گه‌رده‌لوولی جزیر: كۆگه‌یه‌كی چه‌ك له‌ هه‌جین كه‌وته‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانان

له‌ ناوچه‌ی هه‌جین-ی سه‌ر به‌ دێره‌زۆر كه‌ دوایین ده‌ڤه‌ری ژێر كۆنتڕۆڵی چه‌ته‌كانی داعشه‌، پێكدادانی شه‌ڕڤانانی قه‌سه‌ده‌ و چه‌ته‌كان به‌رده‌وامه‌. له‌ شارۆچكه‌ی هه‌جین كۆگه‌یه‌كی چه‌ك كه‌وته‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانان.

دوایین قۆناغی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیر له‌ چێوه‌ی «شه‌ڕی نه‌هێشتنی تێرۆر»دا بۆ ڕزگاركردنی ڕۆژهه‌ڵاتی دێره‌زۆر له‌ ده‌ستی چه‌ته‌كانی داعش به‌رده‌وامه‌. شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (قه‌سه‌ده‌) له‌ هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنیندا، له‌ شارۆچكه‌كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر كۆگه‌یه‌كی چه‌كی چه‌ته‌كانی داعشدا گرت.

له‌ كۆگه‌كه‌دا ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و ده‌یان تۆپی هاوه‌ن، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی جۆراوجۆر كه‌وته‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانان. پێشڕه‌ویی شه‌ڕڤانانی قه‌سه‌ده‌ له‌ به‌ره‌ی هه‌جین به‌رده‌وامه‌.

s.m