کەنەدا فەرمانی فرۆشتنی چەکی نوێی بە تورکیا ڕاگرت

کەنەدا لە بڕیارێکدا لەدژی تورکیا کە هێرشە داگیرکەریەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، فرۆشتنی چەکی بە تورکیا ڕاگرت.

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و باکووری سوریا دەستپێکرد، ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیهان ناڕەزایان دەربڕی و فرۆشتنی چەکیان بە تورکیا ڕاگرت. لەو چوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند، حکومەتەکەیان فرۆشتنی چەکی بە تورکیا ڕاگرتووە.

وەزیری دەرەوەی کەنەدا وتیشی، "هێرشەکانی تورکیا زیانێکی گەورە بە ئاسایشی ناوچەکە دەگەیەنێت و کاریگەری لە سەر شەڕی دژی داعش دروست کردووە."

هەروەها ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا زیان بە دەستکەوتەکانی شەڕی دژی داعش دەگەیەنێت و بەو هۆیەوە حکومەتی کەنەدا فەرمانی فرۆشتنی چەکی نوێی بە تورکیا ڕاگرتووە.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش کە هیرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قبوڵ ناکات، ڕایگەیاند، گریبەستی نوێی چەکیان لە گەڵ تورکیا ڕاگرتووە.

بە پێی ئامارێکی حکومەتی کەنەدا، لە ساڵی ٢٠١٨ کەنەدا بە بەهای ١١٦ ملیۆن دۆلار (٨٠ ملیۆن یورو) چەکی بە تورکیا فرۆشتووە.

ف.ق