گیراوانی مانگرتوولە بەندیخانەی خارپێت ڕەوانەی نەخۆشخانە نەکراون

بنیامێن شەکەر، هاوسەرۆکی کۆمەلەی مافناسان بۆ ئازادی رایگەیاند، گیراوانی بەندیخانەی خارپێت کۆتاییان بە چالاکی مانگرتن لەخواردن هێناوە، وێڕای ئەوەی نەبراونەتە نەخۆشخانە، لیستی خواردنی ڕۆژانە لە کابینەکاندا نییە.

بەندیخانەی خارپێت لەو رۆژەی کراوەتەوە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کردەوەی خراپ تێیدا، بەردەوام لە رۆژەڤدایە. ئەو زیندانیانەی لەو گرتووخانەیە لە چالاکی مانگرتندا بوون، ڕەوانەی نەخۆشخانە نەکراون.

هاوسەرۆکی کۆمەلەی مافناسان بۆ ئازادی (OHD)، پارێزەر بنیامێن شەکەر کە ئەندامی دەستەی چاودێریی چالاکی مانگرتووانی ئامەدە، لەبارەی دۆخی ئەو بەندکراوانەی کە لە چالاکی مانگرتندا بوون، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANF  قسەیکرد. شەکەر ئاماژەی بەوە کرد لە بەندیخانە پیتی (D) و (T)ی ئامەد و بەندیخانەی ژنان لە ئامەد ٢٣٥ کەس لە چالاکییەکانی مانگرتن و رۆژووی مردندا بوون. شەکەر رایگەیاند، پشکنیکی خوێنەکانیان گەیشتوەتە نەخۆشخانەکان، دکتۆرەکان دەڵێن بە گشتی دۆخی تەندروستیان باشە، باسی لەوەش کرد کە لیستی خواردنەکان ئامادە کراوە، هەوڵ دەدرێت کە دۆخی تەندروستیان لەژێرچاودێرییدا بێت.

شەکەر ئەوەشی وت، دوای ئەوەی کە ٢٦ی ئایار/٥ی جۆزەردان ڕاگەیاندرا کە چالاکییەکانی مانگرتن و رۆژووی مردن کۆتاییان هاتووە، ئەوان لەگەڵ رێکخراوەکانی ماف و یاسا لە ئامەد دیداریان کردووە و وتی: "ئێمە مێزێکی قەیران و دەستەیەکی چاودێریمان دروست کرد، ٨ شارمان دیاری کرد کە دەتوانین لەو ناوچانە لە دۆخی مەترسیداردا دەستیێوەردان بکەین. لەسەر ئەو بنەمایە، لەگەڵ هاوڕێ پارێزەرەکانمان لەو هەرێم و ناوچانەدا بڵاو بووینەوە. بۆ ئەوەی چالاکوانانی چالاکی مانگرتن ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێن بەگوێرە ئەو بەرنامە و ئامارانەی لەلایەن یەکێتی پزیشکانی تورکیاوە ئامادە کراوە چارەسەربکرێن، لەگەڵ هاوڕێ پارێزەرەکانمان لەو شارانەدا بڵاو بووینەوە.  لە ٢٦ی ئایار/٥ی جۆزەردان هەتا ٢٧ی ئایار/٦ی جۆزەردان هاوڕێکانمان لە شارەکانی ئەرزنجان، مەلەتی، ئەلبیسان، سییوەرەک، گوموشخانە و بایبورت بوون".

شەکەر رایگەیاند کە لە شارەکانی ئەرزنجان، مەلەتی و ئەلبیستان لە گواستنەوەی چالاکوانەکان بۆ نەخۆشخانە گرفتێک دروست نەبوو، باسی لە گرفتەکانی خارپێت کرد: "لە خارپێت ئەو ئەنجامانەی ئێمە دەمانەوێت هێشتا بەدەستمان نەهێناون. بەداخەوە هەم بەڕێوەبەری بەندیخانەکان و هەم داواکاری گشتیش بە کەمتەرخەمییەوە هەڵسوکەوت دەکەن. لەوێ ١٢ کەس مانگەکانی کانونی یەکەم و دووەم دەستیان بە چالاکای مانگرتن کردبوو، بەڵام ئەوانیان نەبردوەتە نەخۆشخانە، لە گرتووخانەکە لە بنکە تەندروستییەکەی زیندان پشکنینی خوێنیان بۆ کراوە".

شەکەر باسی لەوەش کرد، بۆ ئەوەی چاودێری دۆخی خارپێت بکەین، هەموو رۆژێک دەچینە ئەوێ و وتی: "لەبارەی دۆخەکەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری داواکاری گشتی دیدار دەکەین، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ژمارە ٢ دیدارمان لەگەڵ ناکات. بەڕیوەبەرایەتی گرتووخانەی ژمارە ١ و گرتووخانەی ژنان لە دیدارەکانیان پێیان وتوین بە شێوەیەکی هەستیار هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن و رێوشێونی پێویست دەگرنەبەر، بەڵام چالاکوانانی مانگرتن لە دیدارەکان رایانگەیاند کە ڕەفتاری جیاوازیان لەگەڵ دەکرێت. بۆ دەستەی سەرەتای چالاکوانانی مانگرتووو لیستەی خواردنەکان کە دکتۆرەکان دایانناوە گەیشتوەتە بەشێکیان، بەڵام نەگەیشتوەتە بەشەکەی دیکە. ئەوانەی کە تووشی گرفتی گەدە بوون نەیانبردوون بۆ نەخۆشخانە".

شەکەر ئاماژەی بەوەش کرد، لە رێگەی پەرلەمانتارە کانەوە هەوڵ دەدەن لەگەڵ وەزارەتەکانی تەندروستیی و داد پەیوەندی دروست بکەن و وتی: "ئەگەر نەیانبەنە نەخۆشخانەش، با لە کابینەکە لیستی خواردنەکانیان هەبێت، هیوادارین بە شێوەیەکی هەستیارهەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پرسەدا بکەن، ئێمە چاودێری دۆخەکەمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە چاودێریی کردن".

ک-ش