کەنەکە: دەبێت تورکیا و ئێران لەبەر هێرش و کوشتارەکان بدرێنە دادگای لاهای

کۆمیتەی مافه‌كانی مرۆڤ لە کۆنگرەی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (کەنەکە) راگەیاندراوێکى لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکانى تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و شەهیدکردنى هاووڵاتییان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەبێت ئەو دەوڵەتانە بدرێنە دادگاى لاهای.

کەنەکە هێرشە داگیرکەرییەکانى تورکیای بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان و کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتییان لەلایەن ئەو دەوڵەتەوە ئیدانە کردووە و راشیگەیاندووە، حکومەتى هەرێم و عێراق بەو بێدەنگییە پشتیوانى لە تاوانەکانى دەوڵەتى تورک دەکەن.

کەنەکە داواشیکردووە، مافناسان و چالاکوان و رۆشنبیران و رێکخراوەکان لە دژی ئەو تاوانانە بێنەدەنگ و تورکیا و ئێران بەهۆی تاوانەکانیان لە دژی خەڵکى کوردستان و کوشتارکردنى هاووڵاتییان بدەنە دادگاى تاوانەکان لە دادگای لاهای.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە:   

كۆمه‌ڵكوژی بناری كورته‌ك و ئه‌وانه‌ی تر تاوانگه‌لێكن، هه‌موو لایه‌ك ده‌خاته‌ ژێر پرسیار و به‌رپرسیارێتیه‌وه‌!‌

بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی باشووری كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ‌

لایه‌نه‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌ته‌یه‌كان

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان

پێنجشەممە ٢٧ی حوزێرانی ٢٠١٩ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیركه‌ری تورکیا جارێکی تر هاوشێوەی ساڵی ٢٠١١  لە بناری کورتەک دوو ئۆتۆمۆبێلی پڕ سەرنشینی سڤیل کە هەموویان سەربە یەک خێزان بوون کردە ئامانج و به‌و هۆیەوە سێ هاوڵاتی بە ناوەکانی عەبدوڵا ئالی مینە، هەریاد عەبدوڵا، کوردستان عەبدوڵا شەهید بوون و پێنچ کەسیش بە ناوەکانی محەمەد عەبدوڵا، مەلیکە محەمەد عەبدوڵا، تەیب محەمەد عەبدوڵا، بەناز محەمەد عەبدوڵا، ڕابی محەمەد برینداربوون. تەنانەت دوو لە شەهیدەکان بەشێوەیەک سووتابوون ببوون بە خەڵوز و نەدەناسرانەوە!

ئێمە لە کۆمیتەی مافه‌كانی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ ك ن ك، پێمان وایە تاوانەکانی داگیرکەرانی کوردستان ده‌رحه‌ق به‌ گه‌له‌كه‌مان ڕۆژ بە ڕۆژ و بە شێوازی جۆراوجۆر لە پەرەسەندندایە، داگیرکەران بەمەبەستی چۆڵکردنی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان به‌ سیاسه‌تی سووتانی خاك ڕۆژانە گوند و دەڤەرە جیاوازەکانی هەرێمی باشووری کوردستان بە بیانوی بێبنەما بۆمباران دەکەن. هاوکات شاڵاوی سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیارانی کورد هەموو سنورێکی تێپەڕاندووە. ئامانجی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و لەناوبردنی ژێرخانی ئابوری کوردستانە. سەرباری هەموو ئەوانەش فڕۆکە جەنگیی و تۆپخانەکانی تورکیا بەردەوامن لە بۆمبارانکردنی خەڵکی سڤیلی گوندەکان بەتایبەتی ناوچە سەرسنوریه‌كان كه‌ دانیشتوانی زیاترینی خه‌ڵكی سڤیلن .

ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین كه‌ داگیركه‌رانی كوردستان به‌ پیلانێکی شەڕێكی گەورە و ماڵوێرانكه‌ریان له‌ دژی خاك و گه‌له‌كه‌مان ده‌ستپێكردووه‌. بێدەنگی حکومەتی ناوەندی عیڕاقی فیدڕاڵ و حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەو شێوە ناسروشتیە شەرعیەتدانە بەو تاوانانەی کە هێزەکانی تورکیا دژ بە خەڵکی سڤیلی هەرێم ئەنجامیدەدات، هەروەها پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆی داگیرکارییە و برەودانە بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی کە تورکیا دژ بە کورد و هه‌موو كوردستان  پەیڕەوی دەکات.

ئێمه‌ کۆمیتەی مافه‌كانی مرۆڤی ک ن ك ـه داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیەکان، یاساناسان،  مافپەروەران، ڕیکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان و مافەکانی مرۆڤ و  کورد و كوردستانیانی تاراوگە ده‌كه‌ین كه‌ لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا و داگیرکەران ئەرکی سەرشانی خۆیان به‌جێ بێنن و بێدەنگی بشکێنن و لە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی لە  (لاهای- هۆڵەندا) و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی مرۆڤ  بە تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی سکاڵا لە دژی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران تۆماربکەن.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدەکان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی کۆمەڵکوژیەکەی بناری کورتەک دەخوازین، خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵە و کەسوکاریان و گەلەکەمان دەزانین.

ر.م