گەلی کورد لە دادگای ئەوروپا سەرکەوت

پارێزەر محەمەد شاکار لەبارەی بڕیارەکەى دادگای ئەوروپا لەسەر ئەو سکاڵایە، کە پەکەکە لە دژی 'لیستى تیرۆر' تۆماری کردبوو رایگەیاند، بڕیارەکە سەرکەوتنی گەلی کورد و پەکەکەیە.

پارێزەر محەمەد شاکار لەبارەی بڕیارەکەى دادگای ئەوروپا لەسەر ئەو سکاڵایە، کە پەکەکە لە دژی 'لیستى تیرۆر' تۆماری کردبوو رایگەیاند، بڕیارەکە سەرکەوتنی گەلی کورد و پەکەکەیە. راشیگەیاند، بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستى تیرۆر"ی ساڵی ٢٠١٨ی یەکێتیى ئەوروپادا سکاڵایەکى تر تۆمار دەکەن.

دادگای ئەوروپا (دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا و باڵاترین دادگای ئەوروپا) لەبارەی "لیستی تیرۆر" کە لەلایەن ئەنجوومەنى یەکێتیى ئەوروپاوە هەموو ٦ مانگێک جارێک تازە دەکرێتەوە، پێرێ ١٥ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / ٢٤ی خەزەڵوەر بڕیارێکى لەبارەى ناوى پەکەکە لەو لیستەدا دەرکرد. سەرباری ئەوەى ئەنجوومەنى ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠١ەوە پەکەکەی خستووەتە ناو لیستەکەی، بەڵام پەکەکە براوەى دادگا و لایەنى سەرکەوتووە.

سکاڵاکەى پەکەکە و بڕیارەکەى دادگای ئەوروپا و کاریگەرییەکانی

موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان بە نوێنەرایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە ١ى ئایارى ٢٠١٤دا /  ١١ى خاکەلێوە لە دیوانى دادپەرەوەریى ئەوروپا (دادگای ئەوروپا) سکاڵایان تۆمار کردبوو، کە ناوی پەکەکە لە لیستى تیرۆر دەربهێنرێت. دواى ٤ ساڵ لە تێکۆشان بۆ مافەکان، دادگای ئەوروپا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا دانیشتنێکى لەسەر ئەو سکاڵایەی پەکەکە ئەنجامدا و رایگەیاند، لە دواى ٦ بۆ ٩ مانگ بڕیاری خۆی لەبارەى سکاڵاکەی پەکەکەوە ئاشکرا دەکات.

دادگای ئەوروپا لە ئەنجامدا بڕیارەکەى لەبارەى سکاڵاکەى پەکەکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەموو ئەو پاساوانەى لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ ٢٠١٧ بۆ مانەوەى ناوی پەکەکە لە "لیستى تیرۆری" یەکێتیى ئەوروپادا هێنراونەتەوە پاساوی نالۆژیکی و لاوازن.

لەو کاتەوە بڕیارەکەى دادگای ئەوروپا راگەیاندراوە، میدیاکانی تورکیا دەستیانکردووە بە بڵاوکردنەوەى ئەو جۆرە هەواڵانە، کە گوایە بڕیارەکە گرنگ نییە، بەڵام لە راستیدا بڕیارەکە دەرەنجامی گرنگی لێدەکەوێتەوە.

پارێزەر مەحمود شاکار رایگەیاند، دادگای ئەوروپا باڵاترین دامەزراوەى دادپەروەری و دادگاکانى ئەوروپایە و ئەو بڕیارە سەرکەوتنى پەکەکە و تێکشکاندنی یەکێتیى ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسایە.

شاکار راشیگەیاند، بۆ ئەوەى پەکەکە لە لیستى ٢٠١٨دا بهێنرێتە دەرەوە ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بۆ تۆمارکردنى سکاڵایەکى تر و لەو بارەیەوە وتى "ئێمە داوا دەکەین ئەو بڕیارە بۆ ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێ بکرێت".

وتیشی "ئەو بڕیارە، هەموو ئەو دۆسیە و سکاڵایانە، کە لە ساڵانى ٢٠١٤ – ٢٠١٧ لە دژی پەکەکە تۆمارکراون هەڵدەوەشێنێتەوە. هەروەها بڕیاری قەدەغەکارییەکان کە بەو پاساوە دەرکرابوون، هەڵدەوەشێنەوە و رێگاش بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو کەس و دامەزراوانە دەکاتەوە، کە بەهۆی ئەو بڕیار و قەدەغەکارییانەوە زیانیان بەرکەوتووە".

هیچ حوکمێکى یاسای و حقوقیی نەماوە

شاکاری ئەوەشى وت "بڕیارەکە بە ئەندازەى پێویست بڕیارێکى مێژووییە و لەو رووەوە گرنگە. دواى ئەوەى یەکێتیى ئەوروپا پەکەکەی کردە ناو 'لیستی رێکخستنە تیرۆریستییەکان' بە پاساوی بوونی ناوى پەکەکە لەو لیستەدا چەندین سکاڵا لە دژی کەسایەتییەکان و دامەزراوەکان تۆمار کرابوون، بەڵام ئیتر ئێستا ئەو دۆسیە و سکاڵایانە هیچ حوکمێکى یاسایى و حقوقییان نامێنێت.

کاتێک مرۆڤ سەیری ئەو پاساوانە دەکات، کە پەکەکەیان پێ خستووەتە ناو ئەو لیستە ئەوەى بۆ دەردەکەوێت ئەو رووداوانەى کە پەکەکە ئەنجامى نەداون خراونەتە پاڵ پەکەکە و لەسەر ئەوە ناوی پەکەکەیان خستووەتە ناو لیستەکەیان.

تەنانەت سەرباری ئەوەش، هەندێک رووداو و دۆسیە، کە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) تورکیای پێ ئیدانەکراوە و ئەو دادگایە لەسەر ئەو رووداو و دۆسییەیانە تورکیای سزا داوە، بەڵام بەشێوەیەکى سەیر ئەو رووداوانەیان خستووەتە پاڵ پەکەکە.

هەروەها هەندێک بڕیاری ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەبووە کراونەتە پاساو بۆ ئەوەى ناوى پەکەکە بخەنە ناو لیستەکەیان.

 لەبەر ئەوانەش بەرگریکردن لە پەکەکە دەستیپێکرد و هەموو پاساوەکان یەک بە یەک لە دادگا شیکرانەوە. دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا ئەو بەرگریییە بە راست و دروست زانی و بڕیاری ئەوەى دەرکرد، کە مانەوەى ناوی پەکەکە لەو لیستەدا یاسای و حقوقی نییە و ئەو پاساوانە بۆ ئەوە نابن کە ناوی پەکەکە لەو لیستەدا بمێنێتەوە".

کاریگەریى لەسەر سکاڵاکانى تری دژ بە پەکەکە دەبێت

شاکار لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی، لیستەکە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ ٢٠١٧ هیچ بەها و حوکمێکى نەماوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا هەر بەو پاساوە بێ بنەمایانە ناوی پەکەکەیان لە لیستەکەدا هێشتووەتەوە. بۆ ئەوەش سکاڵای چڕوپڕ و بەرفراوانى خۆمان دەستپێدەکەین و داوا دەکەین، کە بڕیارەکە بۆ ساڵی ٢٠١٨ کاری پێ بکرێت.

شاکار ئەوەشی وت، ئەو بڕیارە کاریگەریى لە دۆز و سکاڵاکانى تر دەبێت. بەو بڕیارە قەدەغەکاریى سەر رێکخراوە و دامەزراوە کوردییەکان هەڵدەوەشێنرێتەوە و ئەو کەس و دامەزراوانەشی بەهۆی ئەو قەدەغەکارییانەوە زیانیان بەرکەوتوە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن داواى قەرەبوو بکەن.

پەکەکە بزووتنەوەى گەلە

شاکار باسی ئەوەشیکرد، مرۆڤ ناتوانێت تێکۆشانی دژ بە داعش لەلایەن پەکەکەوە لەم ساڵانەى دوایدا بە نەبوو و بە هیچ حساب بکات. دیوانی دادپەروەریى ئەوروپا ئەوەی قبوڵ کرد، کە ناکرێت پەکەکە بە ناوی رێکخستنێکى تیرۆر پێناسە بکرێت.

ئەوەشى خستەڕوو "لە ئێستاوە قورسە مرۆڤ بڵێت بەو بڕیارە نزیکایەتییەکانی بەرامبەر بە پەکەکە لە ڕووی پۆلێنکاری و کاتەگۆرییەوە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە یان نا، بەڵام تێکۆشانی پەکەکە لە دژی داعش، رزگارکردنى ئێزدییەکان لە کۆمەڵکوژی، رۆڵی ئاشتیخوازانەى پەکەکە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، کراوەبوونی پەکەکە بۆ دیالۆگ و دانوستان و دانەخستنى دەرگای چارەسەری و چەندین هۆکاری تر ئەوەى سەلماندووە، کە ناکرێت پەکەکە وەک رێکخستنی تیرۆر پێناسە بکرێت یان سەیری بکرێت".

نا حقوقی بوونی بڕیارەکەى ئەمریکا ئاشکرا بوو

 شاکار ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیارەکەى دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا ئەوەى سەلماند، بڕیاری ئەمدواییەى ئەمریکا لە دژی پێشەنگەکانى پەکەکە ناحقوقییە، چونکە بڕیارەکانى ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، کە وەک پاساز بەکارهێنرابوون بۆ ئەوەى ناوى پەکەکە بخرێتە "لیستی تیرۆری" یەکێتیى ئەوروپا، لەلایەن دادگاوە بێ حوکم و بێکاریگەر کران.

بڕیارێکی نمونەییە

پارێزەر مەحمود شاکار لە کۆتایى قسەکانیدا وتى "ئەو بڕیارە، دەبێتە بڕیارێکى نمونەیى. لە ئێستا بە دواوە بۆ یەکێتیى ئەوروپا و وڵاتانى سەر بە دادگای ئەوروپا قورس و زەحمەت دەبێت، کە پەکەکە وەک 'رێکخستنى تیرۆر' پێناسە بکەن".

سەرچاوە: یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا

ر.م

 

................

 

....................