کەمپەینێک بۆ ئازادکردنی حوسێن پەناهی دەستیپێکرد

ڕژێمی ئێران بڕیاری دابوو پاش جەژنی ڕەمەزان، زیندانی سیاسی کورد ڕامین حوسێن پەناهی لەسێدارە بدات. ناڕەزایەتیەکانیش دژ بەو بڕیارە تا دێت زیاد دەبن.

ڕژێمی ئێران تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدار و کەسایەتیی کوردی لە سێدارە داوە. لە ئێستاشدا ئەو ڕژێمە بڕیاریداوە، پاش جەژنی ڕەمەزان زیندانی سیاسیی کورد ڕامین حوسێن پەناهی لە سێدارە بدات.

لە دژی ئەو بڕیارەی ڕژێمی ئێران، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپەینێک بە ناوی نا بۆ لەسێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی بە هاشتاگی رامین حوسێن پەناهی و هاشتاگی سۆس رامین' (#RahimHosseinpanahi #SosRahim) دەستیپێکرد. ئەو کەمپەینە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جیهاندا دەنگی دایەوە. بەمەبەستی دروستکردنی فشار لەسەر ڕژێمی ئێران بۆئەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی ڕامین هەڵبوەشێننەوە و ئازادی بکەن، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی تری کوردستان و وڵاتانی تری جیهاندا بانگەواز کرا و چالاکی ئەنجام دەدرێت.

لە شاری کۆلنی وڵاتی ئەڵمانیا، چالاکی ئەنجام درا و تێیدا داوا کرا بڕیاری لەسێدارەدانی ڕامین پەناهی هەڵبوەشێتەوە و ئازاد بکرێت. چالاکوانان دروشمەکانی "ئێمە دەبینە دەنگی پەناهی" و "نا بۆ لەسێدارەدانی پەناهی"یان دەوتەوە. هەروەها چالاکوانان دوو پۆستەریان بەرزکردبووە، کە لەسەریان نوسرابوو "ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسیی" و "ئێمە سێدارەمان ناوێت".

بەڕێوەبەرانی زیندانی سنە، لە ڕۆژی ١٩ی ئایار / ٢٩ى بانەمەڕ بە خێزانەکەی ڕامین پەناهییان ڕاگەیاندبوو، کە پاش جەژنی ڕەمەزان کوڕەکەیان لە سێدارە دەدەن.

ر.م