دەستەی بەڕێوه‌بەرایه‌تیی ناوەندیی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هەدەپە) بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شاره‌وانیی ئیسته‌نبووڵ کۆبوویه‌وە. گوتەبێژی هەدەپە گیونای کوبیلای لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامی ڕۆژنامه‌وانانی دایه‌وه.
کوبیلای ڕایگه‌یاند، لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئادار ئەکەپە - مەهەپە لە گه‌وره‌شاره‌كان و شارەوانیی گه‌وره‌ی شاره‌كان کە قەیوومیان بۆ دانابوون، شكستێكی گه‌وره‌ی هێنا. گوتی، «لە شاره كوردییه‌كان کە قەیووم بۆ شاره‌وانییه‌كان دانرابوو، جارێكی دیكه ئەو شارەوانییانە به‌ده‌ستهێنرانه‌وه.»
گوته‌بێژی هه‌ده‌په ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ئەکرەم ئیمام ئۆغلوو بە ڕێژەیەکی زۆری دەنگ سەرکەوتنی بەدەست هێناوه. ناوبراو بە ناوی هەدەپەوە هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ئیمام ئۆغلوو خواست و گوتی، «لە ململانێی نێوان كوده‌تا و دیموكراتیدا، ئەوەی کە سەرکەوت دیموکراتی بوو. گەل بە دەنگێکی بەرز ناڕه‌زایه‌تیی خۆی پیشان دا.»
گیونای کوبیلای ڕاشیگه‌یاند، «لە هەڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵدا به‌ره‌ی دەسەڵات بە زمانی شەڕ و دوژمنایەتی، هەروەها هه‌ڵسوكه‌وتی سەربازیانه و سیاسەتی داگیرکاری شكستی هێنا. ئیدی تورکیا ناچارە بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر سیاسەتی ئاشتیانه له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه.»
نامه‌كه‌ی ئۆجالان و پێشنیازی هه‌ده‌په
کوبیلای گوتی، «هه‌م پێشنیازه‌كه‌ی بەڕێز ئۆجالان کە به نامه‌یه‌ك ڕایگه‌یاند، هه‌میش ڕێككه‌وتنی دیموكراتی کە هەدەپە پێشنیازی ده‌كات، زه‌مینه‌ی چارەسەری ئافراندووه. تورکیا ناچارە کە په‌نا بۆ ئاشتی ببات. ناچاره له ڕێی دانوستانی دیموکراتی و لە کۆمەڵگه‌یه‌كی هاوچه‌رخدا کێشەکان چارەسەر بکات نه‌ك به چه‌ك و تووندوتیژی. هەڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ دەرفەتێکی نوێی ئافراندووە. ئێمە پڕۆژە پێشنیازێك پێشکەش دەکەین کە هەر کەس دەتوانێت ئەم دەرفەتە بەکار بهێنێت.»
گوته‌بێژی هه‌ده‌په ڕاشیگه‌یاند، هەر ڕسته‌یه‌ك و گوته‌یه‌كی ئۆجالان لە ئیمراڵی دەبێ به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر و سه‌رانسه‌ری هه‌ڵبسه‌نگێنرێت نه‌ك له چێوه‌ی سیاسه‌تی حیزب‌دا. پێویسته بە دیدێكی مێژوویی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ په‌یامه‌كانی بكرێت و وه‌ك ده‌رفه‌تێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت.
گیونای کوبیلای هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، «گەلی کورد لە هەڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵدا جارێکی دیكه پیشانی دا کە به‌رده‌نگی چاره‌سه‌ریی کێشەی کورد بەڕێز ئۆجالانە. بۆیه دەبێت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالاندا چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت و گفتوگۆی لەگەڵ بكرێت و ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری بدۆزرێته‌وه. پێویسته بەپێی دەرفەتی یەکسانی و ئازادیپارێزی گەلی تورکیا چارەسەری بدۆزرێته‌وه.»
گوته‌بێژی هه‌ده‌په له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند، له‌م بابه‌ته‌دا ئەرکێکی گرنگ دەکەوێتە سەر شانی پەرلەمان و دەبێت ده‌موده‌ست هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ.
s.m