کەنەکە لە دژی بڕیارەکەى ئەمریکا کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجام دەدات

کەنەکە لە دژی بڕیارەکەى ئەمریکا بەرامبەر بە جەمیل بایک، موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان کۆبوونەوەیەکى فراوان بە بەشداریى سەرجەم حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان و کەسایەتییە رۆشنبیر و هونەرمەند و ئەکادیمییەکان بەڕێوەدەبات.

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "رۆژی ٦/١١/٢٠١٨، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەریەک لە بەڕێزان جەمیل بایک، موراد قەرەیلان و دوران کاڵکانی خستە لیستی "داواکراو" و بۆ دەستگیرکردنیشیان خەڵاتی پارەی داناوە".

کەنەکە راشیگەیاندووە "ئەو بڕیارەی ئەمەریکا بڕیارێکی نایاسایی و نادادپەروەرە، بە هیچ شێوەیەک پەسەند ناکرێت. ئەم بڕیارە لە کەسێتیی ئەو سێ تێکۆشەرەدا، هێرشێکە بۆسەر شۆڕشی کوردستان و بەها کوردستانییەکان".

کەنەکە ئاماژەى بەوەشکردووە "لە دژی ئەو هێرش و بڕیارە ناڕەوایە، هەڵوێستێکی کوردستانی پێویستە. بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە ژێر ناونیشانی "هەڵوێستی نەتەوەیی بۆ سێ تێکۆشەری کوردستان "بە بەشداریی نوێنەری سەرجەم پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان، کەسایەتیی رۆشنبیر، هونەرمەند، رۆژنامەوان و ئەکادیمیکاری کوردستانیی رێکئەخەین".

ئەوەش خراوەتەڕوو "کۆبوونەوەکە رۆژی شەممە، ١٥/١٢/٢٠١٨، لە برۆکسل، کاتژمێر ١٠ و نیوی  سەرلەبەیانی دەست بەکارەکانی دەکات. بە گرنگی دەزانین دەزگاکانی راگەیاندن لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بن و رووماڵی کارەکانی بکەن".

ر.م