کەنەکە: دۆزی رزگارکردنی عەفرین رۆژەڤێکی سەرەکیمانە

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى یەکەمین ساڵیادی هێرش و داگیرکەریى دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکانى بۆ سەر عەفرین رایگەیاندراویکى بڵاکردەوە و رایگەیاند، دۆزی رزگارکردنى عەفرین رۆژەڤی سەرەکییانە.

کەنەکە راشیگەیاندووە، دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانى ساڵێک لەوە پێش هێرشى داگیرکەرییان بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد و جگە لە شەڕڤانان هەموو هاووڵاتییان، ژنان، منداڵان و بە تەمەنەکانیان کردە ئامانج.

کەنەکە راشیگەیاندووە، عەفرین لە ناوچەیەى ئارام و دیموکراتیکەوە ئێستا بووەتە ناوەندی راهێنانى گروپە چەتە تیرۆریستەکان، بۆیە داوایکردووە، بۆ خاوەندارێتی و رزگارکردنی عەفرین، داوا لە سەرجەم گەلی کوردستان ئەکەین بە هەموو شێوەیەک لە سەنگەری بەڕیوەبەرایەتی رۆژاواو هێزەکانی بەرگریدا سەنگەر بگرن. بە کۆمەڵ بکەونە شەقام و کۆڵانەکان و سەرنجی هەموو دنیا رابکێشن.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

ئەمڕۆ یەکەمین ساڵوەگەڕی هێرشی دەوڵەتی تورکیایە بۆ سەر عەفرین. دەوڵەتی تورکیا لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆی ساڵی رابردوودا، بە هەموو توانا خۆی و بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی لە سەلەفییە تێرۆریستەکانی ناوچەکە، هیرشێکی دڕندانەی کردە سەر هەرێمی عەفرین. ئامانجی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لەو هێرشەدا تەنیا هیزە شەڕکەرەکان نەبوون، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک هەموو نۆرمە یاسایی و مرۆییەکانی خستە ژێر پێی خۆی و ، ژن و مناڵ و پیر و تەواوی گەلی عەفرینی کردە ئامانج و پەلاماری دان. لە هێرشی عەفریندا جگە لە دۆستان و کەسانی خاوەن ویژدان، ئیدی هەموو هێزە دەسەلاتدارەکانی دنیا تەماشاوانێکی بێدەنگ بوون.

لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و گەلی عەفرین، تا ماوەیەکی درێژ بەرخۆدانێکی قارەمانانەو بێوێنەیان کرد. لە دژی هێزێک کە دەیان جار لە خۆیان گەورەتر بوو، لەبەرامبەر چەکی پێشکەوتووی ناتۆ، لەبەرامبەر هەموو هیزی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە 58 رۆژی تەواو لە ڕووبەرووبوونەوەیەکی بەهێزدا بوون. دوای وێرانکاریەکی زۆر و گیان لەدەستانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل. هێزەکانی بەرگریی ناچار بوون لە ناوەندی شار بکشینەوە. دواجار دەوڵەتی تورکیاو هاوکارەکانی شارەکەیان داگیرکرد.

عەفرین پێش ئەو هێرشانە هەرێمێکی ئارام و ئاوەدان بوو. وا دە مانگە عەفرین لە ژێر داگیرکاریی تورکیا و هێزە سەلەفییە تێرۆریستەکانی تردایە. ئێستا عەفرین و وێرانەیەو تاڵانکراوە. گەلی عەفرین ئاوارەبووەو  خەڵک ناوچەکانی تریان هێناوەو لەوێ جێگیریان کردوون و دیمۆگرافیای شارەکەیان گۆڕیوە. عەفرین شوێنێکی ئارام و خاوەن بەڕیوبەرێتییەکی دیموکرات بوو. ئێستا عەفرین بووە بە مۆڵگەی پەروەردەکردنی هێزە تێرۆریسەکان. وا ساڵێکە دەولەتی توکیا و هێزە هاوکارەکانی لەو شارەدا تاوانی شەڕ و تاوانی دژەمرۆڤایەتی پەیڕوە ئەکەن.

بۆ ئێمە گەلی ئێمە دۆزی رزگارکردنی عەفرین، رۆژەڤێکی سەرەکییە. شەڕی ئازادکردنی عەفرین بەردەوامە. بەڕێوەبەرایەتی رۆژاوا، هێزەکانی پاراستنی رۆژاوا هێزە کوردستانییەکان سوورن لەسەر رزگارکردنی عەفرین. ئەو گوڕو بزووتنەوەیە تا رزگارکردنی عەفرین و هەموو ناوچە داگیرکراوەکان هەر بەردەوام ئەبێت.

لە یەکەم ساڵوەگەڕی بەرخۆدانی عەفریندا، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان:

* شەهیدانی عەفرین و هەموو شەهیدانی کوردستان بە رێز و شکۆوە بەبیر دێنینەوەو سەری رێز بۆ ئەوان دائەنەوێنین.

* سڵاو لە بەرخۆدان و شەروانانی عەفرین ئەکەین. بە هەموو توانامانەوە خاوەندارێتی لە بەرخۆدان، هێزەکانی بەرگری و گەلی عەفرین ئەکەین.

* بۆ خاوەندارێتی و رزگارکردنی عەفرین، داوا لە سەرجەم گەلی کوردستان ئەکەین بە هەموو شێوەیەک لە سەنگەری بەڕیوەبەرایەتی رۆژاواو هێزەکانی بەرگریدا سەنگەر بگرن. بە کۆمەڵ بکەونە شەقام و کۆڵانەکان و سەرنجی هەموو دنیا رابکێشن.

* هەروەها داوا لە رای گشتیی جیهان ئەکەین و ئەڵێین: ئەمڕۆ رۆژی عەفرینە. عەفرین و گەلی کوردستان بە تەنیا جێ مەهێڵن و لە بەرامبەر داگیرکاریدا پشتگیریان بن.

ر.م