گەنجێکى کورد لە ئەڵمانیا لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا

گەنجێکى کورد بە ناوی ئومێد ئاجار لە شاری ئینگۆل شتاتی ئەڵمانیا لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا. بزووتنەوەى ژنانی کورد و ئەنجوومەنى هاوسەرۆکایەتیى کەجەدەکە ئەوروپا پەیامى سەرەخۆشییان بڵاوکردەوە.

بەپێى ئەو زانیارییانەى خزمەکانى ئومێد ئاجار بڵاویانکردووەتەوە، ئاجار ماوەی ٣ ساڵە لە ئینگۆل شتات دەژی و بۆ ئیدانەکردنی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و لە دژی سەردانى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا و لە دژی پشتیوانیى رژێمى ئەڵمانیا لە تورکیا و لە دژی پێدانى چەکی کیمیایى لەلایەن ئەڵمانیاوە بە رژێمى سەدام و بۆردومانی کیمیایى هەڵەبجە ئاگری لە جەستەى خۆی بەرداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئومێد ئاجار ساڵی ١٩٩٠ لە ناوچەى کۆزلوک لە پارێزگاى ئێلح (باتمان) لە باکووری کوردستان لە دایکبووە و لە ناوچەیەکى دارستانى لە نزیک ماڵەکەی لە شاری ئینگۆل شتات لە ئەڵمانیا ئاگری لە جەستەى خۆی بەرداوە.

بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا - TJK-E) و ئەنجوومەنى هاوسەرۆکایەتیى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا - KCDK-E) پەیامى سەرەخۆشییان بڵاوکردەوە.

بزووتنەوەى ژنانى کورد دڵگرانیى خۆی بۆ رووداوەکە راگەیاندووە و لە پەیامەکەیدا هاتووە "سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەى خاوەن کەرامەت و شکۆمەندی ئاجار و گەلی کورد دەکەین. ئێمە لە بەرامبەر بەرز راگرتنى یادی شەهیدەکانماندا بە رێزەوە سەریان بۆ دادەنەوێنێن".

بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا ناڕەزایەتیى لە دژی سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا نیشاندا و راشیگەیاند "ئەو پشتیوانییە بوێریى زیاتر بۆ گوشار و کوشتن بە ئەردۆغان دەبەخشێت".

بزووتنەوەى ژنانى کورد سەرنجی خستووەتە سەر گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجان و ئەوەشى راگەیاندووە "رێبەرمان عەبدوڵا ئۆجالان ئەو شێوەیە چالاکییە بە دروست نازانێت، بۆیە دەبێت گەنجەکانمان هێزی خۆیان بۆ تێکۆشانى دیموکراتیک بەکار بهێنن. ئێمە پێبەند دەبین بە بەهای ئومێد ئاجاری شەهیدی خاوەن کەرامەت و شکۆمەندمان".

هاوکات ئەنجوومەنى هاوسەرۆکایەتیى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا - KCDK-E) لە پەیامى سەرەخۆشییەکەیدا رایگەیاندووە "ئاجار لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان و پشتیوانى دەوڵەتى ئەڵمانیا لە تورکیا ناڕەزایەتیى نیشانداوە. گەنجی کورد ئومێد ئاجار بەو چالاکییە پەیامى ناڕەزایەتیى بە حکومەت و بەرپرسانى ئەڵمانیا دا. دەبێت حکومەتى مێرکل و بەرپرسانى ئەڵمانیا بە گرنگییەوە مانا بەو چالاکییە بدەن. دەبێت لەوە تێبگەن کە ئیتر سەبر و تەحمولی گەلی کورد بڕاوە و دەبێت پشتیوانى لە ئەردۆغانى دیکتاتۆر نەکەن".

کەجەکەدەکە ئەوروپا راشیگەیاندووە، رۆژی هەینى (ئەمڕۆ) بنەماڵەى ئاجار لە میونشن دەبن و داوای لە هەمووان کرد بۆ خاوەنداریکردن لە بنەماڵەى ئاجار لەگەڵ بنەماڵەى ئاجاردا بن و بەشداری لە پرسە و سەرەخۆشیاندا بکەن.

ر.م