خەڵکی مەخمور بانگەوازییەکی بە پەلەیان بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی گەلی دیموکراتیکی مەخمور بەهۆی گەمارۆدانی پەدەکە و هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازییەکی بە پەلەی بڵاوکردەوە.

ئەنجومەنی گەلی دیموکراتیکی کەمپی مەخمور (شەهید ڕۆستەم جودی) ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، پێداویستی پزیشکی و خۆراک لە کەمپەکەیان کەم بووە و بانگەوازی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کە کە بەرپرسیارییەتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"کامپی پەنابەرانی مەخمور ١٣ هەزار کەسی تێدا دەژیت، وێڕای ئەو هێرشە سەربازییانەی دەکرێنە سەری، لە بەرانبەر چەندین گوشاردا بەرخۆدانی کرد. لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧/١٥ی سەرماوەز و ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨/٢٢ی سەرماوەزدا سوپای تورک هێرشی ئاسمانی کردە سەر کامپەکە. لەو هێرشانەدا ٨ کەس شەهید بوون و چەندین کەسیش بریندار بوون، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٩/٢٨ی پووشپەڕ دیسان شەپۆڵێکی دیکەی هێرش و گوشار دەستیپێکرد.

دوای ئەوەی لە ١٧ی تەمموز/ ٢٦ی پووشپەڕ، لە ڕێستۆرانتی حۆققەبازی هەولێر کارمەندی میت کوژرا، پەدەکە گوشارەکانی زیاتر کردووە. پەدەکە ڕێگاکانی کامپی داخستووە و گەمارۆی لەسەر کامپەکە داناوە.

- شەپۆڵی دوایی هێرشە ئاسمانییەکانی ١٩ی تەمموز لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی پێش نیوەڕۆ دەستپێکرد. لە ئاسمانەوە لانی کەم سێ بۆمب هاویشترانە نزیک کەمپەکە.

- دوو کەسی سڤیل بەهۆی بۆمبارانەکەوە بریندار بوون. ئێستا تەندروستیان باشە.

- بۆمبارانەکە زیانی زۆری بە باخ و باخچەکانی خەڵک گەیاند.

- لە هەمان ڕۆژدا هێزەکانی ئاسایشی پەدەکە هەندێک کەسی سڤیلیان لە کامپەکە گرتن و هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە.

- لە ١٩ی تەمموزەوە بەملاوە هاتن و چونیان بۆ کامپەکە قەدەغە کرد. لە دۆخی پەلە و مەترسیداریشدا ناهێڵن کەس لە کامپەکە دەربچێت.

- ڕێگە نادرێت ئەوانەی لە دەرەوی کەمپن بچنە سەر کارەکانیان. چەندین کەس کە لە هەولێر کاریان دەکرد بێکار کراون.

- گوشاری بێزارکەر و دەروونی لەسەر دانیشتووانی کەمپەکە هەیە".

دانیشتوانی کامپەکە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕووداوەکەی حۆققەبازەوە نییە

ئەنجومەنی گەلی دیموکراتیکی مەخمور ڕایگەیاند، دانیشتوانی کامپەکە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕووداوەکەی ڕێستۆرانتی حۆققەبازەوە نییە و تێیدا هاتووە: "بەو گوشارانەی لەسەر کامپەکە زیاتر دەبن، هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر کامپەکە هەیە. هەوڵ دەدرێت ئەو کەسانەی لە کامپەکە دەژین داببڕێندرێن و هەوڵ دەدرێت دانیشتوانی کامپەکە لە دۆخێکی مەترسیدار بژین. 

تاوەکو حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرانبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک بێدەنگ بن، هێرشەکان زیاتر دەبن. لەبارەی هێرش و گوشارەکانەوە چەندین نووسراومان بۆ نوێنەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان نووسیوە و پێمانڕاگەیاندوون. بەڵام تا ئێستا نە حکومەتی عێراق و نە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناڕەزایی خۆیان نیشان نەداوە لەدژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک. بەپێی مافی نێونەتەوەییش بێت، هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک سەروەریی عێراق پێشێل دەکات. ئەو دۆخە دژی عەقڵیەتی کۆمسیاریی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئێمە بانگەوازی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و بۆ لابردنی گەمارۆ لەسەر کامپەکە دەست بە هەوڵدان بکات. بانگەوازی بۆ تورکیاش دەکەین چیتر هێرشی سەر کامپی مەخمور نەکات. حکومەتی عێراقیش دەبێت ناڕەزایی نیشان بدات لەدژی ئەو هێرشانە. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و پارێزەرانی مافی مرۆڤیش دەبێت لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک ناڕەزایی نیشان بدەن".

ک-ش