گۆشەگیریی سەپێنراوی ئیمرالی بەسەر تەواویی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە

پارێزەر ڕازییە تورگوت وتی "لەبەرئەوەی کردەوەکانی سەر ئیمرالی لە سەرانسەری کوردستان و تورکیادا بڵاوبووەتەوە، لە ماوەی ٢ ساڵی رابردووی بارى نائاسایدا بێ حقوقی و گۆشەگیریی سەر زیندانەکان زۆر سەخت و دژوار بووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست".

دەربارەی ٢ ساڵ باری نائاسایی لە زیندانەکان و بارودۆخی ئێستای زیندانەکان، ئێمە لەگەڵ ئەندامی پلاتفۆرمی یاساناسانی ئازادیخواز پارێزەر رازییە تورگوت، چاوپێکەوتنێکمان ساز کرد.

گۆشەگیریان بەسەر هەموو شوێنێکدا سەپاندووە

پارێزەر رازییە تورگوت، بارودۆخی زیندانەکانی لەکاتی باری نائاساییدا وەک بڵاوبوونەوەی گۆشەگیریی بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە سەرانسەری کوردستان و تورکیادا لەقەڵەمدا و وتی "ئەو ڕووداوانەی کە لە کاتی باری نائاساییدا ڕوویان دا، بڵاوکردنەوەی گۆشەگیریی بوو لەسەر بەڕێز ئۆجالان لە زیندان و لە سەرانسەری کوردستان و تورکیادا. پاش ئەوەی کە بەڕێز ئۆجالان بەدیل گیرا، ڕژێمی ئینفازی خۆسەریان دروست کرد. ئەوەش بە تێپەڕبوونی کات، بەسەر زیندانەکانی تردا سەپێندرا".

رازییە تورگوت جەختیشی کردەوە کە ئەو بارودۆخە لە ساڵی 2001 لە زیندانی جۆری ئێف-ەوە دەستیپێکرد و وتیشی "لە زیندانی جۆری ئێف-ەوە سیستمی گۆشەگیریی دروست کرا. دەوڵەت زیندانەکانی بە گرتنە بەری ڕێوشوێنی ئەمنی تووند، لە ناوەوەش لەلایەن کۆمەڵگاوە، خستە ناو گۆشەگیریەوە. بەو ئامانجەش، وەرزش و هاتنە دەرەوەی زیندانەکان بۆ حەوشەی زیندانەکان و مافە تەندروستیەکانی زیندانیانیان سنووردار و کەم کردەوە. بەو شێوەیەش گۆشەگیرییان سەختتر و قورستر کرد. لە ماوەی باری نائاسایدا ئەو بارودۆخ و ڕێوشوێنانە سەختتر و قورستر بوو. هەروەکچۆن ڕێگەیان نەداین کە چاومان بە موەکیلی خۆمان بەڕێز ئۆجالان بکەوێت".

نزیکایەتیی بە ئارەزووی بەڕێوەبەرانی زیندانەکان زیادی کردووە

پاریزەر رازییە تورگوت دەستنیشانیشی کرد کە بەرێوەبەران و بەرپرسانی زیندانەکان، بڕیاری دادوەران بە پێویست نازانن بەهۆی باری نائاساییەوە و وتیشی "کاتێک باری نائاسایی دەستیپێکرد، ئێمە ڕۆشتینە زیندانی گوموشخانە. بەڕێوەبەری زیندانەکە لیستەیەکی ئامادەکردبوو، دەیوت کە چاوپێکەوتنی ئێمە بەو کەسانەی کە دیاری کرابوون تۆمار دەکات، منیش پێم وت کە بە پێی بڕیارنامەی باری نائاسایی دەبێت بڕیار لەسەر ئەو کەسانە یەک بە یەک بدرێت، بەڵام ئەوان لیستەیەکیان ئامادە کردبوو کە ناوی زۆر کەسی تێدابوو. لەبەرئەوە لە کاتی باری نائاساییدا، نزیکایەتیی بەڕێوەبەران و بەرپرسانی زیندانەکان زیادی کردبوو. بە شێوەیەک کە گەشتبوویە ئاستی هەرە بڵند. ئەو شەرت و مەرجانەی کە ئێمە دیدارەکانمان تێدا ئەنجام دەدا بە هیچ شێوەیک باش نەبوو. زۆر بە ئارەزووی خۆیان لە ئێمە نزیک دەبوونەوە. وەک ئەوەی پێمان بڵێن 'چی دەکەن بیکەن، ئێوە لە هەر کوێ گلەیی دەکەن بیکەن، هیچ شتێک ناکرێت'، بەئارەزووی خۆیان و بە شێوەیە لە ئێمە نزیک دەبوونەوە.

بە یاسای دوژمنایەتیی دەجوڵێنەوە

لە بەردەوامی قسەکانیدا، پارێزەر رازییە تورگوت دووپاتی کردەوە کە بەڕێوەبەری زیندانەکان بە یاسای دوژمنایەتیی دەجوڵێنەوە و دەربارەی ئەم پرسە، وەک نموونە ڕووداوێک دەگێڕێتەوە کە لە بۆلوی بەسەریاندا هاتووە و دەڵێت "بۆ بینینی موەکیلێکی خۆم ڕۆشتمە زیندانی بۆلوی. کاتژمێر 5 ی ئێوارە کۆتایی کاتی کارە، بەڵام هەوڵیاندا کاتژمێر 4 من لە زیندانەکە بکەنە دەرەوە. وەک بیانووش باسیان لەوە دەکرد کە دەرگای حەوشە لە کاتژمێر 4 دادەخەن. منیش پێم وتن کە ئەمە جاری یەکەمە شتی بەم شێوەیە بە من دەوترێت. موەکیلەکەم سەردانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای هەیە و دەبێت لەگەڵیدا بدوێم، بەڵام بە بیانووی گرتنەبەری ڕێوشوێنەوە کردمیانە دەرەوە. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە بە یاسای دوژمنایەتیی دەجوڵێنەوە. ئەوەش لە ئەنجامی ئەوەوە دێت کە بە چاوی 'ئەوانە هەموویان تیرۆریستن' تەماشای ئەو کەسانە دەکەن کە لەوێن.

تورگوت وتیشی "ژمارەی زیندانیەکان لەسەرەوەی توانای زیندانەکانەوەیە و لەبەر نەبوونی شوێن، لە زۆرێک لە زیندانەکاندا، زیندانیی ناچار دەکرێن کە بە سەرە لە زەویدا بخەون".

بارودۆخی زیندانیانی نەخۆش هێشتا سەخت و قورسە

دەربارەی بارودۆخی زیندانیانی نەخۆش، پارێزەر رازییە تورگوت بە بیری هێنایەوە کە دواین جار لە 'قۆناغی ئاشتیدا' لەسەر بارودۆخی زیندانیانی نەخۆش دیدار لەگەڵ وەزارەتی داد ئەنجام دراوە و بەو بۆنەیەوە زیندانیانی نەخۆش براونەتە نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستیەکان ڕاپۆرتی لەبارەی باری تەندروستیانەوە کردووەتەوە. تورگوت وتیشی "پاش ئەو قۆناغە، ئیدی ئەو شتانەیان نەهێشت و زیندانیانی نەخۆشیشیان بۆ ویژدانی دادوەر و داواکارە گشتییەکان بەجێهێشت. بۆ نموونە کەسێک کە هەردوو میلی نیە و ڕاپۆرتی 'نابێت لە زینداندا بهێڵدرێتەوە'ی هەیە، بە وتەی 'ئەندامی ڕێکخستنە و کەسێکی مەترسیدارە'، لە زینداندا دەهێڵدرێتەوە. لە کاتی بارودۆخی نائاساییدا، هیچ شتێکی باش بۆ زیندانیان نەبوو. بە پێچەوانەوە، بارودۆخی ئەوان سەختتر و قورستر بوو. کاتێک کە دەیانبەنە زیندان و دەگەڕێنەوە لێیان دەدەن".

کارى تێکدەرانەى جەندرمەکانی تیمی ئەی

تورگوت ئاماژەی بە نزیکایەتیی هەڕەشەئامێز کرد کە بەوان ڕادەگەیەندرێت و وتی "جەندرمەکانی تیمی ئەی بە نیوەشەوە هەڵدەکوتنە سەر قاوشەکان و هەموو شوێنێک سەروبن دەکەن. تورگوت جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامراز و شتومەکی زیندانیان هەمیشە دەستبەسەر دەکرێن و دەیانپشکنن،"

تورگوت دووپاتیشی کردەوە کە ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن لەناو زیندانەکاندا، جەندرمەی ئاسایی نین، بەڵکو ئەو جەندرمانانەن کە لەسەر ئەو کارە بە تایبەتیی پەروەردە کراون و ڕاهێنراون".

لە کۆتایی قسەکانیدا، پارێزەر رازییە تورگوت، سەرنجی ڕاکێشایە سەر بارودۆخی زیندانیان و دەستنیشانی کرد کە زیندانیان ڕەوانەی ئەو شوێنانە دەکرێن کە بەهەزاران کیلۆمەتر لە بنەماڵەکانیانەوە دوورن. ئەوەش خۆی لە خۆیدا سەپاندنی گۆشەگیرییە.

ر.م