"یاسای نوێ و تایبەت بۆ ئیمراڵی دەرکراوە"

سالیحە ئایدەنیز پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد رایگەیاند، لە هیچ شوێنێک دا شتێک وەک سیستمی ئیمراڵی بوونی نییە. راشیگەیاند، بۆ زیندانى ئیمراڵی یاسای نوێ و تایبەت دەرکراوە.

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ / ٥ی گەلاوێژەوە پارێزەرەکانى و لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ی خاکەلێوەوە و شاندی ئیمراڵی و لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ / ٢١ی خەرمانانەوەی بنەماڵەکەى نەیانتوانیوە چاویان پێى بکەوێت.

ئۆجالان لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ی خاکەلێوەوە لە ژێر گۆشەگیرییەکى قورس و چڕدایە. بۆ نەهێشتنى ئەوە گۆشەگیرییە چڕ و تایبەتە، پارێزەرانى ئۆجالان، سیاسەتمەدارانی کورد سەردانى چەندین رێکخراو و دامەزراوەى پەیوەندیداریان کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

لە دوایین کاردانەوەشدا لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپەى جۆلەمێرگ، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ەوە لە زیندانى جۆری ئیى ئامەد زیندانیکراوە، بۆ نەمانى گۆشەگیریى سەر ئۆجالان دەستی بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کردووە.

 

"رێککەوتننامەی نوێ لە دژی ئیمراڵی واژۆکراوە"

سالیحە ئایدەنیز پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە لەبارەى گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رایگەیاند، لە ساڵی ١٩٩٩ەوە تاوەکو ئێستا گۆشەگیری بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو بەڕێوەدەچێت. راشیگەیاند "گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد پەیوەندیى بە پیلانگێڕیى نێودەوڵەتییەوە هەیە و بەردەوامیى پیلانگێڕییەکەیە. سیستمی ئیمراڵی نمونە و هاوشێوەى تری لە هیچ شوێنێکدا نییە و تاوەکو ئێستا گۆشەگیرییە ئەوەندە قورس و چڕ بەرامبەر بە کەسێک بەڕێوەنەچووە".

ئایدەنیز ئەوەشی وت "لە تورکیادا لە کەسایەتیى بەڕێزە ئۆجالان دا یاسای تایبەت و نوێ خرایەگەڕ و بۆ زیندانى ئیمراڵی رێککەوتنی نوێ ئیمزا کراوە. بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME)، نزیکایەتییەکەى رێکخراوى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی - CPT) و بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ شۆڕشگێڕی کورد ئەوە بە باشی دەخاتەڕوو، کە ئەوەش بەشێکە لە پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى".

"هێزە هەژمونگەراکان لە کاردان"

ئایدەنیز باسی ئەوەشیکرد "شەڕ و پێکدادانەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هاوشێوەى جەنگی جیهانیى سێیەمە. جەنگی سێیەمی جیهانی بەشێوەیەکى تایبەت لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت. کاتێک سەیری گۆشەگیریى سەر رێبەر ئۆجالان، داگیرکردنى عەفرین، کەرکوک و نزیکایەتیى داگیرکەران بۆ ریفراندۆمی هەرێمى فیدراڵی کوردستان بکەین، ئەوەمان بە روونی بۆ دەردەکەوێت، کە هێزە هەژمونگەرا و باڵادەستخوازەکان لە کاردان. ئەوەش زۆر سەرنجڕاکێشە، کە هەموو رای گشتی بەرامبەر بە داگیرکردنى عەفرین، کۆمەڵکوژی و وێرانکارییەکان بێدەنگ بوون. ئەوانەش نیشانەى بوونی پیلانگێڕییەکى نێودەوڵەتییە لە دژی کوردان. رەنگە راى گشتی زۆر هەست بەوە نەکات، بەڵام ئەو گۆشەگیری و پیلانگێڕییە لە دژی هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە".

"گۆشەگیرى لەسەر داهاتووی گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە"

ئایدەنیز لەبارەى چالاکیى مانگرتن لە خواردنی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە لە پێناو نەهێشتنی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، کە ماوەی ٣٧ رۆژە بەردەوامە رایگەیاند "لەیلا گیوڤەن وەک هەموو سیاسەتمەدارانى تری کورد بە رێنوێنییەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کاریگەربووە و بەو هۆیەشەوە بەشداریى لە بزووتنەوەى سیاسیى کورددا کردووە. لە بۆچوونى گەلی کورد دا هیچ شتێکى لە بەرێز ئۆجالان گرنگتر نییە. گەلی کورد چەندین ساڵە باجی بۆ دەدات و ئامادەشین باجی زیاتر و قورستریشی بۆ بدەین. لەیلا گیوڤەنیش یەک لە نوێنەرانى گەلی کوردە. گیوڤەن بۆ داهاتوی گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانى ژنان، کە گۆشەگیرکراوە دەستی بە چالاکیى مانگرتنى بێسنوور کردووە. ئێمەش بە پشتیوانی، بەرخودان و تێکۆشان ئازادیى خۆمان بە دەست دەهێنین. هۆکاری قوڵبوونەوەى گۆشەگیرییەکەش بۆ بوونی یەکێتیى کورد و خۆبەخشان و لایەنگرانی بەڕێز ئۆجالان دەگەڕێتەوە. تاوەکو ئێمە ئازادیمان بە دەست نەهێنین و کۆتایى بە گۆشەگیری نەهێنین لە هەموو ئاست و گۆڕەپانەکاندا بەرخودان دەکەین".

"گۆشەگیرییەکە بۆ دژایەتیکردنى ژنانە"

ئایدەنیز ئەوەشى خستەڕوو، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە رێنوێنییەکانى رێگای ژیانى بە ڕووی ژنانى کورد دا کردووەتەوە و لەوبارەیەوە وتى "بەڕێز ئۆجالان بە رێنوێنییەکانى خۆی ئەوەى سەلماندووە تاوەکو ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگەش ئازاد نابێت. رۆڵی ژنانیش لە کۆمەڵگەدا زۆر گرنگە و ئەوەش لە رووی بەڕێوەبردنى کۆمەڵگە و پەروەردەکردن، ئابووری، سیاسی و ژیانەوە و لە سەردەمی نیۆلۆتیک (چاخی بەردینى نوێ)ەوە تاوەکو ئەمڕۆ بە روونی دیارە. ئێستاش نمونەى ئەوە لە رۆژئاوادا لە بەرچاوە. راى گشتی ئەوەى بینی لەلایەک لە بەرەکانى شەڕدا شەڕ دەکەن و لەلایەکى تر لە ریزی پێشەوەى بونیاتنانەوەى کۆمەڵگە و کارەکانى کۆمەڵگەدایە. ژنانى کورد بەو جۆرە هاتنە گۆڕەپانەکان و بەرەنگاری دوژمن و داگیرکەران بوونەوە. داگیرکەران لەوە ترسان و گۆشەگیرییەکان لەسەر بەرێز ئۆجالان قورستر و چڕتر کرد. گۆشەگیری لە کەسایەتیى بەڕێز ئۆجالان دا بۆ گۆشەگیرکردنى هەموو ژنانە. ئێمەش بە رۆح و گیان خۆڕاگری دەکەین و بەبەرخودانەکەمان گۆشەگیرییەکە تێکدەشکێنین".

ر.م