یوجەل: لە ئەڵمانیا پێشوازیکردن لە ئەردۆغان لەلایەن مێرکلەوە "خیانەتە"

رۆژنامەنووس دەنیز یوجەل رایگەیاند، لە ئەڵمانیا پێشوازیکردن لە ئەردۆغان لەلایەن ئەنگێلا مێرکلەوە "خیانەتە".

دەنیز یوجەل پەیامنێری دی ڤێڵت لە شوباتی ٢٠١٧دا لە تورکیا دەستگیرکرابوو و لە ئەنجامدا لە سەوداێکدا لە نێوان حکومەتەکانى ئەڵمانیا و تورکیادا و لە دواى ساڵێک لە زیندانیکردنى لە شوباتی ئەمساڵدا ئازاد کرا.

یوجەل دوێنێ لە شاری پۆتسدامی ئەڵمانیا و لە مەراسیمى (M100)ی میدیای ئاوارتەدا خەڵاتى رۆژنامەنووسی ساڵی پێشبەخشرا. لەو مەراسیمەدا رایگەیاند، پێشوازیکردن لە ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا بە شێوەى فەرمی و مەراسیمى دەوڵەتى لەلایەن حکومەتى ئەڵمانیاوە بە "خیانەت" ناو برد و حکومەتى ئەڵمانیاش بە ئەنجامدانى "خیانەت" تۆمەتبار کرد.

یوجەل رەخنەی لە فرانک شتانمایەر سەرۆک کۆمارى ئەڵمانیا گرت و وتى "سەرۆک کۆمار لە رێورەسمى میری و دەوڵەتیدا پێشوازی لە تاوانبارێک دەکات".

چەند رووداوێکى وەک پەسەندکردنی کۆمەڵکوژیى ئەرمەنەکان بە جینۆساید لەلایەن پەرلەمانى ئەڵمانیاوە لە ساڵی ٢٠١٦ و پێشهاتەکانی دوای هەوڵی کودەتاکەى ١٥ی تەمووز لە تورکیا و رێگریکردن لە بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیا بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا، دەستگیرکردنى چەند هاووڵاتییەکى ئەڵمانی لەلایەن دەوڵەتى تورکیا و گواستنەوەى بەشێک لە هێزەکانى ئەڵمانیا لە بنکەى ئینجەرلیک، بوونە هۆی دروستبوونى کۆمەڵێک قەیران لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا.

بەڵام هاوکات ئەو دوو دەوڵەتە لە سەودای بەردوامدا بوون و لە سەوداێکى ئابووریدا تورکیا دەنیز یوجەلی لە زیندان ئازاد کرد. یوجەل دواى ئەوەى لە شوباتی ٢٠١٨دا ئازاد کرا رایگەیاند، سەوداێکى قێزەونى پێوەکراوە و ئەو سەودایە ئیدانەکرد.

هاوکات دەوڵەتى ئەڵمانیا بۆ لە دەستنەدانى بازاڕی تورکیا و برەودان بە فرەخوازییە ئابووری و سیاسییەکانى لە کاتى هێرشى داگیرکەریى تورکیا بۆ سەر عەفرین پشتیوانى لە تورکیا کرد و چەندین جۆر چەکى پێدا. هێرشی کردە سەر چەندین رێکخراو و دامەزراوەى کورد لە شارە جۆراجۆرەکانى ئەڵمانیدا و زۆربەیانى تاڵانکرد، ئاڵا و هێماکانى بزووتنەوەى ئازادیى کوردی لە باکوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵات قەدەغەکرد و ماوەیەک لەوە پیشیش بۆ سەوداێکى تر لەگەڵ ئەردۆغاندا رێگریى لە بەڕێوەچوونى ٢٦هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیى چاندی کورد کرد. ئەڵمانیا لە سیاسەتەکانى بە سەواکردن لەسەر کورد پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا رادەگرێت و لەو رێگەیەشەوە دەبێتە پشتیوانى سیاسەتە داگیرکەری و فاشیستییەکانى دەوڵەتى تورک لە دژى گەلی کورد و بزووتنەوەکەى.

ر.م