گۆشەگیری لە چەندین شاری وڵاتانی ئەوروپا شەرمەزار کرا

گۆشەگیریی سەختی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چەندین شاری وڵاتانی ئەوروپا، بە چالاکیی جۆراوجۆر شەرمەزار کرا.

لە شاری دەنهاخی هۆڵەندا، ئەسینای پایتەختی یۆنان، لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا و لە شاری لیماسۆلی قوبرس، کوردستانیان ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

هۆڵەندا- دەنهاخ

لە شاری دەنهاخی هۆڵەندا بە مەبەستی هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەختی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئازادکردنی لە زیندان، چادر هەڵدرا و تێیدا زانیاری لەو بارەیەوە دەدرا بە هاووڵاتییان و بەرپرسانی ئەو وڵاتە.

لەو چالاکییەدا بە زمانەکانی هۆڵەندی و ئینگلیزی سەدان برۆشوور و بڵاوکراوەیان بەسەر ڕێبواران و هاووڵاتییاندا دابەش کرد. چالاکییەکەش بە میتینگێک کۆتایی پێهێنرا.

ئەوانەشی کە لەو میتینگەدا، وتاریان پێشکەش کردبوو، جەختیان لەوە کردەوە کە هەتا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە فیزیکیی ئازاد نەکرێت، ئەوان بەردەوامیی بە چالاکییەکانیان دەدەن.

یۆنان- ئەسینا

لە شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان مانگرتن لە خواردن ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام بوو و بە ڕێپێوانێک کۆتایی پێهێنرا.

جەماوەری گەل، بەرەو کونسوڵخانەی دەوڵەتی تورکیا لەو شارە بەڕێکەوتن و دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، 'بێ سەرۆک ژیان نابێت'،  'بژی بەرخۆدانی عەفرین' و 'تورکیا بکوژ و فاشیستە'یان دەوتەوە. لە کۆتایی چالاکییەکەشدا، لەبەردەم بارەگای کونسوڵخانەی دەوڵەتی تورکیا لە یۆنان، لێدوانێک خوێندرایەوە.

بەریتانیا- لەندەن

چالاکی چادرهەڵدان، کە بۆ ئازادیی ئۆجالان لە ڕۆژی ٨ی ئابەوە لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەستیپێکردبوو، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کۆتایی پێهات. چالاکییەکە لەلایەن ئەنجومەنی گەلی کورد و ئەنجومەنی ژنانی ڕۆژەوە ڕێکخرابوو.

لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا بڵاوکراوە و برۆشوور بڵاوکرانەوە و تێیدا زانیاریی لەبارەی گۆشەگیرییەوە خرابوویە ڕوو.

ئەڵمانیا- فرانکفۆرت

لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیاش، چالاکیی 'چادری زانیاریی'، کە پێش سێ ڕۆژ هەڵدرابوو بە ڕێپێوانێک کۆتایی پێهات.

سەدان کەس لە کوردستانیان و دۆستانیان، لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا و چەندین شار و شارۆچکەی نزیک لەو شارەوە هاتبوون و بەشداری چالاکی ڕێپێوانەکە بوون.

ڕێپێوانەکە دوێنێ لە کاتژمێر ٥ی ئێوارە لەبەردەم وێستگەی شەمەندۆفێری شاری فرانکفۆرتدا دەستیپێکرد.

لە ڕێپێوانەکەدا، چەندین لافیتە بەرزکرابوونەوە کە لەسەریان نووسرابوو: ‘ئازادی بۆ ئۆجالان و ستاتۆ بۆ کوردستان'، 'با کۆتایی بە سیاسەتی گۆشەگیریی بێت'،  و هەروەها پۆستەر و وێنەی زۆری ئۆجالان بەرزکرابوونەوە. چالاکوانانیش دروشمەکانی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت'، 'ئازادی بۆ ئۆجالان و ستاتۆ بۆ کوردستان'یان دەوتەوە و بڵاوکراوە و برۆشووریان بڵاودەکردەوە.

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا، لە گۆڕەپانی ڕۆمەر لەو شارە، میتینگێک بەڕێوەچوو.

پاش خولەکێک وەستان بە بێدەنگیی بۆ گیانی شەهیدانی شۆڕشی کوردستان، بە زمانەکانی ئەڵمانی و کوردی وتار پێشکەش کران. لە وتارەکاندا داوای هەڵگرتنی گۆشەگیریی کرا لەسەر ئۆجالان.

وتاربێژان جەختیان لەوە کردەوە هەتا زانیارییەک لەبارەی ئۆجالانەوە نەزانن، بەردەوامیی بە چالاکییەکانیان دەدەن و وتیشیان "ڕۆژ ڕۆژی شکاندنی سیاسەتی گۆشەگیرییە. هەروەکچۆن ئێمە بۆ کۆبانێ و عەفرین، بە هەزاران کەس ڕژاینە سەر شەقامەکان، دەبێت ئەوەهاش ئەمڕۆ بۆ ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ بڕژێینە سەر شەقامەکان".

قوبرس- لیماسۆل

لە شاری لیماسۆلی وڵاتی قوبرس بۆ ئەوەی سەرنج ڕابکێشنە سەر گۆشەگیریی سەختی سەر ئۆجالان، کوردستانیان چادریان هەڵدا.

چادر، لە کاتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆ هەڵدرا. بڵاوکراوە و برۆشووری تێدا دابەش دەکرا. پانکارتیش بە چادرەکەوە داکوترابوو کە لەسەری نوسرابوو 'ئازادی بۆ ئۆجالان'.

ئەو چالاکییە ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت و تێیدا گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، شەرمەزار دەکرێت.

ر.م