کەجەدەکەى ئەوروپا: ئامەد ئەحمەد کرایە قوربانیی سیاسەتەکانى دژ بە کورد

کەجەدەکەی ئەوروپا رایگەیاند، ئامەد ئەحمەد کە لە ئەڵمانیا "بە هەڵە" دەستگیرکرابوو، لە زینداندا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و سیاسەتى دژ بە کوردەوە گیانى لە دەستدا.

دەستەى سەرۆکایەتیى کۆنگرەى جڤاکى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکەی ئەوروپا - KCDK-E) لەبارەى گیان لەدەستدانى ئامەد ئەحمەدەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەجەدەکەی ئەوروپادا هاتووە، ئامەد ئەحمەد لەبریى وەرگرتنى مافی پەنابەری لە ماڵەکەى خۆیدا دەستگیرکرا و دواتر لە زینداندا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە گیانى لەدەستدا.

ئاماژە بەوەشکراوە "لەبەر هۆکارێکى نادیار کە تا ئێستا روون نەکراوەتەوە، ئاگر لە ژوورى زیندانەکەى ئامەد ئەحمەد دا کەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە ئامەد سوتاوە و گیانى لەدەستداوە. ئەو گەنجە خەڵکی عەفرین بوو و دەیوت من ئەو کەسە نیم کە دەستگیرکراوم و ئێوە بە دوایدا دەگەڕێن، بەڵام سەرباری ئەوەش هەر بە بێ هۆ دەستگیریان کردبوو.

ئامەد ئەحمەد لەلایەن پۆلیسەوە لە بریى کەسێک دەستگیرکراوە، کە بە هیچ شێوەیەک لە یەک ناچن. لەبەر ئەوەى پۆلیس پێشوەختە بڕیارى داوە، ئەو رووداوە بۆ پۆلیس بووەتە ئابڕوچوونێک.

 ئامەد ئەحمەد خەڵکی عەفرینە و ماوەى ٣ ساڵ لە زیندانەکانى رژێمى سوریادا بووە و ئەشکەنجە کراوە.

ئامەد بەهۆی هێرشەکانى داعش و ئەردۆغانەوە رووی لە ئەڵمانیا کرد و لە ئەڵمانیاش بووە قوربانییەکى ئابڕوبەرانە. بەهۆی سیاسەتی دژ بە کورد و بیانییەکان ئامەد لە زینداندا لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا گیانی لەدەستدا.

لە دواى پێداگریى چەندین سیاسەتمەدار و رێکخراو، وەزیرى دادی ئەڵمانیا داواى لێبوردنی لە بنەماڵەى ئامەد ئەحمەد کرد.

بەهۆی داگیرکەریى رژێمى ئەردۆغانەوە ئێمە ناتوانین تەرمەکەى ئامەد ببینەوە بۆ عەفرین، بۆیە ئێمە داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، کە بۆ کۆتایهێنان بە داگیرکەریى تورکیا لە عەفرین، دەبێت عەفرین بکرێتە هەرێمی دژە فڕین".

راگەیاندرا، ئەمڕۆ ١٣ی تشرینى یەکەم و لە کاتژمێر ١٢:٠٠ دا تەرمی ئامەد ئەحمەد لە شاری بۆنی ئەڵمانیا بە مەراسیمێکى جەماوەری بە خاک دەسپێردرێت.

ر.م