دەسەڵاتى فاشیستیانەى ئاکەپە – مەهەپە دواى هەوڵی کودەتاکەى مانگى تەمووزی ٢٠١٦ و بۆ بێدەنگ کردنی هەموو ئۆپۆزسیۆن و دانیشتوان، رژێمى فاشیستیى بارى نائاساییان راگەیاند. باری نائاسایى تاوەکو دواى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و سەرۆکایەتیى تورکیاش درێژکرانەوە.
لەو ماوەى باری نائاسایدا نزیکبوونەوەى میزاجیانە و پیشێلکردنی یاسا و مافەکان بەشێوەیەکى چڕوپڕ ئەنجامدران. ئێستا بە ناوێکى ترەوە درێژە و بەردەوامى بە بارى نائاسایى دەدەن و بە ئەنجامدانى هەندێک گۆڕانکاری بارى نائاساییان کردووەتە هەمیشەیى.
لە خاڵی یەکەمدا "ئەرکی سوپەر (باڵا)" بە پارێزگار و والییەکان دراوە. والییەکان باڵاکان کاتێک گومانیان لە کەسێک کرد، ئەوا دەتوانن بۆ ماوەى ١٥ رۆژ رێگریى لەو کەسە بکەن و رێگا پێنەدەن بچێتە ناو شارەکەى ژێر دەسەڵاتییانەوە.
مافى ئەنجامدانى کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. والییەکان دەتوان بەشێوەیەکى میزاجی و بە ئارەزوو رێگرى لە مافەکانى ئەنجامدانى کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو مافانە مافی دەستوورین.
دەبێت لە شوێنە گشتییە کراوەکان و تەنانەت لە شوێنە داخراوەکانیشدا، ئەگەر بە شەودا کۆبوونەوەیەک لە دواى کاتژمێر ٠٠:٠٠ ەوە ئەنجامدرا، ئەوا دەبێت مۆڵەت لە والی و پارێزگاری دەوڵەتى تورکیا وەربگیرێت.
بەپێى گۆڕینى دەستووری بنەڕەتى، پرۆژە پێشنیازکراوەکان بۆ متمانەدان بە وەزیرەکان، هەڵدەوەشێنرێنەوە. چونکە وەزیرەکان راستەوخۆ لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە هەڵدەبژێردرێن و پێویستان بە متمانەى پەرلەمان نابێت.
لە بارى ئاسایى نوێدا، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە وەزیرەکان و جێگرەکانى سەرۆک کۆمار تەنها لەسەر دەستوور و فەرمانى خودى سەرۆک کۆمار ئەنجام دەدرێت. ئیتر هیچ کەس و لایەنێک و دامەزراوەیەکى تر ناتوانێت لێپرسینەوە لە وەزیرەکان و جێگرەکانى سەرۆک کۆمار بکات.
بەپێى ئەو گۆڕانکارییانە، ماوەى دەستبەسەرکردن لە ٢٤ کاتژمێرەوە زیادکراوە بۆ ٤٨ کاتژمێر. ئەگەریش پێویستى کرد دەتوانن ماوەى دەستبەسەرکردن لە ٤٨ کاتژمێر (٢ شەو و رۆژەوە) بکەن بە ٦ شەو و رۆژ. کاتێکیش کەسى دەستبەسەرکراو بە ئەنجامدانى کارێکى بە کۆمەڵ تۆمەتبار کرابێت، ئەوا ماوەى دەستبەسەرکردنەکەى دەکەن بە ١٢ رۆژ.
دواى راگەیاندنى باری نائاسایى نزیکەى ١٤٠ هەزار کەس لە کارەکانیان دەرکران و بەپێى ئەو گۆڕانکارییانەى لە دواى بە ناو "هەڵگرتنى بارى نائاسایى" ئەنجامدراون، دەرکردنى ئەو کەسانە لەسەر کارەکانیان بەردەوام دەبێت و مافى ئەوەیان پێنادرێت بچنەوە سەر کارەکانیان.
ئەو کەسانەى کە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانى سەرەوەى خۆیانەوە لەسەر کار دەرکرابن، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ر.م