گیوڤەن: تاریکترین ساتی شەو نزیکترین ساتە لە رۆژەوە

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپەى جۆلەمێرگ دواى زەتکردنی مافی پارێزبەندیی دەستگیرکرا. گیوڤەن رایگەیاند "ئێمە وەک ژنێکى کورد بەڵێنمان بە گەلەکەمان داوە. تاوەکو کورد ئازاد نەبێت تێکۆشانەکەمان لە هەر دۆخێکدا بەردەوامیی دەبێت".

گیوڤەن لەو پەیامەیدا کە بۆ ئاژانسى هەواڵی ژن نیوزی ناردووە رایگەیاندووە "با دڵی گەلەکەمان ئاوەڵا بێت. تاریکترین ساتی شەو، نزیکترین ساتە لە رۆژەوە. ئێمەش زۆر لە سەرکەوتنەوە نزیکین. ئەوەی لە تەنگاوی و قەیراندایە ئێمە نین".

گیوڤەن لە بەردەوامیی پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە "ئێمە نوێنەری گەلێکین، کە نکۆڵی لە ناسنامە، کولتور و بوونی دەکرێت. بوون بە نوێنەری گەلێک کە هەموو تێکۆشانی خۆی بۆ بوونی ماددی و مەعنەویی خۆی فیدا دەکات، کارێکى ئاسان نییە".

گیوڤەن ئاماژەى بەوەشکردووە "ئێمەى ژنانی کورد لە پاریس بووین بە سارا، لە رۆژئاوا بووین بە ئارین میرکان، لە باشوور بووین بە ئاڤێستا خابوور و بە بەرخودان هەبوونی خۆمان سەلماندا و خۆمان لەسەر پێ راگرت. سەرباری هەموو شتەکان، ئێمە شوێنکەوتوی میرات و رێگا و نەریتێکی تێکۆشانین. بۆ نوێنەرایەتیکردنی کوردان پێویستی بە پەرلەمانتاربوون نییە. ئێمەش وەکو هەڤاڵانی ترمان لە هەموو گۆڕەپان و جومگەکانى ژیاندا درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین".  

گیوڤەن لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئێمە وەکو ژنێکى کورد پەیمانمان بە گەلەکەمان داوە، تاوەکو گەلی کورد ئازاد نەبێت ئەوا تێکۆشانی ئێمە لە هەموو دۆخ و قۆناغێکدا بەردەامیی دەبێت. سەرەتا و لە پێش هەموانەوە سڵاوی خۆم پێشکەشی جۆلەمێرگ و هەموو گەلەکەم و خۆشەویستانم دەکەم. با دڵی گەلەکەمان ئاوەڵا بێت.  تاریکترین ساتی شەو، نزیکترین ساتە لە رۆژەوە. ئێمەش زۆر لە سەرکەوتنەوە نزیکین. ئەوە ئێمە نین، کە لە تەنگاوی و قەیراندا بین".

ژ.ت

****