کەجەکە: ئێمە درێژەپێدەری رێگاکەى سەید رەزا دەبین

کەجەکە بە بۆنەی ساڵیادى لەسێدارەدانى سەید رەزا و هەڤاڵەکانى رایگەیاند "بانگ لە گەنجان و هەموو گەلی کوردستان دەکەین، کە درێژەپێدەری رێگاکەى سەید رەزا بن. ئێمە جارێکیتر بەڵێن دەدەین، کە خەون و ئارەزووەکانیان بەدی بهێنین".

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ٨١هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانى پیر سەید رەزا و هەڤاڵەکانى، کە لە ١٥ی تشرینى دووەمی ١٩٣٧ / ٢٤ی خەزەڵوەر لەسێدارە دران بە رێزدارییەوە یادیانی بەرز رادەگرت. بەڵێن درا  قەرزی ئازادیى کوردستان، ئازادیى دێرسیم، کە خەون و ئارەزووی ئەوانە، بە پێداگرییەوە بەدی بهێنرێت.

کەجەکە رایگەیاند، کۆمەڵکوژکردن و پاکتاوی دێرسیم لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە بەشێوەیەکى پلان بۆ دانراو ئەنجامدراوە. سەید رەزا و کوڕەکەى و پێشەنگەکانى تری دێرسیمیان بە زانابوون و نەخشە بۆ داڕێژراو بۆ ئامانجێکى تایبەت و دیاریکراو لەسێدارەدا.

کەجەکە راشیگەیاندووە "ئەو لەسێدارەدانانە بۆ ئەوە بوو، کە لەسێدارەدان ببێتە سیمبول و هێمای پاکتاوکردن و سڕینەوەى دێرسیم. خواستیان بەو لەسێدارەدانانە بڵێن 'ئەوەى دەست لە رۆشنبیری، زمان و ناسنامەى خۆی هەڵنەگرێت و نەبێت بە مەدەنی، یانى نەبێتە تورک، ئەنجامەکەى لەسێدارەدان دەبێت'. ئەو لەسێدارەدانە شێوازێک و رێگایەک بوو بۆ سەرکوتکردن و چاوترساندنی دێرسیمییەکان، چونکە دەیانوت 'ئەوەى مەدەنی نەبێت، یان نەبێت بە تورک، مافی ژیانى نییە'.".

دێرسیمیان بە تەواوی پاکتاوکرد

کەجەکە لە راگەیاندراوەکەدا سەرنجی خستووەتە سەر ئەو خاڵانە "لە زۆرێک لە بەڵگەکانى پێش ساڵی ١٩٣٧دا ئەوە بە روونی دەردەکەوێت، کە پلانى پاکتاوکردن و سڕینەوەى دێرسیم پێشوەختە دانراوە. دەستدرێژیى سەربازێک لە گوندێکدا بۆ سەر ژنێک و کوشتنى سەربازەکە لەلایەن هاوسەری ژنەکەوە و دواتر بۆ رێگریکردن لە چوونى سەربازانى تر بۆ سەر رووداوەکە پردی تەختى سوتێنرا و ئەوەش لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە کرایە پاساو، کە گوایە راپەڕین و سەرهڵدان روویداوە. ئەوەش نیشانی دەدات هێرشی پاکتاوکارانە پێشوەختە پلانى بۆ دانراوە. لەبەر ئەوەى دێرسیمان بە سەری بڵێسە و پزیسک دەزانی دەبوایە ناسنامە، رۆشنبیری، زمان و باوەڕەکەى بسڕنەوە و بۆ ئەوەش هێرشی پاکتاوکارانەیان ئەنجامدا. بەبێ ئەوەى باسی لێوەبکرێت دەیان هەزار کەس لە ژن، منداڵ، گەنج کوژران و دەیان هەزار کەسی تریش بە زۆر دوورخرانەوە. دواى ئەو لەسێدارەدانە هەموو سیاسەتە جۆراجۆرەکانیان بۆ سڕینەوەى دێرسیم ئەنجامدا و هەموو رێگایەکیان بۆ ئەو پاکتاوکارییە گرتەبەر و ئەو سڕینەوە و کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامدا. قوڵایى و کاریگەریى برینى ئەو پاکتاوکارییە هەمە لایەنەیە لەسەر گەلی دێرسیم لە دوای ١٩٣٨ لەلایەن گەلی دێرسیمەوە بە روونی باسکراوە. دەبێت هەموو سیاسەتەکان و هەڵسوکەوتەکانى دەوڵەتى تورک لە  پێش لەسێدارەدانەکانى ١٩٣٧ و دواى ئەو لەسێدارەدانانە لە دادگای مافی مرۆڤ دا بڕیاریان لەسەر بدرێت و دەوڵەتى تورک وەک دەوڵەتێک، کە تاوانى جینۆساید و کۆمەڵکوژیى ئەنجامداوە لەسەر کورسیی تاوانباریدا دابنرێت و دادگایى بکرێت.

تێکۆشانى ساڵانى ١٩٧٠کان دیسانەوە دێرسیمى هەستانەوە سەرپێ

دەبێت هەموو دێرسیمییەکان، هەموو گەلی کورد، گەلانی تورکیا و جیهان ئەوە بزانن لە دێرسیم جینۆساید، کۆمەڵکوژی، پاکتاوکردن و سڕینەوە ئەنجامدراوە. ئەگەر ئەمڕۆ لە دیرسیمدا باسی گەلێک دەکرێت کە بە کرمانجکی (زازاکی) و کورمانجی دەدوێن و بوونی خۆیان پاراستووە، ئەوە لە سایەى تێکۆشانی ساڵانى ١٩٧٠کاندا بەدی هاتووە. لەو تێکۆشانەدا دێرسیم بە ورە و ئیرادەى خۆی هەستایە سەرپێ. لە دێرسیم دا هێشتا هێرشی پاکتاوکارانە بەردەوامیى هەیە، بەڵام گەلی دێرسیم، گەنجان وکوردستانیان لە دژی ئەو هێرشانە خۆڕاگری دەکەن.

هەڵوێستى شکۆمەندانەى سەید رەزا دەبێتە هەڵوێستى هەموو کوردێک

ئەگەر ئەمڕۆ لە کوردستان، لە دێرسیم تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیى بوونی هەیە، ئەوە بە هەڵوێستى سەید رەزا و هەڤاڵەکانى لە کاتى لەسیدارەداندا بناغەى بۆ دانراوە. هەروەها بەهۆی هەڵوێستى شێخ سەعید و هەڤاڵەکانییەوە لە کاتى لەسێدارەداندا ئەو تێکۆشانە دروستبووە. وتەکەى سەید رەزا لە کاتى لەسێدارەدان بۆ هەموو گەلی کورد بووەتە وانەیەک. نمونەیەکى سەرنجڕاکێشە کە دەبێت مرۆڤ لە دژی پاکتاوکردن خاوەنی چ هەڵوێستێک بێت. هەر وەک سەید رەزا کە لەکاتى لەسێدارەداندا وتی، سەری خۆی لە بەرامبەر داگیرکەران و زۆردارانی قڕکەردا دانانەوێنێت، گەلی کورد لەبەرامبەر شەڕە تایبەتەکەیاندا، لەبەرامبەر شەڕە دەرونییەکەیاندا و لە بەرامبەر فرتوفێڵ و چەواشەکارییەکانیاندا، لە بەرامبەر یاری و گەمەکانیان و داگیرکەری و زۆرداری و پاکتاوکارییەکانیاندا، سەری دانەنەواند. ئەو هەڵوێستە شکۆمەندانەیە، کە سەید رەزا لە سەرتاسەری ژیانیدا نواندوێتى، دەبێتە هەڵوێستی کوردان و قەت ناهەژێت.

ئێمە خەون و ئارەزووەکانیان بەدی دەهێنین

پێش هەموو کەس گەنجانی کورد و هەموو دێرسیمییەکان و گەلی کوردستان شانازی بەوەوە دەکەن، کە پێشەوای لەو جۆرەیان هەیە. بۆ ئەوەى خەون و ئارەزووەکانیان بۆ ئازادی بەدی بێت بە دڵنیایەوە تێدەکۆشن. ئاتاکان، شیار، دکتۆر باران، چەتین، باران دێرسیم، مەدەنی، عیسا کەمال، سارا، زیلان، سۆرخوین و رۆزاکان و هەزاران شەهیدمان بە دڵسۆزی بۆ ئەو پێشەنگانەی خۆیان تێکۆشاون. ئەو تێکۆشانە تاوەکو گەیشتن بە کوردستانى ئازاد و دێرسیمی ئازاد بەردەوامیى دەبێت.

لە ٨١هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانیاندا ئێمە بانگ لە هەموو گەنجان و گەلی کوردستان دەکەین کە لەسەر رێگاى ئەو پێشەوایانەى خۆیان بن و درێژە بە رێگاکەیان بدەن. ئێمە جارێکیتر بەڵێن دەدەین، کە خەون و ئارەزووەکانیان بەدی بهێنین".

ر.م