گونای: دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بە پەلەماردان وڵامی یەکڕیزی و یەکێتی دایەوە

ئەبرو گونای وتەبێژی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بە ئەنجامدانی هێرشی داگیرکاری وڵامی یەڕیزیی نەتەوەیی گەلی کوردی دایەوە و وتی:"ئێمە ئەوە دەبینین کە یەکێڕیزی کورد چی واتایەکی گرنگی هەیە."

ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە لە بارەی دوایین گۆڕانکاری و رووداوەکان، لە ناوەندی گشتی هەدەپە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.

گونای رایگەیاند، رێپێوانەکەیان بە ناوی 'لە دژی کودەتاکان، رێپێوانی دیمۆکراسی' بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە کۆتایی پێهاتووە و وتی:"بڕیارماندا لە ١ی حوزەیرانەوە تا ١ی ئەیلول دەست بە زنجیرە چالاکیەک بکەین. هەنگاوی یەکەمیش 'رێپێوانی دیمۆکراسی' بوو کە کۆتایی پێهات. ئەنجامی رێپێوانەکەشمان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی بەڕێوەبردنی هەدەپەدا گۆتوبێژ کرد."

گونای رایگەیاند، دەسەڵات بە لێسەندنەوەی مافی پارێزبەندیی ئەندام پەرلەمانەکان وڵامی بەرنامەی دیمۆکراسی ١ی حوزەیرانی دایەوە و وتی:"دەسەڵات بە کۆدەتایەکی سیاسی وڵامی داواکەی ئێمەیان دایەوە بۆ دیمۆکراسی و مافی پارێزبەندیان لێسەندینەوە. بەڵام بەو وڵامەی دەسەڵات، سوورتر بووین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ تێکۆشان و دەنگی کۆمەڵگای بۆ داواکردنی ئاشتی بەرزتر کردەوە. پشتیوانی ئەم رێپێوانەش جەختکردنەوەی کۆمەڵگایە بۆ ئەم داواکاریە. رێپێوانی رۆژی ١٥ی حوزەیرانیش بە شەڕ وڵام درایەوە. لەو رێپێوانەدا بینیمان کە شەڕ گەورەترین کێشەی ئەم وڵاتەیە. هاوکات بینیمان ئاشتیش گەورەترین داوای کۆمەڵگای و ئەم وڵاتەیە. کاتێک دەستمان بە رێپێوانی دیمۆکراسی کرد، فڕۆکە جەنگیەکان، کەمپی پەنابەرانی مەخموریان بوردومان کرد کە لە ساڵەکانی ٩٠ دا دانیشتوانەکەی بە هۆی شەڕ رایان کردووە و لەوێ نیشتەجێن. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا لە شەنگال و مەخمور هاوڵاتی مەدەنی کوژران. لە لایەکی دیکەوە هێزی سەربازی رەوانەی هەرێمی کوردستانی فیدڕالکرا. سیاسەتەکانی شەڕ کە چەندین ساڵە پەیرەو دەکرێت، کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە."

گونای لە بەردەوامی قسەکانیدا هێرشەکانی دەرەوەی سنووری ئیدانە کرد و وتی، ئێمە  سیاسەتی شەڕ رەتدەکەینەوە. لێرە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدرێت. لە دژی گەلی کورد ئۆپڕاسیۆنی ئینکار و لەناوبردن بەڕێوە دەچێت. جێگیرکردنی قەیوم لە باکور و هێرشکردنە سەر گەلی باشوری کوردستان ئەمە دەسەلمێنێت. هێرشکرنە سەر زمانی کورد، واتە هێرشکردنە سەر گەلی کورد. ئاکەپە هیچ کات وازی لە هێرشەکانی بۆ سەر پیرۆزمەندیەکانی گەلی کورد نەهێناوە. هەتا لە چوارچێوەی قۆناغی چاوپێکەوتنەکانی دوورگەی ئیمرالیشدا، ئەم هێرشانە بۆ سەر شکۆ و پیرۆزیەکانی گەلی کورد بەردەوام بوون. تا ئێستا نە ئەردۆغان و نە هیچ یەکێک لە حکومەتەکان تر، بە فەرمی دانیان بە ناسنامە و زمانی کوردیدا نەناوە. هیچ کات وازیان لە سیاسەتی ئینکار نەهێناوە. هەر کاتێک داوای ئاشتیمان کردووە، ئەوان داوای شەڕیان کردووە. لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نشتیمانی تورکیا- MGKدا بڕیاری هێرشی دژی هەرێمی فیدڕالی کوردستانیاندرا. هەر کاتێک داوای دیمۆکراسی، ئاشتی و یەکسانیمان کردووە، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە سیاسەتی شەڕیان گەشتر کردووەتەوە و پەرەیان بە فاشیزم داوە. دەسەڵاتی تورکیا ئەوا ٤٠ ساڵە سوورە لە سەر هەمان رێباز. ئەوا کوێربوونی سیاسەتە، ئەگەر بانەوێت بەو رێبازە ئەنجامێک بەدەست بهێنن.

'یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد بە ئەندازەی ژیان واتادار و گرنگە'

ئەرو گونای وتەبێژی هەدەپە بانگەوازیەکیشی ئاڕاستەی هەر چوار پارچەی کوردستان کرد کە هەوڵەکانیان بۆ بونیادنانی یەکڕیزی زیاتر بخەنە گەڕ و یەکێتی خۆیان بونیاد بنێن و لەم بارەیەوە بەم شێوەیە دوا:"ئەم هێرشانەی دژی هەرێمی فیدڕالی کوردستان وڵامێکە لە دژی یەکێتی نەتەوەی کورد. بەم هێرشانە بە فەرمی وڵامی هەوڵەکانی یەکێتی و یەکڕیزی دەدەنەوە. لە دژی یەکێتی گەلی کوردن. نایانەوێت کورد ببێت بە یەک. هەمیشە دەیانەوێت کورد پارچە بکەن و لە دژی یەکدی بەکاریان بهێنن. بۆیە یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد بە ئەندازەی ژیان واتادار و گرنگە. شەڕی سوریا ١٠ ساڵی لە دوای خۆی بەجێهێشت. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی کوژران. ژمارەیەکی زۆر ئاوارە بوون. لە رووی ئابوریەوە زیانێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام ئەم شەڕە هاوکات لە نێوان گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و گەلانی دیکەدا، تێکۆشانێکی هاوبەشی هێنایە ئاراوە. گەلی کورد، عەرەب، تورکمان، ئەرمەنی و سوریانی بوون بە یەک و بە یەکەوە لە دژی گروپە چەکدارەکانی وەکو داعش، ئەلقاعیدە و هێزەکانی تر، لە خۆڕاگریدان و شەڕ دەکەن. باشترین وڵامیان، یەکڕیزی و یەکێتیەکەیان بوو.  

لە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٠دا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریای دیمۆکراتیک، ٢٥ پارتی سیاسی بە مەبەستی بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی کۆبوونەوە. لەو چاوپێکەوتنانەدا لە بارەی بونیادنانی یەکێتی و یەکڕیزی، بیری جیاواز هاتنە ئاراوە. شاندێک لە ٧ ئەندام پێکهات. ئێمە وەکو هەدەپە ئەم هەوڵانە بە شێوەیەکی ئەرێنی تەماشا دەکەین."

گونای تیشکی خستە سەر ئەو رۆژامەنووسانەی لەسەر دۆسیەی میت دەستگیر کراون کە لە ٢٤ی حوزەیراندا برانە بەردەم دادگا و وتی:"ئەوا ٤ مانگە ئەو رۆژنامەنووسانە زیندانین و لە ناو ژوورە تاکەکەسیەکاندا هێڵراونەتەوە. ئەوان ئەرکێ رۆژنامەنووسی خۆیان جێبەجێ کرد، بۆیە دەبێت ئازاد بکرێت."

گونای لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر رێپێوانەکەی سەندیکاکانی پارێزەران و وتی:"سەندیکاکانی پارێزەران لە ژێر ناوی 'بۆ پاراستن، ئازادی' رێپێوانیان بۆ ئەنقەرە ئەنجام دا. دەسەڵاتی ئاکەپە دەیەوێت هەموو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە پێی خۆی پەروەردە بکات و بەو شێوەیە رێگریان لێبکات. دەیەوێت سەندیکا جیاوازەکانیش بە پێی خۆی بجوڵێنەوە کە ئەمەش لە خۆیدا کودەتایە لە دژی سەندیکاکان. ئەو سەندیکایانەی لە دژی ئەم سیاسەتە وەستاونەتەوە لەو رێپێوانەدا ئامادە بوون. ئێمە لێرەوە سڵاومان دەنێرین بۆ ئەو سەندیکایانە."

ز.ش