ده‌ستپێشخه‌ریی ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد و پلاتفۆڕمی ژنه‌ڕۆژنامه‌وانانی میزپۆتامیا له ساڵیادی بۆمبارانكردنی ڕۆژنامه‌ی «ئۆزگور ئولكه» له ٣ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٩٤دا، له به‌رده‌م بینای ڕۆژنامه‌كه له ناوچه‌ی «بایه‌زید كاردگا» لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانییان دا. له چالاكییه‌كه‌دا یادی ئه‌رسین یڵدز كرایه‌وه كه له هێرشه‌كه‌دا كوژرا.
گوته‌بێژی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په) سارووهان ئۆلووچ، هاوگوته‌بێژیی كۆنگره‌ی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌كه) ئۆنوور هه‌مزه‌ئۆغلوو، هاوسه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ (ئیهاد) پارێزه‌ر ئه‌ره‌ن كه‌سكین، سه‌رۆكی وه‌قفی كولتووری ئێزدی ئازاد بارش، نوێنه‌ری سه‌ندیكای دیسك فارووق ئه‌ره‌ن و زۆر ڕۆژنامه‌وان ئاماده بوون و وته‌یان پێشكه‌ش كرد. له چالاكییه‌كه‌دا پۆسته‌ری «ڕاگه‌یاندنی ئازاد بێده‌نگ ناكرێت» و وێنه‌كانی ئه‌رسین یڵدز، مووسا عه‌نته‌ر (ئاپێ مووسا)، فه‌رهاد ته‌په، قه‌دری باگدوو هه‌ڵدران. گوته‌بێژی پلاتفۆڕمی ژنه‌ڕۆژنامه‌وانانی میزۆپۆتامیا ئایشه گونه‌ی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد. گونه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه ٢٤ ساڵه لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و هێرشه هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بووه.
«ئه‌م ئاگره ئێوه‌ش ده‌سووتێنێت»
گونه‌ی ده‌ستنیشانی كرد كه ڕۆژنامه‌ی ئۆزگور ئولكه به تێكۆشانێكی گه‌وره دامه‌زرێنراوه و گوتی: «دوای ڕۆژنامه‌كانی هالك گه‌رچه‌گی، یه‌نی هالك گه‌رچه‌گی، وه‌ڵاتی نوێ، ڕۆژه‌ڤی ئازاد، وه‌ڵات و سه‌رله‌نوێ ڕۆژه‌ڤا ئازاد، له‌ژێر هێرش و هه‌ڕه‌شه‌دا ئۆزگور ئولكه له ٢٨ی نیسانی ١٩٩٤ ده‌ستی به وه‌شان كرد. دوای وه‌شانی ٢٣٩ ڕۆژ، ڕێكه‌وتی ٣ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٩٤ بینای به‌شی ته‌كنیكی ڕۆژنامه‌كه له كادرگای ئیسته‌نبووڵ، هاوكات بیرۆی ناوه‌ندی له باگائۆغولای و بیرۆی ئه‌نقه‌ره بۆمباران كران. خه‌باتكاری ڕاگه‌یاندن ئه‌رسین یڵدز له ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌دا ژیانی له‌ده‌ست دا. له دژی بكوژه‌كان هیچ ڕێكارێك نه‌گیرایه‌به‌ر و خه‌باتكارانی ڕۆژنامه‌كه دوای ته‌داوی كردنیان ده‌ستگیر كران. ٢٤ ساڵه كه لێپرسینه‌وه‌كان هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بووه.»
«خاوه‌نداره‌تی له ئولكه بكه‌ن»
گونه‌ی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: «هه‌ندێك له ڕۆشنبیران له نووسینه‌كانیاندا پشتیوانیی ڕۆژنامه‌ی ئۆزگور ئولكه‌یان كرد و گرووپێكیان مانشێتی [خاوه‌نداره‌تی له ئولكه بكه‌ن]یان بڵاوكرده‌وه. له ٢ی شوباتی ١٩٩٥دا ڕۆژنامه‌كه داخرا. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ده‌ستی به وه‌شان كرد به‌رده‌وام سانسۆری له‌سه‌ر بوو.»
«٣٥ ڕۆژنامه درێژه‌یان به نه‌ریته‌كه‌ی دا»
ئایشه گونه‌ی ڕایگه‌یاند، له دوای ڕۆژنامه‌ی ئۆزگور ئولكه له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌شانی ئازاد ٣٥ ڕۆژنامه‌ی دیكه ده‌ستیان به وه‌شان كردووه و له ٢٣ی ئابی ٢٠١٦ ڕۆژنامه‌ی «ئۆزگورلوكچو دیموكراتی» ده‌ستی به وه‌شان كرد، به‌ڵام له ٢٨ی مارسی ٢٠١٨ داخرا و قه‌یووم له‌سه‌ر چاپخانه‌ی گیون دامه‌زرێنرا و زۆر خه‌باتكار ده‌ستگیر كران.
له كۆتایی وته‌كه‌یدا گونه‌ی گوتی: «ئێمه داوا ده‌كه‌ین هه‌ڤاڵه‌كانمان ده‌موده‌ست ئازاد بكرێن. ئه‌مڕۆ زۆر هه‌ڤاڵمان به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕاستییان ئاشكرا كردووه، له زیندانه‌كاندان. ئێمه وه‌ك هاوڕێبازانی ئاپێ مووسا و غوربه‌تلییه‌كان ده‌ڵێین، ئه‌و كه‌سانه‌ی دوێنێ ده‌یانویست به بۆمب له‌ناومان ببه‌ن، ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت به كه‌له‌پچه ده‌نگمان ببڕن. پێیان وابوو به بۆمبه نامانهێڵن، به‌ڵام ئێمه بووینه هه‌زار و له دژیان وه‌ستاینه‌وه.»
s.m