یادی بەرخۆدێرانی ١٤ی تەموز لە چەندین وڵات کرایەوە

کادیرە پێشەنگەکانی پەکەکە و بەرخۆدێرانی ١٤ی تەموز، هەر یەک لە محەمەد خەیری دوورمووش، کەمال پیر، عاکیف یلماز و عەلی چیچەک، لە ٣٦هەمین ساڵوەگەڕی شەهادەتیاندا، لە چەندین وڵات یاد کرانەوە.

یادی بەرخۆدێرانی ١٤ی تەموز هەریەک لە محەمەد خەیری دوورمووش، کەمال پیر، عاکیف یلماز و عەلی چیچەک، لە وڵاتانی سویسرا، سوید، قوبرس و ئەرمینیا کرایەوە.

بێرن – سویسرا

بۆ یادکردنەوەی بەرخۆدێرانی چالاکیی ڕۆژی مانگرتن هەتا مردن لە ١٤ی تەموزی ١٩٨٢دا، لە شارەکانی بێرن و لۆزانی سویسرا، چالاکی ئەنجام دران. لە ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کورد لە شاری بێرنی وڵاتی سویسرا، کۆبوونەوەیەک بۆ یادکردنەوەی ئەو شەهیدانە بەڕێوەچوو. لە هۆڵی یادکردنەوەکەدا، وێنەکانی کەمال پیر، خەیری دوورمووش، عاکیف یلماز و عەلی چیچەک، لەگەڵ پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵواسران. لە یادکردنەوەکەدا، فیلمێک کە دەربارەی ١٤ی تەموز ئامادەکرابوو نیشاندرا. پاشان بەناوی بنەماڵەی شەهیدانەوە لە بێرن سەعادەت کووران و هاووتەبێژی هەدەکە لە سویسرا هاکان گیورگەن، لەگەڵ هاوسەرۆکانی جەدەکە لە بێرن، دوان. وتاربێژان ئاماژەیان بە گرنگی بەرخۆدانی مانگرتن هەتا مردن لە ١٤ی تەموزدا کرد. یادکردنەوەکە بە هاواری دروشمی 'شەهید نامرن' کۆتایی هات.

لۆزان – سویسرا

لەلایەن کوردستانیان و دۆستانیانەوە لە شاری لۆزانی سویسرا، یادی بەرخۆدێرانی ١٤ی تەموز کرایەوە. کۆبوونەوەی یادکردنەوەکە لە ناوەندی جەدەکەی شاری لۆزان بەڕێوەچوو. هاوسەرۆکی جەدەکەی لۆزان خەدیجە کەنداڵ لە یادکردنەوەکەدا دوا و دەستنیشانی کرد کە لە ئەنجامی بەرخۆدانی ١٤ی تەموزدا تێکۆشانی ئازادی کورد گەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا.

کۆبوونەوەی یادکردنەوەکە بە نیشاندانی سینەفزیۆنێک دەربارەی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز کۆتایی هات.

 

گۆتەبۆرگ - سوید

بەرخۆدێرانی ١٤ی تەموز کەمال پیر، خەیری دوورمووش، عەلی چیچەک و عاکیف یلماز، لەگەڵ گیانبەختکردوانی تر کە لە کات و شوێنی جیاوازدا شەهیدبوون، وەک هەریەک لە شیار قامیشلۆ، پۆلات هەرەکۆل، دەلیل قامیشلۆ، ئامارا کۆچەر و شەڕڤان زاگرۆس، لە شاری گۆتەبۆرگی ولاتی سوید یادیان کرایەوە. بنەماڵەی شیار قامیشلۆ، پۆلات هەرەکۆل، دەلیل قامیشلۆ، ئامارا کۆچەر و شەڕڤان زاگرۆس، بەشداری یادکردنەوەکەیان کرد. بەناوی بنەماڵەی شەهیدانەوە، باوکی شیار قامیشلۆ ئەحمەد ڕۆژئاڤا دوا. لە وتارەکەیدا باوکی ئەو شەهیدە وتی "ڕۆحی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز، ڕێگەی لەبەردەم ١٥ی تەباخ و شۆڕشی ڕۆژئاوادا کردەوە. هەموو ئەوانەش بە سایەی تێڕوانین و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە هاتنە ئاراوە.

لای خۆشییەوە، مەلا عەبدوڵا ڕامۆ، جەختی لەوە کردەوە کە شەهیدانی شۆڕش بۆ مرۆڤایەتیی بەرخۆدانیان کردووە.

پاشانیش سینەفزیۆنێک لەسەر شەهیدانی ١٤ی تەموز و شەهیدانی تر نیشاندرا. یادکردنەوەکە بە هاواری دروشمەکانی 'شەهید نامرن' و ' بژی سەرۆک ئاپۆ' کۆتایی هات.

لیماسۆل – قوبرس

لە شاری لیماسۆل لە ولاتی قوبرس، کوردستانیان لە ناوەندی کلتوریی کوردی کۆبوونەوە و یادی بەرخۆدێرانی ١٤ی تەموز و هەر یەک لە کەمال پیر، خەیری دوورمووش، عەلی چیچەک و عاکیف یلماز-یان کردەوە. لە مەراسیمی یادکردنەوەکەدا، لەگەڵ پۆستەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەرخۆدێرانی ١٤ی تەموزدا، ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژەش هەڵواسرابوون. لەو یادکردنەوەیەدا سینەفیزیۆنێک دەربارەی ژیانی بەرخۆدێران نیشان درا. کۆبوونەوەی یادکردنەوەکە پاش پێشکەشکردنی چەند وتارێک، کۆتایی هات.

ئەریڤان - ئەرمینیا

بە بۆنەی ٣٦هەمین ساڵوەگەڕی بەرخۆدانی ڕۆژی مانگرتن هەتا مردن لە ١٤ی تەموز، لە شاری ئەریڤانی پایتەختی ولاتی ئەرمینیا چالاکیی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.

سیاسەتمەداری کورد مەعسوم حەسەن لە کۆبوونەوەی یادکردنەوەکەدا دوا و وتی "لەکاتی دروستبوونیدا، فشار و هێرشی سەخت و قورس لەسەر پەکەکە هەبوو. ئامانجیش لەو هێرشانە لەناوبردنی بوو. بە پیشبینیەکانی ڕێبەرایەتیی و بەرخۆدانەکانی ناو زیندان، ئامانجی ئەو هێرشانە و پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ کرانەوە".

پەرلەمانتاری کورد لە ئەرمینیا کینیاس حەمید وتی "بە خاوەنداریکردن لە پەکەکە و شەهیدان و ڕێبەرایەتیی، دەتوانین وەڵامێکی واتادار بەم ڕۆژە بدەینەوە".

پاشانیش، باوکی شەهید میلۆ کالاشیان، شێخ تاهیر و میراز جەمال وتاریان پێشکەش کرد.

ر.م