بڕیاره ڕۆژی ١ی كانوونی یه‌كه‌م\١٠ی سه‌رماوه‌ز له شاری به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا به درووشمی «داوای ئازادی قه‌ده‌غه ناكرێت - تێكۆشانی هاوبه‌ش له دژی قانوونی پۆلیس، قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر په‌كه‌كه و نه‌ژادپه‌رستی» ڕێپێوانێكی گه‌وره ساز بكرێت و له هه‌موو هه‌رێمه‌كانی ئه‌ڵمانیاوه كوردستانیان و دۆستانیان به‌شداری تێدا بكه‌ن.
یه‌كێتیی ژنانی كورد له ئه‌ڵمانیا (YJK-E یه‌ژه‌كه-ئه‌ڵمانیا) له‌وباره‌یه‌وه بانگه‌وازێكی كرد و ڕایگه‌یاند، «ئه‌م چالاكییه ده‌بێته پلاتفۆڕمی كوردانی ئه‌ڵمانیا، هێزه ئینته‌رناسیۆنال، دیموكرات و فێمێنیسته‌كان و پێكه‌وه داوای ئازادی و دیموكراتی ده‌كه‌ن.»
یه‌ژه‌كه-ئه‌ڵمانیا سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر په‌كه‌كه له ئه‌ڵمانیا كه ٢٥ ساڵه به‌رده‌وامه و ڕایگه‌یاندووه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو فشاره‌كان تۆمه‌تباركردنه‌كان ده‌یان ساڵه تێكۆشانی ئازادیی كورد مارژیناڵ نه‌بووه.
«به‌پێچه‌وانه‌وه، پڕۆژه‌ی كۆنفیدرالیزمی دیموكراتیكی په‌كه‌كه و ڕێبه‌رایه‌تی سنووره‌كانی كوردستانی تێپه‌ڕاندووه، له ئه‌ڵمانیا له ئاستێكی به‌رفره‌واندا پشتگیری لێ كراوه و لایه‌نگری لێ كراوه. بێگومان سه‌رنجڕاكێشترین تایبه‌تمه‌ندی تێكۆشانی ئازادیی كورد و پارادیگمای كۆنفیدرالیزمی دیموكراتیك ئه‌وه‌یه كه ئازادیی ژنی كردووه ناوه‌ندیی خه‌بات.»
به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی یه‌ژه‌كه-ئه‌ڵمانیا بڕیاری به‌رده‌وامیدان به قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر په‌كه‌كه له ئه‌ڵمانیا و قانوونی پۆلیس كه ده‌یانه‌وێت تووندتر بكرێت و گه‌شه‌كردنی نه‌ژادپه‌رستی، ئه‌ڵمانیا له دیموكراتیبوون دوورده‌خاته‌وه و نزیك ده‌بێته‌وه له ستاندارده‌كانی توركیا.
یه‌كێتیی ژنانی كورد له ئه‌ڵمانیا داوای له ژنان، گه‌لی كورد، فێمێنیست و هێزه دیموكراتییه‌كان كرد كه دژی قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر په‌كه‌كه، قانوونی پۆلیس و گه‌شه‌كردنی نه‌ژادپه‌رستی به‌شداری له ڕێپێوانه‌كه بكه‌ن و داواشی له حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا كرد كه ده‌ست له سیاسه‌تی تاوانباركردنی كوردان به‌ردات.
s.m