کەجەکە یادی ڤەتات تورکالی کردەوە

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە یادی ڤەدات تورکالی نووسەر و شاعیری کردەوە کە لە ٢٩ی ئابی ساڵی ٢٠١٦دا گیانی لەدەستدابوو.

کەجەکە لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، یادی کەسایەتی سۆسیالیست و شۆڕشگێری دیمۆکرات و نووسەر و شاعیر ڤەدات تورکالی دەکەینەوە کە لە ٢٩ی ئابی ساڵی ٢٠١٦دا گیانی لەدەستدابوو و وتیشی، گەلی کورد و گەلانی تورکیا ئەو کەسایەتە هەمیشە بە رێز و حورمەتەوە یاد دەکەنەوە.

لە راگەیێنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:

"ڤەدات تورکالی لە ماوەی تەمەنیدا بەو کەسایەتە سۆسیالیست و شۆڕشگێریەی، تێکۆشا و بۆ پەروەردەکردنی گەلانی تورکیا و هێزە کۆمەڵایەتیەکان هەوڵێکی زۆریدا و یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەی رۆحی تورکیای بە هەموو دەوڵەمەندیەکانیەوە، بە قوڵی تێگەیشتبوو. هەروەها هیوا و ئاواتەکانی ئەوە بوو، کە تورکیایەتی دیمۆکرات بونیاد بنرێت و بە هەموو نەژاد و بیروبڕواکانیەوە ببێت بە خاوەنی ژیانێکی کۆمەڵاتی و جوانترین وڵات بێت لە جیهاندا. لە سەر ئەم جۆگرافیایە بۆ ئەوەی کورد و عەلەوی و هەموو نەژاد و بیروبڕواکان بە ئازادانە و یەکسان بژین، تا دواهەناسەی هەوڵیدا. بونیادنانی کوردستانی ئازاد و تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیمۆکرات، گەورەترین ئاواتی بوو. هەروەها بڕوای بەوە هەبوو کە شەهیدانی تێکۆشانی سۆسیالیزم و دیمۆکراسی کە ١٠٠ ساڵە لە تورکیا بەڕێوە دەچێت، گەیشتووەتە بارودۆخێکی واتادار.

لە کاتێکی وەهادا کە شۆڤێنیزم گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، هەموو دۆستانی گەلی کورد دوور دەخرێنەوە و ئەو کەسانەی پشتیوانی لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەکەن، هەموو شێوازێکی زوڵم و زۆرداریان لەبەرامبەر دەکرێت، بەڵام ئەو تا دوا هەناسەی، بەردەوام بوو لەسەر دۆستایەتی و پشتگیری لە گەلی کورد. نەک تەنها بوو بە دۆستی گەلی کورد، بەڵکو بە بێ دودڵی و تا دواجار، پشتیوانی ئەو تێکۆشانەی کرد. تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردی بە تێکۆشانی خۆی زانیوە. بڕوای بەوە هەبوو کە ئەو تێکۆشانە رۆڵێکی گەورەی هەیە بۆ بەدیمۆکراسیکردنی تورکیا. لە ماوەی تەمەنیدا بۆ ئەوەی ئەو تێکۆشانەی واتادار بێت، تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردی بە چاوێکی گرنگ تەماشا دەکرد.

شۆڕشگێری گەورە و کەسایەتی بەنرخ ڤەدات تورکالی هەڤاڵێکی بەنرخی رێبەر ئاپۆ بوو. هەرچەندە لە نزیکەوە رێبەر ئاپۆی نەبینیبوو، بەڵام هەمیشە بە حەز و هەڵوێستەکانیەوە سوپاسگوزاری ئەو بوو. نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ گشت گەلانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەکو چانسێکی گەورە تەماشا رێبەر ئاپۆی دەکرد. چەندین جار هەوڵیدا بچێت بۆ ئیمرالی، بەڵام بە هۆی ئەوەی رێگەی پێنەدراوە نەیتوانی بچێت. یەکتریشیان نەبینیبوو، بەڵام ببوون بە دوو هاوڕێی باش بۆ یەکتر. رێبەر ئاپۆ چەندین جار جەختی لەسەر ژیانی بەواتا و تێکۆشانی ئەو سۆسیالیستە بەنرخە کردووەتەوە.

ڤەدات تورکالی بە هەڵوێست و بیر و هزیەوە، نوێنەرایەتی دواڕۆژی تورکیای کرد. بێگومان دواڕۆژی تورکیا بە فیکر و چالاکی و مێژووی تێکۆشانی ڤەدات تورکالی، میهری بەللی، هیکمەت کەڤلجملی، ماهیر، دەنیز، ئیبراهیم و ئورهان یلمازکایا رەنگ دەداتەوە. ئەگەر تورکیایەکی دیمۆکرات کە خۆی دەسپێرێتە برایەتی گەلان و یەکسانی و ئازادی بونیاد بنرێت، ئەوا بەو تێکۆشانی ئازادی و دیمۆکراسیەی کە ڤەدات تورکالی هیوای بۆ دەخواست، بونیاد دەنرێت. کاتێک تورکیا بە هیوا و تێکۆشان و بە هزری ئەو شۆڕشگێرە دیمۆکراتانە، ببێت بە وڵاتێکی دیمۆکرات، ئەو کاتە گشت کێشەکانی تورکیاش چارەسەر دەبن. دەبێت بە تورکیایەکی دیمۆکرات و کوردستانی ئازاد و هاوکات رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیمۆکراتیک.

ڤەدات تورکالی بە پێشبینی و زانابوونە مێژوویەکەیەوە، ئەوەی بینی کە بزوتنەوەی ئازادیی گەلی کوردی ئازادیخواز گەلی کورد دەکات بە گەلێکی شۆڕشگێر. بزوتنەوەی ئازادی کورد و گەلی کوردیش بە بەدیهێنانی هیوا و ئاواتی ئەو شۆڕشگێرە گەورەیە، ئەوەی دەکەوێتە ئەستوی، جێبەجێی دەکات.

گەلی کورد هیچ کات ڤەدات تورکالی لەبیر ناکات. بێگومان کوردستانی ئازاد و تورکیا دیمۆکراتیک کە ئاواتی ئەو بوو، بونیاد دەنرێت."

ز.ش