کەنەکە: پەلاماردانی بارەگاکانی حیزبی دیموکرات ریسوا و شەرمەزار ئەکەین

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) رایگەیاند، بۆردومانکردنى بارەگاکانى هەر دوو حیزبی دیموکراتى کوردستان و حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لەلایەن رژێمی ئیسلامیى ئیرانەوە ئیدانە دەکات.

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە "ئەمڕۆ ٨/٩/٢٠١٨ فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەک کادر و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون".

کەنەکە راشیگەیاندووە "رژێمی داگیرکەری ئێران لە کاتێکدا لە قوولایی کێشە و قەیرانە ناخۆیی و نێودەولەتییەکانیدا چەقیوە و بەرەوە داڕمان ئەچێت، ئەیەوێ بە پەلاماردانی هێزە بەرهەڵستکار و رۆڵەکانی گەلەکەمان هێزو دەسەلاتی خۆی پیشان بدات".

لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا باسی ئەوەشکراوە "جارێکی دی ئەو راستییە ئاشکرا بوو کە رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە هەر دۆخێکیدا بن، لە هەر قەیران و کێشەیەکدا بن، هێرش کردنە سەر خەڵک و خەباتگێڕانی کوردستان بە ئەرکی یەکەمین و هەرە سەرەکی خۆیان ئەزانن".

کەنەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو "لە لایەکەوە تورکیا ەو دۆخە ناهەموارە ئابووری  وسیاسییەی خۆیەوە بەشێکی باشوور و رۆژاوای کوردستانی داگیرکردووەو بە هەموو توانایەوە هەوڵئەدات دەسکەوتەکەنی گەلی کوردستان لەناوبەرێت. لە لایەکی ترەوە رژێمی ئێران سەرەڕای هەموو قەیرانە ناوخۆی و هەرێمی نێودەوڵەتییەکانیەوە، لە بڕیاری لە سێدارەدانی چالاکوانانی کوردو و هێرش کردنە سەر خەلكی کوردستان و بۆردومانکردنی بنکەو بارەگای پارتە رۆژهەڵاتییەکان لە قووڵایی باشووری کوردستاندا نەوەستاوە."

کەنەکە ئاماژەى بەوەشکردووە "ئیتر هیچ گومانێک لەوەدا نەماوە کە داگیرکەران هیچ جیاوازییەک لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا ناکەن و هەر دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێ لە هیرش و پەلامارەکانیان بەردەوام ئەبن".

کەنەکە لەبارەى لێکنزیکبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانەوە وتویەتى "هەموو ئەمانە ئەو راستی و پێداویستییە مێژوویی و ستراتیژییە ئەسەلەمێنن کە ئیتر لە مێژە کاتی ئەوە هاتووە پارت و هێزە کوردستانییەکان هەنگاوی جدیی بۆ زیاتر لیکنزیکبوونەوەو هەماهەنگی و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی هەڵێنن".

هەروەها باسی ئەوەشیکردووە "ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی هێرشی تاوانکارانەی رژێی ئێران بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ریسواو شەرمەزار ئەکەین. سەری رێز بۆ شەهیدانی ئەو تاوانە دائەنەوێنین، سەرەخۆشی لە خۆمان و گەلی کوردستان و کەس و کارو هەڤالانیان ئەکەین. هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارن ئەخوازین".

کەنەکە لە کۆتایى راگەیاندراوکەیدا نووسیویەتى "جارێکی ئەوە دووپات ئەکەینەوە ئێمە لە کارو خەباتماندا هەروەک چۆن داوای یەکێتی و یەکڕیزیی نەتەوەیی ئەکەین، هەمانکات تاوانەکانی داگیرکەرانی کوردستان لە قاو ئەدەین و بێدەنگ نابین".

ر.م