کەنەکە: دەوڵەتى تورک لە ئەنقەرەوە بە بێ خۆفرۆشانی ناوخۆ ناتوانێت شوێنپێى تێکۆشەرانى کورد هەڵبگرێت

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى شەهیدبوونی دیار غەریب (هەڵمەت) ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە "پاش 25 ساڵ لە خەبات و تێکۆشانی دڵخوازانە و خۆبەخشانە، بێ هیچ جۆرە بەرژەوەندیەکی شەخسیی و ماڵباتیی، لە رەنجێکی بێووچانی گەرما و سەرما و ژێر بۆمبارانی داگیرکەر چووە ڕیزی کاروانی نەمران".

کەنەکە راشیگەیاندووە "ئاشکرایە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناتوانێت لە ئانکاراوە شوێنپێی تێکۆشەرێکی کورد، بێ سیخوڕیی و خۆفرۆشیی ناوخۆ، هەڵبگرێت".

کەنەکە ئەوەشی راگەیاندووە " دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاریی تۆڕی سیخوڕیی میت و عەسکەریی ئەو دەستەی لە کورد وەشاند بەڵام بە بێگومانییەوە بە هاوکاریی دەستی سیخوڕیی ناوخۆ سەرکەوتوو بووە کە وا بە خاترجەمییەوە هەواڵی دروستی تیرۆرکردنەکە بڵاو بکاتەوە. لەبەرئەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و هەموو جۆرەکانی دەسەڵات لە باشوور دەکەین کە بە ئەرکی بەرپرسایەتیی خۆیان سەبارەت بە ڕێگاگرتن لە سیخوڕیی ناوخۆ و دەستنیشانکردن و سزدانی ئەوانە دەست بە کار بن".

 کەنەکە باسی ئەوەشیکردووە "دەوڵەتی ئێران و تورکیە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە بە ئاشکرا لە سەر ئەم جۆرە تیرۆرانە بەردەوامن و تا ئێستا زیانی گەورەیان لە سامانی گیانیی و هۆشیاریی کوردستان داوە".

کەنەکە داواشی لەلایەنە سیاسییەکانى باشووری کوردستان، حکومەتى هەرێم کردووە، رێگری لە تۆڕی سیخوڕیى دەوڵەتى تورک بکەن.

کەنەکە داواشی لە هەموو تاکێکى کوردستانى کردووە، کە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆیان لە ڕێگاگرتن لە دەسەڵاتی داگیرکەریی جێبەجێ بکەن، کە فشار بۆ حکومەتی هەرێم و دامودەستگا حکومیەکان بهێنن کە بەر بە تیرۆریزمی دەوڵەتیی داگیرکەران لە باشوور بگرن. ئەمە ئەرکێکی ویژدانیی و ڕەووشتیی و نەتەوەیی و نیشتیمانییە و هیچ کەسێک نابێت لە جێبەجێکردنیدا لە دەرەوە بمێنێتەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین!

نەمری بۆ گیانبەختکردوو دیار غەریب و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان

دەوڵەتی تورکیاو تاوانێکی تری دژی تێکۆشەرانی گەلەکەمان کرد. خەباتگێڕێکی ماندوونەناسی کوردستانیی، دیار  غەریب، و دوو هاورێبازی، بڵاو بووەوە. پاش 25 ساڵ لە خەبات و تێکۆشانی دڵخوازانە و خۆبەخشانە، بێ هیچ جۆرە بەرژەوەندیەکی شەخسیی و ماڵباتیی، لە رەنجێکی بێووچانی گەرما و سەرما و ژێر بۆمبارانی داگیرکەر چووە ڕیزی کاروانی نەمران.

لێرەوە سەرەخۆشیی لە هەموو گەلی کوردستان، لە تێکۆشەرانی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان لە هەر شوێنێک هەن و لە هەڤاڵان و لە خانەوادەی دیار غەریب دەکەین و دەڵێین کە ئەو ڕێگایەی ئەو بە هیمەتی ئەوان هەمیشە پڕ رێبوار و سەرکەوتوو دەبێت.

هاوکات دەمانەوێت جەخت لە سەر ئەو خاڵە بکەینەوە کە بۆ هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و خاوەن ڕەووشت و هەستی ئازادیخوازیی ئاشکرایە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناتوانێت لە ئانکاراوە شوێنپێی تێکۆشەرێکی کورد، بێ سیخوڕیی و خۆفرۆشیی ناوخۆ، هەڵبگرێت.

دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاریی تۆڕی سیخوڕیی میت و عەسکەریی ئەو دەستەی لە کورد وەشاند بەڵام بە بێگومانییەوە بە هاوکاریی دەستی سیخوڕیی ناوخۆ سەرکەوتوو بووە کە وا بە خاترجەمییەوە هەواڵی دروستی تیرۆرکردنەکە بڵاو بکاتەوە. لەبەرئەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و هەموو جۆرەکانی دەسەڵات لە باشوور دەکەین کە بە ئەرکی بەرپرسایەتیی خۆیان سەبارەت بە ڕێگاگرتن لە سیخوڕیی ناوخۆ و دەستنیشانکردن و سزدانی ئەوانە دەست بە کار بن.

هەر جێی مەخابن و نارەحەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نییە، بەڵکو هەروەها جێی شەرمەزاریی و شکاندنی شکۆی نەتەوەیەکی بندەستە کە دەوڵەتی تورک بتوانێت سپا و تۆڕی سیخوڕی لە بەشێکی کوردستاندا چالاکانە وەگەڕ بخات لە کاتێکدا کە ئەو بەشە خاوەنی حکومەتێکی فیدەراڵیی و دامودەستگای حکومەتییە و خاوەنی هێزی لەشکریی و پۆلیس و ئاسایش و پاراستن ـە.

دەوڵەتی ئێران و تورکیە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە بە ئاشکرا لە سەر ئەم جۆرە تیرۆرانە بەردەوامن و تا ئێستا زیانی گەورەیان لە سامانی گیانیی و هۆشیاریی کوردستان داوە.

لێرەوە داوا لە هەموو تاکێکی کوردستانیی دەکەین کە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆیان لە ڕێگاگرتن لە دەسەڵاتی داگیرکەریی جێبەجێ بکەن، کە فشار بۆ حکومەتی هەرێم و دامودەستگا حکومیەکان بهێنن کە بەر بە تیرۆریزمی دەوڵەتیی داگیرکەران لە باشوور بگرن. ئەمە ئەرکێکی ویژدانیی و ڕەووشتیی و نەتەوەیی و نیشتیمانییە و هیچ کەسێک نابێت لە جێبەجێکردنیدا لە دەرەوە بمێنێتەوە.

قسەی تێدا نییە کە داگیرکەران لە قەیرانی گەورەی سیاسیی و سپایی و ئابوورییدان و ڕۆژبەڕۆژ بێ ورەتر و دڵ بە خورپەتر دەبن و لەبەرئەوەیە هەموو هێزێکیان بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتیەکی خەباتگێڕی کورد وەگەڕ دەخەن. ئەوان و ئێمە دەزانین کە نەمانی دیار غەریب و هاوڕێکانی چەندە بە ئازار و دڵتەزێنیش بێت، جێی خاڵی نابێت و سەرئەنجام سەرکەوتن هەر بۆ کوردستان و خەڵکەکەیەتی، بەڵام ئەو زەخمە هەرگیزاوهەرگیز سارێژ نابێت کە دەستی ناوخۆ لە زامدارکردنیدایە.

- داوا لە هەموو تێکۆشەرێک و خەمخۆرێکی کوردستانیی دەکەین کە ئاستی خەباتی خۆیان ببەنە سەرووتر و کە جەسوورتر و شێلگیرانەتر دژ بە داگیرکەریی بووەستنەوە، کە خاوەن لە یەکتر دەربکەون و کە پەرە بە پێشخستنی ئەدەبیاتی جۆراوجۆر دژ بە خیانەتی ناوخۆ بدەن.

- داوا لە سەرتاپای دەسەڵاتی باشوور دەکەین کە ڕێگا لە سیخوڕیی و خیانەتی ناوخۆ بگرن و ئەو ئەرکە بەجێ بێنن کە وەسەر شانی خۆیان هاویشتووە.

ر.م