گۆشەگیریى سەر ئۆجالان برایە پەرلەمانى سویسرا

چالاکوانانی مانگرتوو لە خواردن لە سویسرا بۆ ئەوەى سەرنجڕابکێشنە  سەردۆخی ئۆجالان و زیندانیانى تری سیاسی، سەردانی   پەرلەمانى نیشتمانیى سویسرایان کرد.

بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگ، کوردستانیانی سویسرا ماوەی ٦ رۆژە لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندان. چالاکییەکە لە ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە شاری بێرنى پایتەختى سویسرا بەڕێوەدەچێت.

شاندێک لە چالاکوانە مانگرتووەکان سەردانى پەرلەمانى نیشتمانیى سویسرایان کرد و لەگەڵ پەرلەمانتارانى ٣ حیزبی جیاجیای سویسرا چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. چالاکوانەکان سەردان و چاوپێکەوتنەکەیاندا سەرنجیان خستە سەر دۆخی ئۆجالان و داوایانکرد لە پەرلەمانتارەکان بەرامبەر بەو  دۆخە بێدەنگ نەبن.

"بێدەنگ نەبن"

چالاکوانە مانگرتووەکان لە سەردانەکەیاندا بۆ پەرلەمانى نیشتمانیى سویسرا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ پەرلەمانتارانى پارتی سەوز، پەرلەمانتارانى پارتی سۆسیالیستی سویسرا و پەرلەمانتارانى پارتى لیبراڵ رادیکاڵی سویسرا (PLR) ئەنجامدا.

چالاکوانەکان ئاماژەیان بە رۆڵی گرنگی ئۆجالان بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کرد و داوایانکرد لە دژی هەڵوێستى دەوڵەتى تورک لە بەرامبەر ئۆجالان دەستبەکار ببن.

چالاکوانەکان لەبارەى چالاکیى مانگرتن لە خواردنى لەیلا گیوڤەن رایانگەیاند، داواکەى لەیلا گیوڤەن داواى ملیۆنەها کوردە و راشیانگەیاند، نزیکایەتى و رەفتارەکانى رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) و ئەوروپا تورکیاى شێرە کردووە و داوایان لە سویسرا کرد لە بەرامبەر ئەو دۆخ و پێشێلکارییانەدا بێدەنگ نەبێت.

گلاتلی: لە دانیشتنى پەرلەماندا باس لە دۆخی ئۆجالان دەکەم

باڵتازار گلاتلی پەرلەمانتاری پەرلەمانى نیشتمانیى سویسرا لە حیزبی سەوزی سویسرا رایگەیاند، ئەوان لە نزیکەوە چاودێریى بۆچوونەکانى ئۆجالان دەکەن و زۆر گرنگە ئێستا ئەو بۆچوونانە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچن. تیۆریى ئۆجالان هەم بۆ توورکیا و هەم بۆ ئەوروپا زۆر گرنگە.

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، بۆ ئەوەى سەرنجڕاکێشێتە سەر گۆشەگیریى سەر ئۆجالان پرۆژە پێشنیازێک پێشکەشی پەرلەمانی نیشتمانیى سویسرا دەکات.  

پەرلەمانتارێکى تر کە بە ناوی فراکسیۆنى سەوزەوە بەشداریى ئەو چاوپێکەوتنەى کردبوو، سیبەل ئارسلان پەرلەمانتاری کورد لە پارتی سەوز بوو. ئارسلان وتى "ئێمە بە وردی چاودێریى دۆخی تورکیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکەین. هەروەها چالاکیى مانگرتن لە خواردنیش بە وردی لە نزیکەوە چاودێری دەکەین".

کارلۆ سۆماروگا: ئێمە بابەتەکە چاودێری دەکەین

چالاکوانە مانگرتووەکان لە بەردەوامیى سەردان و چاوپێکەوتنەکەیان لەگەڵ پەرلەمانتارانى سویسرا چاویان بە کارلۆ سۆماروگا، مارگرێت کینەر نێلین، فابیا مۆلینا پەرلەمانتارانی پارتی سۆسیالیست (SP) و پیتر هوگ سکرتێری پەیوەندییەکانى دەرەوەی پارتی سۆسیالیست کەوت.

کارلۆ سۆماروگا سەرۆکی کۆمیتەى دۆستایەتیى کوردان لە پەرلەمانى سویسرا رایگەیاند، پارتی سۆسیالیست ماوەیەک لەوە پێش گۆشەگیریى سەر ئۆجالانى خستبووە رۆژەڤ. ئێستاش چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن و داواى چالاکوانەکان بە گرنگ دەزانن و لە ئێستاش بە دواوە وردتر و زیاتر چاودێریى بابەتەکە دەکەن.

چالاکوانە مانگرتووەکان چاویشیان بە کریستا مارکواڵدر پەرلەمانتاری پارتى لیبراڵ رادیکاڵ کەوت و باسیان لە بابەتەکانى گۆشەگیری و چالاکییەکانى مانگرتن و سیاسەتەکانى دەوڵەتى تورکیا کرد.

ر.م