش بە ناوی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا - KCDK-E) داوا لە ناوەندەکان و پێکهاتەکانمان، لە گەلی وڵاتپارێزمان، لە هێزە شۆڕشگێڕەکان، دیموکراتخوازەکان، رووناکبیران و ئۆپۆزسیۆن دەکەین لە رۆژانی ٦ بۆ ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دا لە هەموو وڵاتانى ئەوروپا، کانادا، ئۆستورالیا و ژاپۆن بە گەرم و گوڕییەوە بەشداری لە مانگرتن لە خواردنى دەوریى ئێمەدا بکەن و بە سەردان و پشتیوانیى خۆتان خاوەنداری لە چالاکییەکان بکەن".

ر.م