کەنەکە ئەنجامنامەی کۆمیتەى دیپلۆماسیى هاوبەشی پارت و ریکخراوە کوردستانییەکانی بڵاوکردەوە

کۆمیتەى دیپلۆماسیى هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کوردستان رۆژی ٩ی ئەیلول ١٦هەمین کۆبوونەوەى بەڕێوەبرد.

کۆمیتەى دیپلۆماسیى هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان کوردستان لە کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) ١٦هەمین کۆبوونەوەى خۆی بە  ئامادەبوونی ٣٤ لایەن لە شاری برۆکسلی پایتەختى وڵاتى بەلجیکا لە رۆژی ٩ی ئەیلولی ٢٠١٨دا بەڕێوەبرد. ئەنجامنامەى ئەو کۆبوونەوەیە بڵاوکرایەوە، کە ١٦ خاڵ لە خۆی دەگرێت.

دەقی ئەنجامنامەی کۆمیتەى دیپلۆماسیى هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کوردستان

کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، رۆژی یەکشەمە 09.09.2018 شانزەمین کۆبوونەوەی لە ناوەندی کەنەکە لە برۆکسل کرد. کۆمیتە لەسەر بنەمای پلانسازییەکانی خۆی، سەرەڕای کاری رۆژانە، لە کارو خەباتێکی بێوچاندایە. بەتایبەتی هەوڵئەدات لۆبی دیپلۆماسییەکی بەهیز لە ئەوروپاو ئەمەریکاو سەرانسەی جیهاندا پێشبخات.

لەسەرەتای کۆبوونەوەدا بە پێی رۆژەڤ وتووێژێکی چڕو پڕ لەسەر دۆخی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوایین رووداوو گۆڕانکارییەکان، رۆڵی هێزە جیهانیەکان لە ناوچەکەدا کرا. هەروەها هێرشی دەوڵەتی ئێران لەسەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و لە سێدارەدانی سێ لاوی کورد لە ئێران، بوون بە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوە. هەموو بەشدارابووان بە تێکڕای دەنگ ئەو هێرش و تاوانانەیان ئیدانە کردو هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا کرد. بە هەمان شێوە دۆخی رۆژاوای کوردستان، بە تایبەتیش رەوشی عەفرین و قەیرانەکانی سوریا، تەوەرێکی تری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو. بۆ روونکردنەوەو زانیاری لەو بارەیەوە، بەڕێز ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی تەڤدەم بانگهێشتی کۆبوونەوە کرابوو. بەڕێزیان باسێکی چڕی لەسەر دۆخەکە پێشکەش کرد. لەسەر باشووری کوردستان، بە تایبەتیش ناوچە دابڕاوەکان، هەوڵدانی نەیاران بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە و هەمانکات خاوەندارێتی کوردستانیان لەو شوێنانە ، وتووێژی جدی و گرنگ کرا. رەوشی شەنگال و ناوچەکانی دوروبەری موسل. بە تایبەتی هاتە بەر باس. لەو بارەیەوە کۆبوونەوە بڕیاری دا بە هەموو شێوەیەک خاوەندارێتی لە هەڵگرانی بیرو باوەڕ و ئاینە جیاوازەکانی وەک ئێزدی و  ئاسوری-سریانی-کلدانی بکات. هەمانکات لەسەر دۆخی باکوری کوردستان، هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لەسەر رۆژاواو باشووری کوردستان، هەروەها گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجەلان، بە شێوەیەکی تایبەت بوو بە تەوەرێکی رۆژەڤ و بە فراوانی هەڵوەستەی لەسەر کرا. لە تەوەرێکی تردا بارودۆخی رۆژهەلاتی ناوەڕاست وگۆڕانکارییە نوێیەکان تاووتوێ کران.

کۆبوونەوە هەڵوێستی خۆی لەم خالانەی خوارەوەدا کۆکردەوە:

1- هێرشی دەوڵەتی ئێران بۆسەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هێرشێکی دڕندانەیە و بە هەموو شێوەک ئیدانە ئەکرێت و قابیلی قبوڵ نییە، لە هەمانکاتا لە سێدارەدانی سێ لاوی کورد ( رامین حسێن پەنا، لوقان مورادی، زانیار مورادی)، درێژەو فراوانکردنی ئەو هێرشەیە و  دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گەلی کورد دووپات ئەکاتەوە. رۆژێک دوای سەردانی ئەردۆگان بۆ تاران ئەو هێرشە بەڕێوەچوو. حکومەتی عێراقیش لەو بارەیەوە بیدەنگە. ئەمانەش جارێکی دی ئەوە ئاشکرا ئەکەنەوە کە داگیرکەرانی کوردستان لە دژی گەلی کوردستان لە رێککەوتندان. ئێمە ئەو هێرشانە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەزانین، بە توندی رژێمی ئێران شەرمەزار ئەکەین. هەروەها ئێمە سەرەخۆشی لە هەردوو حیزب و بنەماڵەی شەهیدان و گەلی کوردستان ئەکەین. هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان ئەخوازین.

2- بەو بۆنەیەوە ئێمە جارێکی تر داوا لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەکەین، ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوەو یەکێتییەکی بەهیز لەنێوان خۆیاندا پێکبێنن. هەمانکات داوا لە هەموو هیزە کوردستانیەکان ئەکەین، لە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن دەرکەون و پشتگیریی بدەنە گەلی رۆژهەڵات.

3- باشووری کوردستان بە دۆخێکئ هەستیاردا تێپەڕئەبێت. باشووری کوردستان پێویستی بە ئەڵتەرناتیڤێک هەیە، پێویستی بە حکومەتێکی بوێر و پەرلەمانێکی خاوەن ئیرادە هەیە کە سیستەمێکی دیموکراتیک دابمەزرێنن.

4- ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان لە ژێر هەڕەشەدان. لە زۆر شوێن هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان ئەدرێت، خەڵک کۆچبەر و ئاوارە ئەکرێن. ئێمە حکومەتی ئێراق ئاگادار ئەکەینەوە کە دەست لە هەڵوێستی بە عەرەب کردن و گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک ناوچەکانی مادەی 140 هەڵگرێت. چیتر لەو بارەیەوە پەیڕەوی سیاسەتی بەعسیەکان نەکات. پێویستە ئاوارەکان بگەڕینرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبووی زیانەکانیان بکرێتەوە.

5- داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ئەبێت. بوونی هێزی سەربازیی تورکیا لە باشوور، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان. ئەبێ بە زووترین کات ئەو هیزانە لە باشوور دەربکرێن.

6- داوائەکەین هەموو  هێزە کوردستانییەکان و گەلی کوردستان لەسەنگەری گەلی باکوری کوردستاندا بن و پشتیوانی بن. پێویستە لە بواری دیپلۆماسییدا ئەو دەولەتە بەردەوام لەقاو بدرێت. لە ئێستدا ئەو دەرفەت و توانایە هەیە. سەرکەوتنی باکور ئەبێ بە هۆکار بۆ سەرکەوتنی هەموو کوردستان.

7. و ا سێ ساڵ و نیوە سەردان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان قەدەغە کراوە. دوو ساڵیشە هیچ هەواڵیکی نازانرێت و لەژێر گۆشەگیرکردنێکی توندایە. ئێمە پشتیوانیی لە کەمپینی ئازادکردنی بەڕیز ئۆجەلان ئەکەین، هەمانکات سلاو بۆ چالاکوانانی دژی گۆشەگریکردن ئەنێرین.

8- ئێمە داگیرکاریی و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر رۆژاوای کوردستان شەرمەزارو ریسوا ئەکەین. بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی رۆژاوای کوردستان لە سەنگەرداین. سڵاو بۆ هەموو هێزەکانی پاراستی رۆژاوا، بەتایبەتیش بەرخۆدەرانی عەفرین ئەنێرین.

9- هەوڵدانی دەوڵەتی تورکیاو هاوپەیمانەکانی بۆ گۆڕین و تێکدانی دیمۆگرافیای عەفرین بە توندی ئیدانە ئەکەین. داوا لە هێزە پەیوەندیدارەکان ئەکەین لەو بارەیەوە خاوەن هەڵوێست بن. هەروەها هاوکاری ئاوارەکانی عەفرین بن، بە تایبەتیش ئەوانەی لە کەمپی شەهبادان. با یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانمان ئەوەبێت کە پشتگیریی و هاوکاریی نێونەتەوەیی بۆ ئەوان دەستبەر بکەین.

10- هێرشی دەوڵەتی تورکیا لە سەر رۆژاوای کوردستان لە رۆژەڤی سەرەکیی کارە دیپلۆماسیەکانی ئێمەدایە. هەرچەند بۆ رێگریی و وەستاندنی ئەو هێرشانە کاری گرنگ ئەکرێن. لەو بارەیەوە پێویستە بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی رێبەرایەتی باکووری سوریا بکرێت. کاری جدی بکرێت بۆ ئەوەی بە فەرمی بناسرێت.

11. پێویستە رۆژاواو هەموو باکووری سوریا بپارێزرێت. بۆ ئەو مەبەستەش لە دژی هێرشەکانی تورکیا و هەموو هێرشەکانی تر، جەترێکی پارستن بۆ ئەو هەرێمە دابین بکرێت. بۆ ئەوەی رۆژاوا ببێتە هەرێمێکی ئارام ( دژە فڕین)، پێویست بە خەباتێکی فراوان و جدیی هەیە.

12- لەسەر کێشەی سوریا لە جنێڤ و ئاستانە چاوپێکەوتن لە نیوان رژێم و هێزە نەیارەکانیدا بەڕیوەئەچێت. بەلام تا ئێستا رێبەرایەتی باکوری سوریاو هیزە کوردیەکان بانگهێشت نەکراون. هەر هەوڵدانێکی لەو چەشنە بێ بە شداریکردنی کورد و پێکهاتەکانی باکووری سوریا بە ئەنجام ناگات و شکست دێنێ. کوردو پێکهاتەکانی باکوری سوریاش بە رەسمی ناناسن.

13- بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە فەرمییەیتی نێودەوڵەتیدا وەک جینۆساید بناسرێت، پشتگیریی کەیسی ئێزدییەکان ئەکەین. هەروەها پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان دژی هەر جۆرە هێرشێک بۆسەر شەنگاڵ راوەستن و شەنگاڵ بپارێزن. هەوڵبدرێن ئاوەدانکردنەوەی شەنگاڵ بکەوێتە بواری پراکتیکەوەو ئاوارەکان بگەڕێنەوە جێ و ماڵی خۆیان. پێویستە ناسنامەی شەنگاڵ بپارێزرێت، دیمۆگرافیای شەنگاڵ نەگۆڕێت. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە شەنگاڵ خۆی خۆی بەڕێوەببات.

14- ئێمە جارێکی تر پشتگیریی خۆمان بۆ هەموو مافەکانی گەلی ئاسوری-سریانی-کلدانی دووپات ئەکەینەوە. ئەوان خەڵکی کۆنی ئەو هەرێمەن. پێویستە مافە ئیتنیکی و کلتوری و سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوان لەسەر ئەو خاکە دەستەبەر بکرێن و بپارێزرێن و  ئاوارەکانیان بگەڕینەوە سەر خاکی خۆیان.

15- پێویستە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان لەسەر بنەمای پرەنسیپە دیموکراسییەکان خۆیان رێکبخەن. رێز لەیەکتر بگرن و لە کاری دیپلۆماسیدا هێڵی سووری بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بپارێزن.

16- ئێمە وەک کۆمیتە بانگی هەموو پارت و رێکخستنە کوردستانییەکان ئەکەین بەشداری کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش ببن و بەیەکەوە کاری دیپلۆماسی بکەین.

لە کۆتایی کۆبوونەوەدا زانیاریی لەسە ئەو کارو خەباتە نێونەتەوەییە درا کە لە بواری دیپلۆماسییدا لەوەرزی رابردوودا کرابوون. کارەکان نرخێندران. دواتر لەسەر شێوازی رێکخستنی کۆمیتە و پێکهێنانی کۆمیتەی هاوشێوە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان وتووێژ کرا و بڕیای درووستکردنیان لەو وڵاتانەدا درا کە دەرفەتی درووستکردن هەبێت. تەوەری کۆتایی کۆبوونەوە پلانداڕشتنی کارو خەباتی وەرزی داهاتوو بوو کە تیایدا کۆمەڵێک راسپاردەو پێشنیازی گرنگ پەسەند کران.

ناوی لایەنە بەشداربووەکانی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان

 

 

 

1.           كۆمسیۆنی كاری دەرەوەی - كنك

2.           یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان

3.           پارتی یەكێتی دیموكراتی ( پ ی د )

4.           بزووتنەوەی گۆڕان

5.         كۆنگرەی جڤاكێن دیموكراتیك – ك ج د ئەوروپا 

6.        یەكێتی سوریانیانی ئەوروپا

7.         کۆمەڵە – رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

8.           حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان

9.           تەڤگەری ژنانی كوردستان – ئەوروپا

10.        فیدراسیۆنی ئێزدیانی كوردستان

.11      کۆدار

12.        پارتی یەكێتی سوریانی – رۆژاوا

13.        پارتی ژیانی ئازادی كوردستان - پژاك

14.        پارتی ئیسلامی كوردستان

15.        نوێنەرایەتی  ( ھ د پ ) لە ئەوروپا

16.        پارتی دیموكراتی كوردی سوریا

17.        پارتی چەپی دیموکراتی کورد - سوریا

18.        پارتی چەپی کورد - سوریا

19.        پارتی دیموکراتی کورد – ئەلپارتی- سوریا

20.        پارتی دەموکراتی پێشڤەڕۆی كوردی سوریا

21.        پارتی رزگاری کوردستان

22.        پارتی سەوزی كوردستان  ( رێكخراوی سەوزی ئەوروپی – كوردستانی )

23.        ئەنستیتۆی كورد لە برۆكسل

24.        رێکخراوی دیموکراتیکی یارسان

25.        یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

26.        تەڤگەری ئاوەدانکردنەوەی کوردستان - سوریا.

27.        ئەنجومەنی شەنگاڵ لە دەروەی وڵات.

28.        پارتی کۆمۆنیستی کوردستان.

29.        پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردستان- الوحدة. (رۆژاڤا)

30.      حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان 

31.       پارتی سەوزی کوردستانی (رۆژاوا)

32.   پارتی سەربەخۆیی کوردستان

33.   هاوپەیمانی بۆ دیموکراتی و دادپەوەریی

34.   هەڤبەندی ئێزدییەکانی سوریا

ر.م