گەنجانی کورد لە ئەوروپا: تەنها ٣ ڕۆژ ماوە با دەنگ بە هەدەپە و دەمیرتاش بدەین

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانى ٢٤ حوزەیران لە ئەوروپا دوای ٣ رۆژی تر کۆتایى پێدەێت. گەنجان رایانگەیاند، دەبێت لەو ٣ رۆژەدا   هەموو دەنگدەرێک دەنگ بدات و راشیانگەیاند، سەرکەوتنى هەدەپە گرنگییەکى زۆرى بۆ کوردستان و تورکیا هەیە.

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیرانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دوای ٣ رۆژی تر تەواو دەبێت. گەنجانی کورد لە ئەوروپا داوا لە هەموو دەنگدەران دەکەن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان دەنگی خۆیان بدەنە هەدەپە و کاندیدی سەرۆک کۆمار سەڵاحەدین دەمیرتاش.

"هەدەپە نوێنەرایەتی دەنگ و بۆچوونی گەنجان دەکات"

نوێنەری گەنجانی ئازاد لە هەرێمی نۆردرهین وێستفالن عەلی مەحسوم وتی، تاکە پارت کە لە دژی فاشیزم و دیکتاتۆری ڕاوەستاوە هەدەپەیە. وتیشی "سەڵاحەدین دەمیرتاش و بەشێکی زۆر لە ئەندامانی هەدەپە زیندانیکراون. هەروەها لە کوردستانیش ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی بەردەوامە، ئەوەی لە بەرامبەر ئەو سیستەمە ڕاوەستێت زیندانی دەکرێت. ئیرادەی گەنجان لە زیندان دایە. لەبەر ئەوەش ئێمە پشتیوانى لە هەدەپە دەکەین، چونکە داهاتوى ئێمە بەندە بە هەدەپە و سیاسەتەکانى هەدەپەوە".

ئەوەشى وت "هەدەپە نوێنەرى راستەقینە و بێگەردی دەنگ و بۆچوونى گەنجانە، چونکە هەدەپە بەرگری لە دیموکراسی، ئازادی و مافەکانى ژنان دەکات. بۆیە ئێمە داوا لە گەنجان دەکەین بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و دەنگ بە هەدەپە و دەمیرتاش بدەن".

 "دەبێت هەموو دەنگدەران بچنە ناوەندەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن"

 شیلان هەڤسەل لە بەشی ئابووریی زانکۆی کۆلن خوێندکارە و لە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە کۆلن دەنگی داوە بە هەدەپە و دەمێرتاش. شیلان هەڤسەل وتی "گەلێک هۆکار هەیە بۆ ئەوەی، کە دەنگم بە هەدەپە داوە. هۆکارێکى سەرەکی ئەوەیە، کە پاڵێوراوى سەرۆک کۆمار دەمیرتاش و هەزاران لە هاوڕێکانی، کە نوێنەری دەنگی ٦ ملیۆن مرۆڤن، ئێستا لە زیندان دان".

شیلان هەڤسەل وتیشى "لەگەڵ ئەوەش چەندین کەسى رۆشنبیر و ئەکادیمی و رۆژنامەنووسان و ئۆپۆزسیۆن زیندانیکراون. هەروەها  گوشارێکی زۆر خراوەتە ئەو کەسانەى خاوەنی بیروڕای جیاوازن. لە تورکیا و کوردستان لە سوور، جزیر و نسێبین کەسوکارەنمان لەسەر شەقامەکان و بە رۆژی رووناک بە بەرچاوى هەموانەوە کوژران، لەدژی هەموو ئەوانە و هەروەها تاکە حیزبێک، کە ئاشتی بهێنێتەدی هەدەپەیە، بۆیە من دەنگی خۆم بە هەدەپە دا".

هەڤسەل داواى لە هەموو دەنگدەران کرد، کە بۆ ئاشتی و ئازادی دەنگ بدەن و ئەوەشى وت "دەنگدان زۆر گرنگە. ئەگەر داوای ئاشتی و ئازادی و برایەتی دەکەن، ٣ رۆژ ماوە و دەبێت هەموو دەنگدەرێک بچێتە ناوەندەکانی دەنگدان دەنگی خۆیان بدەنە هەدەپە و دەمیرتاش، چونکە تاکە ڕێگای ڕزگاری ئەوەیە".

ر.م